لە یادی کوڕی گەڕەک و هاوڕێی زانکۆم کاکە "سامان"  

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-01-26     412

کورتەیەکی مێژووی ژیان

کوڕوکاڵانی بنەماڵەی "عومەر چاوەش" بەگشتی، یەکێ لە بنەماڵە ناسراوەکانی شاری "سولەیمانی" و بەتایبەتی گەڕەکی "شێخان" بوون. ڕۆژی (11. 4. 1950)، مناڵێکی ژیکەڵەی سوور و سپی، لە گەڕەکی (شێخان) و شاری (سولەیمانی)، لە کۆشی خێزانێکی ناسراوی بەڕێزی شارەکەدا لەدایکبوو. ناویان نا (سامان)، ئەویش هەر لە دامێنی خاوێنی پڕ سۆزی، ئەم بنەماڵە بەڕێزەدا، پەروەردەکرا و گەورەبوو.

باوکی خۆلێخۆشبوو، ناوی "موحەممەد سدیق عومەر چاوەش" و دایکیشی ناوی خاتوو "ئەختەری تایەرە سوور" بوو. خوالێخۆشبوو دوو برا "ئاسۆ و سامی"، دوو خوشک "دڵنیا و سامیە"ی هەبوو. باوکی بەڕێوەبەری خەزێنەی ژووری بازرگانی بوو. دایکیشی خاتوونی ماڵ بوو.

(سامان) ساڵی (1975-1976)، کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی (سولەیمانی) تەواوکردووە. دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ، ڕاژەی سەربازیکرد و تەواوبوو، لە فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری "سولەیمانی" لە "بازیان"، بە ئەندازیاری کشتوکاڵ دامەزراوە. ڕۆژی "10. 9. 1978"، لەگەڵ خاتوو "گوڵبەندی ئەحەڕەشی مەلابرایم"، خێزانی پێکهێناوە، تا ئەو ڕۆژەی چاویشی لێکناوە، هەر پێکەوەبوون و بەخۆشی ژیاون. لە ئەنجامیشدا دوو کچیان بوو، "رەند 1983" و "ڕەز 1987"، هەردووکیشیان خوێندنیان تەواوکردووە، خێزانیان پێکهێناوە و لە فەرمانگەکانی میری کاردەکەن.

 

نەخۆشی و ماڵاوایی

ساڵی "1987"، وردەوردە هەستی بە نەخۆشی کردووە. بەرەبەرە ئازارەکە قاچەکانی گرتووەتەوە، تا وای لێ کردووە، ڕۆژی "2. 10. 2011"، بە تەواوی لە قاچ کەوتووە و تا کۆچیدوایشیکردووە، هەڵنەساوەتەوە. واتە "36"ساڵ نەخۆشبووە و "12"ساڵیش، بە نەخۆشی لەسەرجێ کەوتووە، بێ ئەوەی بتوانێ، لەجێی خۆی هەستێ. هەرچەندە زۆر هەوڵیشیداوە و ساڵی "2012"، سەری لە وڵاتی "ئەڵمان" داوە، بەڵام هەر پشکنینیان بۆ کردووە و نەشتەرگەرییان بۆ نەکردووە، ئەویش هیچ کەڵکێکی نەبووە. ئیدی وای لێهاتووە، نەیتوانیوە، هەستێ و هاتوچۆبکا، بەڵکوو هەر لەسەرجێ کەوتووە.

بە داخەوە، کاکە (سامان) تووشی دەردێ بووبوو، دەرمانی نەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، قارەمانێ بوو، ڕۆژێ لە ڕۆژان، گوێم لێ نەبوو، نرکەی بێ، هاوارکا یا بگری. تا ڕۆژی شەممەی ڕێککەوتی (16. 12. 2023) کاژێری (15: 16)ی پاشنیوەڕۆ، زۆر بە داخەوە، لە نەخۆشخانەی "فارووق"، بە تەواوی چاوی لێکنا و گیانی پاکیشی، بە یەزدانی مەزن سپارد.

 

پێوەندی خێزانەکە

لێرەدا زۆر بە پێویستی دەزانم، باسێکی پێوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرە بەڕێزە خۆشەویستە بکەم. هەڵبەتە خوای گەورە، کاکە (سامان)ی زۆر خۆشویستووە، هاوسەرێکی وەک خاتوو (گوڵبەند)ی لەچارەنووسیوە. چونکە ئەوەتەی نەخۆشە، بە هەموو شێوەیە ڕاژەیکردووە، هەرچەندە ماندووبووە، بەڵام ڕۆژێ لە ڕۆژان، هاواری لێ هەڵنەستاوە، دەنگی بەرزنەکردووەتەوە و ناڕەزایی دەرنەبڕیوە. بۆیە دەڵێم: مەگەر هەر هاوسەرە بەڕێزەکەی توانیبێتی، هەمیشە بە ئەو شێوەیە، دەوری چۆڵ نەکردبێ و ئاگای لێی بووبێ، بە دڵ و بە گیانیش ڕاژەیکردبێ. بە کورتی: هەم خۆی و هەم هاوسەرەکەشی، لە دوو خێزانی ناسراوی بنەماڵەی شارەکە بوون. دووانەیەک بوون، خوا پێکی گەیاندبوون و هەر بۆ یەکدی باشبوون، وەک بە سکێ لەدایکبووبن، وابوون!  

 

بیرەوەری

هەرچەندە من و کاکە (سامان)، لە یەک گەڕەکدا بووین و یەکدیمان ناسیوە، بەڵام ساڵی (1971-1972)، لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی (سولەیمانی)، ماوەی "4" ساڵ پێکەوە خوێندوومانە، پێوەندییەکی زۆر باش و خاوێنمان هەبوو. ئیدی لە ئەو کاتەوە، بەتەواوی تێکەڵبووین و هاوڕێیەتیشمان، هەر بەردەوامبوو، تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کردووە.

کاتێ تووشی ئەو نەخۆشییە نەگریسە بوو، لە ماڵەوە کەوت، وا ڕاهاتبووم، بەگوێرەی کات و توانا، هەفتەی جارێ یا بە دوو هەفتە جارێ، سەری لێ بدەم. لەگەڵی دادەنیشتم، بە قسەی خۆش و پێکەنین، کەمێ لە کڵافەی ژان و ئازارەکانیم دەڕەواندەوە.

هەرچەندە ئاگام لە هەموو ئازار و ناخۆشییەکی بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ژانە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، گوێم لێ نەبوو، بنرکێنێ، هاوراکا یا بگری. بەپێچەوانەوە، زۆر بە ڕوویەکی خۆشەوە، پێشوازی لە میوانەکان دەکرد. کاتێ گوێی لە قسەیەکی خۆشیش دەبوو، بە زەردەخەنەیەکی جوان، لێوەکانی دەڕازاندەوە. چونکە خۆی مرۆڤێکی ڕووخۆش و ڕەوشت بەرزبوو، هەمیشە ماڵەکەی بە خزم و هاوڕێکانی جمەیدەهات، سەردانیاندەکرد و ئەویش زۆر بە جوانی، پێشوازی لێ دەکردن.

سەیر ئەوەیە، سەرەڕای ئەو هەموو دەرد و ئازارەش، هێشا وەک کوردپەروەرێکی نەتەوەیی دڵسۆز، هەمیشە لە خەمی گەلەکەی و چارەنووسی ئەم ئەزموونەی هەرێمی "کوردستان"دا بوو، بەشێوەیەکی بەردەوامیش، گوێی لە دەنگوباس و هەواڵەکان دەگرت، ئاگای لە هەموو ڕووداوەکان بوو.

پێم وایە، هیچ گەنجێ لە ئەو تەمەنەدا، چەن بەهێز و بە توانابێ، هێندەی ئەو پیاوە، خۆڕاگر و بەهێز نەبووە و نابێ، ئەو هەموو ساڵە لەسەر جێ بکەوێ، هێندە ورەی بەرز و خۆڕاگربێ، هاوارنەکا، تووڕەنەبێ، قسەی سارد و سووک بە کەس نەڵێ. ئاخر بە خۆرایی، لە ڕۆژنامەی " Old World News"دا، سەبارەت بە ورەی کاکە "سامان"، ئەو چەن دێڕە نەنووسراوە. ناونیشانی نووسینەکەش ئەمەیە: (لەوانەیە "سامان"، ئەم شەڕە بدۆڕینێ، بەڵام خۆی بەدەستەوە نادا و جەنگەکە نادۆرینێ.) واتە هێندە ورەی بەرز و مرۆڤێکی پۆڵایین بووە.

ڕۆژی (2. 11. 2021)، دوای نێوەڕۆبوو، سەرم لێ دان. خاتوو (گوڵبەند)ی هاوسەری نەخۆشبوو، چوو بۆ لای پزیشک، من لای مامەوە. کاکە (سامان) ڕوویتێکردم و گوتی: زۆر ئازارم هەیە، ئەمە ژیان نییە، من هەمە، حەزدەکەم بمرم. منیش هەر تەماشام دەکرد و لێێ ورددەبوومەوە، بەڵام هیچ وەڵامم نەدایەوە و بێ دەنگبووم.

هەڵبەتە کەس حەزناکا، بمرێ. بەڵام پێم وایە، مرۆڤ چەن ساڵێ بە گەنجیی و جوانی، بە خۆشیی و سەربەرزی، بە تەندرووست و بێ گرفت بژی، زۆر لە ئەوە باشترە، سەد ساڵ بە داماویی و نەخۆشی بژی. چونکە جگە لە ئەوەی، خۆی لە ژیانی خۆی بێزار دەبێ، کەسەکانی و دەوروبەرەکەشی حەزدەکەن، زوو لەدەس ئەو ژیانە پڕ لە ئازار و ناخۆشە ڕزگاریبێ! 

ئاخر، دوای ئەوەی دێوی مەرگ، خۆشەویستێکمان لێ دەفڕێنێ، تەنیا هەر ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە، نزای خێری بۆ بکەین، لەگەڵ یادگار و بیرەوەرییەکانیدا بژین! بۆیە دەڵێم: ئەوڕۆ (26. 1. 2024)، چلەی هاوڕێی خۆشەویستم کاکە (سامان)ە، یەزدانی مەزن، گیانی پاکی بە بەهەشتی بەرین شادکا، یاد و یادگارەکانیشی، لای کەسوکار و هاوڕێ خۆشەویستەکانی، هەمیشە زیندووبێ.

* * *

تێبینی:

ئەم وێنەیە، ڕۆژی (6. 1. 2019)، لە ماڵی خوالێخۆشبوو گیراوە و کاتێ لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەم چەن وشەیەی بۆ نووسیوە: (ئەم شەو هاوڕێ و برای خۆشەویست، دوکتۆر "حوسێن عەزیز" سەردانیکردم، زۆر بەخێربێ، تۆزێ لە ئازارەکانمی کەمکردەوە.)

لە وەڵامدا بۆم نووسیوە: سڵاو ... دەستەکانت خۆشبێ، منیش ئەو سەردانەم، هەم بە ئەرکی سەرشانم زانی، هەم زۆریشم پێ خۆشبوو ... لەگەڵ ڕێزمدا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×