بەبۆنەی کۆچیدوایی ئەستێرە گەشەکەی بابانی شارەوە، هاوڕێی بەڕێزو خۆشەویستم مامۆستا (جەمال بابان)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-09-08     425

پوختەی ڕەچەڵەک و بنەماڵە

(عەزمی بەگی بابان)، یەکێ لە خاوەن زەویوزارە دەوڵەمەندەکانی شاری (سولەیمانی) بوو. (5) کوڕ و (4) کچی هەبوو، هەموو کوڕەکانیشی، خاوەن پلەوپایەی کۆمەڵایەتیی و دەسڕەنگین بوون. (عەبدولقادر بەگ)ی کوڕە گەورەکەی (عەزمی بەگ)، باوکی (جەمال بابان) بوو.

(جەمال عەبدولقادر عەزمی بەگ بابان)، ساڵی (1927) لە گەڕەکی (پیرمەسوور)ی شاری (سولەیمانی) لەدایکبووە و هەر بە (جەمال بابان)یش ناسراوە. بە ڕەچەڵەک لە نەوەی میرانی (بابان)ە و بە (5) پشت دەچێتەوە سەر (ئەوڕەحمان پاشای کوڕی مەحموود پاشای خالید پاشای بابان). دایکی ناوی (سەمەن ساڵح کاکەحەمە) بوو، کەیبانووی ماڵ بوو. تەنیا خوشکێکی هەبوو، ناوی (ناهیدە) بوو.

خوێندن

ساڵی (1933)، لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) لە پۆلی یەک وەرگیراوە. ساڵی (1936)، باوکی بەڕێوەبەری شارۆکەی (بەرزنجە) بوو. (جەمال بابان) لە پۆلی (2)ی سەرەتایی بوو، (مەلاعەبدوڵڵا – زیوەرە فەندی هۆنەر) وانەی پێ گوتووە.

ساڵی (1937)، باوکی بەڕێوەبەری شارۆکەی (عەربەت) بوو، (7) ساڵ لە ئەوێ ماوەتەوە. لەبەرئەوەی لە قوتابخانەی (عەربەت)، پۆلی سێی لێ نەبووە، (جەمال بابان) ناچاربووە، بگەڕێتەوە بۆ (سولەیمانیی) و لە ماڵی خزمێکی دایکی بژی، لە پۆلی سێش لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە)، درێژە بە خوێندنەکەی بدا. تا سەرەتایشی تەواوکردووە، هەر لە ئەو قوتابخانەیە بوو. بەڵام ساڵێ ماوەتەوە و لە (14) ساڵیدا، واتە ساڵی (1940-1941)، قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

ساڵی (1941)، لە قوتابخانەی ناوەندیی کوڕان لە گەڕەکی (مەڵکەندی) وەرگیراوە و لە پۆلی یەک خوێندوویەتی. ساڵی (1944) خوێندنی تەواوکردووە، چونکە پۆلی (3)ی بە دوو ساڵ بڕیوە. لە ئەو قۆناغەشدا، زۆر حەزی لە وەرزش کردووە و لە پێشبڕکێی بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی (سولەیمانی)، بەشدارییکردووە و دووەمبووە. ساڵی (1946) خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە.

ساڵی (1946) لە (بەغدا) لە کۆلێژی ماف وەرگیراوە و هەرچی چۆنێ بوو، ساڵی (1950) خوێندنی تەواوکردووە.

ڕۆژی (17. 4. 1952)، لە شارۆکەی (عەربەت) خێزانی پێکەوەناوە. هاوژینەکەی ناوی خاتوو (ناجیە)ی کچی (بەهادین عارف حیکمەت)ە، کەیبانووی ماڵە و خەڵکی (سولەیمانی)یە. کوڕێک (گۆران) و سێ کچ (سەیران، سۆزان و سۆسەن)یان هەیە.

 

ژیانی کولەمەرگیی و دەسکورتی  

لەگەڵ ئەوەشدا، کە لە شاری (سولەیمانی) و (بەغدا) خوێندوویەتی، کاریشیکردووە. لە پۆلی سێی ناوەندییەوە، دەسی بە ئیشکردن کردووە و بە شێوەیەکی کاتی، وەک فەرمانبەری (تەموین) لە شاری (سولیمانی) و ماوەیەکیش لە (تەوێڵە) دامەزراوە.

ئەو چەن ساڵەی لە (بەغدا)ش خوێندوویەتی، بە کولەمەرگی ژیاوە، چونکە دەسی کورتبووە و کەسوکارەکەشی، زۆر کەم یارمەتییانداوە. بۆیە کاتێ لە پۆلی یەکی کۆلێژی ماف بووە، لە وێزگەی ڕادیۆی بەغدا دامەزراوە. ماوەی (4) ساڵ لە بەشی کوردیی، هەفتانە بەرنامەی ئامادەکردووە، پێشکەشیکردووە و شتێکی کەمی وەرگرتووە.

هەروەها ساڵی (1946) لە فەرمانگەی پۆستی گشتی، مانگی بە (14) دینار دامەزراوە. گەر لە ئەو دوو شوێنە کاری نەکردایە، خوێندنەکەی بۆ تەواونەدەکرا، چونکە دەسیان کورتبووە.

 

تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی

مامۆستا (جەمال)، نەک هەر گەلێ پۆستی گرنگی، لە دەوڵەتدا پێ سپێرراوە، بەڵکوو نووسەرێکی دیاریشبووە، لەگەڵ ڕووناکبیر و نووسەران، لێپرسراوان و کەسایەتییەکانی سەردەمەکەی خۆیدا، وەک (قانع، ئەحمەد شوکری، نەجمەدین مەلا، شێخ سەلام، رەفیق حیلمی، مەلاموحەممەدی کوردیی، محەرەم موحەممەد ئەمین، جەمال شاڵی، نووری وەشتی ...) تێکەڵاویی پەیداکردووە.

هەروەها ساڵی (1959) لە (بەغدا)، دۆستایەتی لەگەڵ خوالێخۆشبوو (مەلامستەفای بارزانیی)دا هەبووە و داوای لێ کردووە، یارمەتی دوا سەرۆک شالیارانی عێراق (ئەحمەد موختار بابان) و هاوڕێکانی بدا، تا (عەبدولکەریم قاسم) لە سێدارەیان نەدا. ئەوەبوو، فرمانی لەسێدارەدانەکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوە. ماوەی (3) ساڵ بەندکران و پاشان بەرەڵابوون.

 

خولی کار و گەشتەکانی

مامۆستا (جەمال)، چەندین وڵاتی خۆرهەڵات و خۆراوا گەڕاوە. جگە لە ئەوەی، لە ماوەی کارکردنیشیدا لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، چەن خولێکی ڕاهێنانی لە دەرەوەی وڵات بینیوە. ساڵی (1956) نزیکەی دوو مانگ لە (لوبنان) بووە، بەشداری (خولی فەرمانبەرانی کارگێڕیی) کردووە. ساڵی (1962)، خولێکی (6) مانگیشی لە بواری پۆلیتێکنیکدا، لە هەردوو شاری (لەندەن) و (دبلن) بینیوە. هەروەها ساڵی (1972)، بۆ کارگەی درووستکردنی پێوەری ئاو لە (ئیتالیا) بانگهێشتکراوە، ماوەی (10) ڕۆژ ماوەتەوە و ئەوەی پێویستبووە، وەریگرتووە.

 

کاری ڕامیاریی

هەرچەندە مامۆستا (جەمال)، دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس)، ساڵی (1948) لە (بەغدا)، بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا کردوووە، بەڵام هەرگیز ئەندامی هیچ جۆرە پارتێکی کوردستانیی و عێراقیی نەبووە، چونکە حەزی لە کاری ڕامیاریی نەبووە. 

دوای ڕاپەڕینی گەلەکەمان، ڕۆژی (14. 1. 1991) سەردانی زێدەکەی کردووە. لە کۆچورەوەکەشدا، وەک هەموو خەڵکی شار، لەگەڵ خێزانەکەیدا هەڵاتوون و لە شارۆکەی (هەلەبجە)ی کۆن گیرساونەتەوە. پاشان ڕۆژی (6. 4. 1991)، بۆ (بەغدا) گەڕاونەتەوە.

دوای ئەوەی ساڵی (2003). ڕژێمی (بەعس) ڕوخاوە، بە یەکجاری بە ماڵەوە بۆ (سولەیمانی) گەڕاوەتەوە. ئیدی بە تەواویی جێگیربووە. ئێستەش ماوە و تەمەنی بەرەو (93) ساڵ دەڕوا.  

 

پۆست و کارەکانی

1. دوای ئەوەی کۆلێژی مافی تەواوکردووە، ساڵی (1950) ماوەی (4) مانگ لە هەولێر (ملاحیز ئیداری) بووە.

2. ساڵی (1951)، بەڕێوەبەری شارۆکەی (عەربەت) بووە. پێشتر خاڵی (ئەوڕەحمان ئاغای ئەحمەد پاشا)، باوکی (عەبدولقادر عەزمی بەگ بابان) و خەزووری (بەهادین عارف حیکمەت) و مامی (شەوکەت عەزمی بابان)، هەر لە هەمان شارۆکە بەڕێوەبەربوون. ماوەی ساڵێک و هەشت مانگ ماوەتەوە.

3. ڕۆژی (12. 8. 1952)، لە شارۆکەی (خورماڵ) دەسبەکاربووە، ماوەی ساڵێک و هەشت مانگ، لە ئەوێ ماوەتەوە. واتە لە نێوان ساڵی (1952-1954)دا، بەڕێوەبەری شارۆکەکە بووە.

4. لە مانگی نیسانی (1954)دا، لە شارۆکەی (قەرەداخ) دەسبەکاربووە، تا مانگی مارتی (1955) ماوەتەوە، پاشان بە پیلانێکی ناڕەوا دووریانخستووەتەوە.

5. ڕۆژی (12. 3. 1955) تا (21. 6. 1956)، بەڕێوەبەری شارۆکەی (میرزاڕۆستەم -  پشدەر) بووە.

6. ڕۆژی (4. 9. 1956) تا (18. 12. 1957)، بەڕێوەبەری شارۆکەی (کەندیناوا - دیبەگە) بووە.

7. ڕۆژی (21. 12. 1957) تا (1. 12. 1958)، بەڕێوەبەری شارۆکەی (حەریر) بووە.

8. ماوەیە لە (حەویجە)ش، تا (20. 12. 1958)، وەک بەڕێوەبەری شارۆکەکە کاریکردووە.

9. دوای کۆدەتاکەی (14. 7. 1958)، لە (بەغدا) پارێزەربووە.

10. (عەونی یوسف) ڕۆژی (13. 7. 1959)، لەسەر لیستی (پارتیی)، شالیاری (کارکردن و نیشتەجێکردن) بوو. داوای لە مامۆستا (جەمال) کردووە، وەک سکرتێری شالیارگە کاربکا. ئەویش پەسەندیکردووە. پاشان ناونیشانی کارەکەی بۆ (یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەلارسازیی گشتیی) گۆڕاوە.

11. ڕۆژی (8. 2. 1963)، یەکەمین کۆدەتای بەعسییەکان، دژی دەسەڵاتی (عەبدولکەریم قاسم) کراوە. مامۆستا (جەمال) نەک هەر لە کارەکەی دەرکراوە، بەڵکوو لە قوژبنی گرتووخانەش توندکراوە! ماوەی (100) ڕۆژ لە گرتووخانە ماوەتەوە، تەنیا هەر لەسەر ئەوەی کورد بووە، گیراوە!

12. کاتێ بەربووە، لە (بەغدا) دەسی بە کاری پارێزەری کردووە، ماوەی (3) ساڵی بەسەربردووە، تا (بەعس) کەوتووە. دوای ئەوەی (بەعس) دەسەڵاتی نەماوە، لە شالیارگەی (شارەوانی)، بە ناونیشانی (یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی) لە (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگە و پرددەکان) دامەزراوە.

13. پاشان شالیاری شارەوانی (ئیحسان شیرزاد)، داوای لێ کردووە، پۆستی (سەرۆکی شارەوانیی سولەیمانی) وەرگرێ و ئەویش پەسەندیکردووە. ڕۆژی (12. 8. 1967) تا مانگی مارتی (1969) کاریکردووە.

14. ساڵی (1969)، بە یەکجاری بۆ (بەغدا) گەڕاوەتەوە. ماوەیە کاری پارێزەریی کردووە.

15. ساڵی (1972)، ماوەیە بریکاری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی (بەغدا) بوو. 

16. دوای ئەوەی خانەنشینکراوە، لە ساڵی (1976) تا (1982)، پارێزەربووە.

 

کارە گرنگەکانی لە (سولەیمانی)

لە ئەو ماوەیەی، (سەرۆکی شارەوانیی سولەیمانی) بوو، گەلێ کاری گەورە و ڕاژەیەکی زۆری زێدەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە: سێ بازاڕی گەورەی درووستکردووە. ناوی بۆ (22) شەقام داناوە، بە ناوی پیاوە گەورەکانی شار و هۆنەرەکانەوە ناویناون، تا ئێستەش هەر ماون و چەسپیون، هۆنەرەکان وەک شەقامەکانی (سالم، مەولەوی، کاوە، گۆران، بێکەس، نالی، بێسارانی، زێوەر، مەحوی، حەمدی). ناوی گەڕەکەکانیشی گۆڕیوە و کردوویەتی بە (قەرەجاوا: خەبات، خانووەقووڕەکان: ئازادی، ئیسکان: ئەزمڕ، عەقاری: شۆڕش).

ناوی پیاوە گەورەکانیش، ئەمانە بوون: (شێخ مەحموودی حەفید، موحەممەد ئەمین زەکی بەگ، حاجی کاک ئەحمەدی شیخ، برایم پاشای بابان، حاجی مەلاعەلی، کەریمی عەلەک).

جگە لە ئەوەی، نێوبازاڕی شارەکەشی چیمەنتۆڕێژکردووە. هەروەها بۆ یەکەمین جار، گۆڤارێکیشی بە ناوی گۆڤاری (سولەیمانی)یەوە دەرکردووە و زمانحاڵی بەڕیوەبەرایەتی شارەوانی بووە. هەر لە سەردەمی ئەویشدا بڕیاردراوە، ئوتێلی (سولەیمانیی پەڵاس) درووستکرێ و زەوی بۆ دابینکردووە.

بەڵام بە داخەوە، هێندێ لە خەڵکی شارەکە، هێندە بەڕێز و زیرەک نەبوون، ڕیزی ئەم پیاوە گەورە دلسۆزە بگرن. بۆیە زۆر جار، قسەی خراپی بیستووەتەوە، تا وایان لێ کردووە، بە تەواویی بێزاربووە، لەبەرئەوە وازی لە کارەکەی هێناوە و بۆ شوێنەکەی خۆی لە (بەغدا) گەڕاوەتەوە.

 

کاری ڕۆشنبیریی و وێژەیی

1. ساڵی (1970)، بەشداریی لە دامەزراندنی یەکێتیی نوسەرانی کورددا کردووە و یەکەمین سەرۆکیش بووە.

2. ساڵی (1970)، دەزگەی کۆڕی زانیاریی کورد لە (بەغدا) دامەزراوە و لە ڕۆژی (26. 5. 1973)ەوە، (باوەڕپێکراوی گشتیی) کۆڕ بووە.

3. ڕۆژی (6. 9. 1972)، لە شالیارگەی نێوخۆ، مۆڵەتی دامەزراندنی یانەی (سەلاحەدین)ی کوردانی لە (بەغدا) وەرگرتووە، یانەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریی بوو. جێیەکی باشی بۆ دۆزیوەتەوە و ڕۆژی (24. 5. 1973)، یانەکە بە ئاهەنگێکی گەورەی گۆرانیی و هەڵپەڕکێ، لە (عەرەسات ئەلهیندیە) کراوەتەوە. ماوەیەکی زۆریش، سکرتێری یانەکە بووە.

کاتێ یانەی (سەلاحەدین)ی کوردیی لە (بەغدا) درووستبوو، خوالێخۆشبوو (عەلی کەمال) بە (3) جار، (270) هەزار دیناری ئەو سەردەمەی پێشکەشکردووە، بۆئەوەی یانەکە سەرپیی خۆی بکەوێ و سەرکەوێ!

4. ساڵی (1972)، دەزگەی چاپەمەنیی و بڵاوکردنەوەی کوردیی لە (بەغدا) دامەزراوە. ڕۆژی (17. 12. 1973)، داوایان لێ کردووە، وەک بەڕێوەبەری گشتیی کاریان لەگەڵ بکا. ئەو کاتە ڕۆژنامەی (هاوکاری) و گۆڤاری (بەیان) دەرچووە و مامۆستا سەرپەرشتیکردوون، تا لە (20. 5. 1975)دا وازیهێناوە.

5. ساڵی (1974-1976)، سەرنووسەری گۆڤاری (بەیان) بووە، لە ئەو ماوەیەدا، (21) ژمارەی لێ دەرکردووە.

6. ساڵی (2005) لە (سولەیمانی)، سەنتەری بابانی دامەزراندووە.

سەرنووسەری گۆڤاری (بابان) بووە.

 

من و (جەمال بابان)

گومانی تێدا نییە، بنەماڵەی بابانەکان، لە هەموو (کوردستان)دا ناسراون. مامۆستا (جەمال)یش، هەم بەهۆی بنەماڵەکەیەوە، هەم بەهۆی پۆستەکانی و هەم بەهۆی پێنووسە ڕەنگینەکەشییەوە، لە شاری (سولەیمانی) بە تایبەتی و باشووری (کوردستان) بە گشتی ناسراوە.

ئەز لە شەستەکاندا، بۆ یەکەمین جار، ناوی مامۆستا (جەمال)م بیست و هێندێ جاریش، لە بۆنەکاندا دەمبینی، چونکە ئەو کاتە سەرۆکی شارەوانی (سولەیمانی 1967-1969) بوو. بەڵام ئاشنایەتیم لەگەڵ مامۆستا (جەمال)دا، ساڵی (2009) پەیداکرد، کاتێ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم کرا، (شۆڕش ئیسماعیل) ئەندامی سەرکردایەتی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، داوای لێ کردم، وەک نووسەر و کەسایەتییەکی کوردپەروەری ناسراوی بێلایەن، لە کۆمیتەی (سولەیمانی) هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا بەشداریبکەم، تا ئاگام لە ڕەوتی هەلبژاردنەکە و چۆنێتی بەڕێوەجوونی بێ.

کۆمیتەکەش لە ئەم ناوانە پێکهاتبوو: (دوکتۆر غازی جوقڵ بەڕێوەبەری کۆمیتە، سەعید تایەر عەلی والی بەگ)، سەر بە (یەکێتیی) بوون، (دانا جەزا عەلی کاتب و شیخ مەحموود حەفید)، سەر بە (پارتیی) بوون. من و (جەمال بابان)یش، بێلایەن بووین.  

یەکەمین کۆبوونەوەمان، مانگی (7. 2019) لە (هەولێر)، لە سەرۆکایەتی هەریـم کرد. نوێنەری هەموو شارەکان هاتبوون و دوکتۆر (فوواد حوسێن) بەڕێوەیدەبرد. لە ئەو کۆبوونەوەیەدا، مامۆستا (جەمال)یش لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی (سولەیمانی)دا بەشدار بوو. شەو لە (هەولێر) ماینەوە و لەگەڵ برادەرانی کۆمیتەکەدا، لە ئوتێل بووین. ئیدی لەگەڵ مامۆستا (جەمال)دا پێکەوە دانیشتین و شەوێکی خۆشمان بەسەربرد.

کاتێ گەڕاینەوە. خانوویەکمان بەکرێ گرت، ڕۆژانە ئەندامانی کۆمیتەکە، لە ئەوێ کۆدەبووینەوە، کۆبوونەوەماندەکرد و پلانمان دادەنا، بۆئەوەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، کارەکانمان ڕاپەڕێنین. بەرەو گوندەکان بڕۆین، قسە لەگەڵ دانیشتووانەکانیاندا بکەین، تا دەنگ بۆ (مەسعوود بارزانیی) بدەن. من و مامۆستا (جەمال)، خۆمان لە ئەو کارە بەدوورگرت، ئیشەکەمان بەرەوڕووی (شیخ مەحموودی حەفید) کردەوە، چونکە لە لایەکەوە، ئێمە بێلایەن بووین. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو سەرۆک تیرە و هۆزەکانی نێوچەکانی دەناسی و گوێیان لێ دەگرت.  

ڕۆژانە بەیانیان زوو دەردەچووین و پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ دەگەڕاینەوە. بەڵام ڕۆژانی هەیینی پشووماندەدا. نزیکەی (2) مانگ، ئەم کارە بەردەوامبوو. ئیدی بە ئەو شێوەیە، هەمو ڕۆژێ مامۆستا (جەمال)م دەبینی و دەمەتەقێمان لەسەر زۆر بابەتی وێژەیی، ڕۆژنامەوانی، کۆمەڵایەتی، ڕامیاریی و نەتەوەیی دەکرد. چەن پەرتووکێکیشمان بەدیاریی، پێشکەش بە یەکدی کرد. تا وای لێ هات، گەر ڕۆژێ یەکدیمان نەبینیایە، تێلێفۆنمان بۆ یەکدی دەکرد و هەواڵی یەکدیمان دەپرسی.

لە ئەو ماوەیەدا، زۆر لە مامۆستا (جەمال) نزیکبوومەوە، بەشێوەیە کاتێ کارەکانیشمان تەواوبوو، درێژەمان بە دۆستایەتی نیوانمان دا، ئاگامان لە یەکدی بوو، سەرم لێ دەدا، هێندێ شەویش، پێکەوە دەچووینە دەرەوە، لە مەڵبەندی ڕۆشنبیریی زانکۆ دادەنیشین، خەموپەژارەمان بەبادەدا و قسەی خۆشمان دەکرد.

ڕۆژێکیان تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: سەرێکم لێ بدە، ئیشم پێتە. ماڵەکەیان لە کۆڵانەکەی، بەرانبەر نەخۆشخانەی (عەلی ناج)دا بوو، دوای ئەوەی لە (بەغدا) گەڕابووەوە، ئەو خانووەی بەکرێ گرتبوو. منیش کاتێ چووم، گوتی: لە تەلاری (عەبدوڵڵا شاڵی)، شوققەیەکم کڕیوە و دەگوێزمەوە. حەزدەکەم، ئەم مەکتەبە چکۆلانەیەت بۆ یادگار پێشکەشکەم. منیش زۆر سوپاسمکرد و حەزم نەکرد، دەس بە ڕوویەوە بنێم و لێم وەرگرت، تا ئێستەش هەر ماوە.

بەیانییەکی زوو، هات بۆ شوێنی ئیشکردنەکەمان، گوتی: لەسەر بنەماڵەی (بارزانیی)، وتارێکم بە عەرەبی نووسیوە، با بۆت بخوێنمەوە، بزانم، ڕای تۆ چییە؟!

دوای ئەوەی خوێندییەوە، گوتم: وتارێکی باشە، بەڵام بە ڕای من، باشتر وایە، بڵاوی نەکەیتەوە.

گوتی: بۆ؟

گوتم: ئێمە وەک دوو نووسەری بێلایەن، بەشداریمان لە ئەم کارەدا کردووە. ئەوە ئیشی ئێمە نییە، چونکە هەم خەڵک بە باشی نازانن و هەم دوژمنیان زۆرە، دوایی بە خراپترین شیوە وەڵامتدەدەنەوە. بەڵام ئەو بە قسەی نەکردم و وتارەکەی، لە یەکێ لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە. هەر دوای دوو ڕۆژ، خراپترین وتاریان لە لاپەڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە، لەسەر نووسی و بڵاوکردەوە. هات و زۆر بێ تاقەتبوو. گوتی: چی بکەم؟!

گوتم: تازە بڵاوتکردووەتەوە، هیچ مەکە و وەڵامیان مەدەرەوە، سەگیش بە مانگەشەو دەوەڕێ!

ئیدی بە ئەوە شێوەیە، وەک دوو دۆست و هاوڕێی نزیک، ڕۆژبەڕۆژ پێوەندی نێوانمان بەهیزتردەبوو، هەموو جارێ بەرهەمێکی نوێمان دەرچووبێ، هەر زوو پێشکەش بە یەکدیمان کردووە، یا گەر کارێکی گرنگی هەبووایە، تیلیفۆنی بۆ دەکردم و ڕای منی وەردەگرت. چونکە بنچینەی ئەو دۆستایەتیی و هاوڕییەتییە، بناغەیەکی پتەو و خاوێنێ هەبوو، تا ئەوڕۆش بە باشترین شیوە، هەر بەردەوامە، ‌هەرچەندە ئەو بە تەمەن، (23) ساڵ لە من گەورەترە!

بۆیە بڕیارمدا، چاوپێکەوتنێکی گشتیی، لەگەڵ بکەم، تا هەموو کار و چالاکییەکانی، لە وتارێکی گشتگردا کۆکەمەوە و پێشکەش بە خوێندەوارانی گەلەکەمی بکەم. ئەوەبوو، ڕۆژی (21. 6. 2019) دەسمانپێکرد. بەڵام بە ئەو تەمەنەوە نەیدەتوانی، ماوەیەکی زۆر لەگەڵم دانیشێ و ماندوودەبوو. لەبەرئەوە چاوپێکەوتنەکەمان، بە سێ جار تەواوکرد.

لە کۆتاییشدا دەڵێم: هیوادارام، تا لە ژیان دایە، لەشی ساغبێ و بە خۆشیی بژی، یەزدانی مەزن، نموونەی ئەم پیاوە بەڕێزە دڵسۆزە خوێندەوارە، لەنێو نەتەوەکەماندا زۆرکا!  

 

بەرهەمەکانی

ساڵی (1956)، دەسی بە نووسین کردووە. سەرەتا بە چیرۆک دەسیپێکردووە. تا ساڵی (1989)، پێنج چیرۆکی کورت و درێژی نووسیوە. یەکەمین بەرهەمیشی، چیرۆکی (خانزاد) بووە، باسی دابونەریتی دواکەوتووی کوردەواریی کردوووە.

پاشان، ڕۆژی (18. 10. 1957)، لافاوە گەورەکەی شاری (سولەیمانی) بووە، سەبارەت بە زیانەکانی ئەو لافاوە، چیرۆکی (پەڵەهەورێکی چڵکن)ی نووسیوە.

بە شێوەیەکی گشتی، نووسەر بە هەردوو زمانی کوردیی و عەرەبی، لە گەلێ بواردا ئەسپی خۆی تاوداوە. جگە لە وتارنووسین، گۆڤار دەرکردن و ساڵنامە بڵاوکردنەوە، (25) بەرهەمی بە زمانی کوردیی و (12) بەرهەمیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە. بەرهەمەکانیشی بەگوێرەی ساڵی بڵاوکردنەوەیان ئەمانەن:

   کوردییەکان

خانزاد، چیرۆکی درێژ، سولەیمانی، 1957.

پەڵەهەورێکی چڵکن، چیرۆکی درێژ، سولەیمانی، 1958.

سەیدکەڵەک، چیرۆکی کورت، سولەیمانی، 1969.

ترش و شیرینەکەی خاڵەرەجەب، سولەیمانی، 1969.

مامەیارە، چیرۆکی کورت، سولەیمانی، 1973.

لە خەوما، جەمیل صائب، پێشکەش و توێژینەوە، بەغداد، 1975. 

هەندێک لەو زاراوانەی واتایەک زیاتر دەبەخشن - مستل، بەغداد، 1975. 

هەندێک دادوەری بەناوبانگ لە مێژوودا، بەغداد، 1981.

مەلاحەمدون لە بێچاوێکی هەژارەوە بۆ بلیمەتێکی بەهرەدار، بغداد، 1984.

سلێمانی و هەندێک لە بەسەرهاتەکانی لە هۆنراوەی شاعیرەکانماندا، بەغداد. 1985.

نەخشەی شاری سلیمانی لە سەردەمی بابانەکاندا، بەغداد. 1987.

خەرەکەشکاوەکە، چیرۆکی کورت، سولەیمانی، 1989.

سلێمانی شارە گەشاوەکەم - 1، بەغداد، 1998.

سلێمانی شارە گەشاوەکەم - 2، بەغداد، 1998.

سلێمانی شارە گەشاوەکەم - 3، بەغداد، 2000.

قسەی نەستەقی پێشینان- جەمیل صائب و مستەفا صائب، سولەیمانی، 2001. 

سلێمانی شارە گەشاوەکەم - 4، بەغداد، 2002.

پەند و ئامۆژگاری عەبدول قادر قەزاز پێشکەش و ڕێکخستن و پیاچوونەوە، بەغداد، 2002.

یاداشتەکانم (ئەزموونەکانی ژیانم)، سولەیمانی، 2006.

گەشتێک بە ناخی تەمەندا، سلێمانی، 2007.

یاداشتنامەی ژیانم، سلێمانی، 2007.

گاڵتەوگەپ و دانسقەی کوردەواری، سولەیمانی، 2010.

بادینان، سۆران، بابان، لەجیاتی دهۆک.، بابان، لەجیاتی دهۆک، ئەربیل، سلێمانی، هەولیر، 2012.

بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی، ............. سولەیمانی،

بابان لە مێژوودا و گەورە پیاوانی بابان، سولەیمانی، 2018.

    عەرەبییەکان

اصول أسماء المدن و المواقع العراقية، بغداد، الجزء الاول، 1976.

السليمانية من نواحيها المختلفة القسم الاول – مستل،   1981. 

اصول أسماء المدن و المواقع العراقية، بغداد، مزيد و منقح، 1989.

نظرة الى تاريخ عشيرتى پشدەر و باجەلان، بەغداد، 1992.

بابان فی التاریخ و مشاهیر البابانیین، بغداد، 1993. 

مذكرات على كمال، بغداد، 2001.

اصول أسماء المدن و المواقع العراقية، بغداد، الجزء الثانى الخاص ببغداد و محلاتها، سليمانى، 2006.

اعلام کورد العراق بعد الربع الاول من قرن العشرین، سليمانى، 2006.

اعلام کورد العراق، الجزء الثانى، سليمانى، 2012.   

السليمانية و مرور مائتى عام على انشائها، 1984

واقع کرکوک، هەولێر، 2012.

اصول أسماء المدن و المواقع العراقية، بغداد، الجزء الثالث، بغداد، 2013.

 

دوا وشە

ئەم وتارە، چاوپێکەوتنێ بوو، ڕۆژی (21. 6. 2019) دەسمانپێکرد، بێ ئەوەی دەسکاریبکەم، ڕۆژی (10. 3. 2020)، لە پەرتووکی (21 کەسایەتی کورد) لاپەرە (301-313)دا بڵاومکردەوە. لێرەدا دەمەوێ، هێندێ وشە لە یادی مامۆستای خۆشەویستدا بنووسم.

هەرچەندە مامۆستا پەکیکەوتبوو، هەر لە ماڵەوە کاتی بەسەردەبرد و بەدەگمەن نەبێ، سەری دەرەوەی نەدەدا. بەڵام پێوەندیمان هەر بەردەوامبوو، جاروباریش سەرم لێ دەدا.

ئێوارەی ڕۆژی (31. 1. 2020)، لە ماڵی کاک (حەمەپێنجوێنی) بووم، تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: وەرە پێکەوە دەچینەدەرەوە.  ئەوە دوا چوونەدەرەوەمان بوو.

دوا جاریش سەرلەئێوارەی ڕۆژی (27. 2. 2023)، سەرم لێ دا و لەگەڵ خێزانەکەیدا پێکەوە دانیشتین، هێندێ قسمانکرد و چەن وێنەیەکیشمان گرت. یەکێ لە کچەکانی لێی پرسی: بابە دوکتۆر (حوسێن) دەناسی؟ گوتی: نەخیر. ئیدی تێگەیشتم، هیچی بیرنەماوە و بەتەواویی پەکیکەوتووە. ئەوە دواجاربوو، بیبینم، بەڵام بە تێلێفۆن هەواڵم دەپرسی و خاتوو (سەیران)ی کچی دەیگوت: باری تەندرووستی زۆر خراپە و هێ ئەوە نییە، سەریبدەی. بە داخەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (8. 9. 2023)، لە تەمەنی (96) ساڵیدا کۆچیدوایکرد. ڕەوانی شادبێ و جیی بەهەشتی بەرین بێ، یاد و یادگارەکانی هەر زیندووبێ.

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×