یەکگرتووی ئیسلامیی و کێشەی کورد - 1

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-08-01     514

چەن وشەیەک ...

پێم وایە، پێوەندیی ئایینیی نێوان نەتەوەی کورد و هێزە ڕامیاریی و دەسەڵاتدارەکانی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) بە گشتیی و (فلەستین) بە تایبەتی، هێندە گرنگ نییە. چونکە گەر کوردیش بایەخی پێ بدا، ئەوا نەتەوەکانی فارس، توورک و عەرەب، بە هیچ شێوەیە، بایەخی پێ نادەن. لەبەرئەوەی ئەوان، لە ئەو ئاستە بەرزە مرۆیی، وێژدانیی، دادپەروەریی و ڕووناکبیرییەدا نین، وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو و دابەشکراو، لە کێشە گرنگ و ڕەواکەی نەتەوەی کورد بڕوانن، بەڵکوو ئەوەتەی لە نێوچەکدا دەسەڵاتدارن، لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرستیی، شۆڤێنیی، مەزنخوازیی و بیری قرچۆکی نەتەوەپەرستییەوە، لە کێشەی کورد دەڕوانن، لەسەر خاکی مێژوویی خۆمان، بە میوانمان دەزانن!

بەڵام ئایینی ئیسلام، وەک دێوجامەیەکی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردێنن، هەست و هۆشی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی پێ ڕاودەکەن. هەر هێندەش کوردیان دەوێ، وەک جاشبیرە ئیسلامییەکانی (کوردستان)، داکۆکیی لە نیشتمانی ئەو نەتەوانە و ئایینی ئیسلام بکەن، دژی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی نەتەوەکەی خۆیان بن. ئەگینا، هەرگیز مافی ئازادیی و سەربەخۆیی، بە نەتەوەی کورد ڕەوانابینن!

لەبەرئەوە دەبێ، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان) بە گشتیی و باشووری وڵات بە تایبەتی، گوێ لە بانگەواز و داواکاریی، پارتە ئیسلامییەکانی (کوردستان) نەگرن، جیاوازیی لە نێوان کاری ڕامیاریی و نەتەوەیی، لەگەڵ کاری ئایینیی و خواپەرستیدا بکەن.

پێوەندیی نێوان توورکیا و ئیسرایل

جگە لە ئەوەی (توورکیا)، هەر لە ڕۆژی (14. 2. 1952)ەوە، ئەندامێکی کارای بلۆکی سەربازیی (ناتۆ)یە و ڕیزبەندییەکەشی، لە کۆی ئەندامانی بلۆکەکە، (14)یەمین دەوڵەتە. هەروەها زۆر لە مێژیشە، پێوەندیی بە دەوڵەتی (ئیسرایل)ەوە هەیە، یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامییش بوو، ساڵی (1949)، دانی بەسەربەخۆیی (ئیسرایل)دا نا.

لەبەرئەوە هەر لە کۆنەوە، (توورکیا) وەک دەوڵەتێکی ئیسلامیی، یەکێ لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل) بووە و ئێستەش، لە هەموو کاتێ پتر، پێوەندییەکی باشی ڕامیاریی، ئابووریی و گەشتوگوزارییان هەیە.

بۆیە (تووركیا) و (ئیسرایل) لە نێوچەکەدا، وەک دوو دۆستی ستراتیژیی وان، پێوه‌ندییه‌كی مێژوویی، ئابووریی و ڕامیاریی کۆیاندەکاتەوە. تەنانەت ئه‌م پێوەندییەش، له‌ سه‌رده‌می فەرمانڕەوایی پارته‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌و سیکیۆلارەکانی (تووركیا)دا، هەر هەبووە و ئێستەش هەر بەردەوامە. چونکە (ئۆ‌ردووگان) کە بە ڕەچەڵەک جوویەکی (گورجی)یە، له‌ ساڵی (2008)ەوە، پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی ئابووریی هاوبه‌شی، له‌گه‌ڵ (ئیسرایل)دا مۆرکردووە. هەروەها (تووركیا)، پێوەندییەکی بازرگانیی گەورەی بەهیزیشی، له‌گه‌ڵ (ئیسرایل)دا هه‌یه، تەنانەت ساڵی (2020)، بڕه‌کەی (6.4) ملیار دۆلار بوو. بە ئەو شێوەیەش، ئێستە (تووركیا) لەسەر ‌ئاستی جیهان، بە (6)‌مین دەوڵەتی هاوبەشی بازرگانیی (ئیسرائیل) دەژمێررێ‌. له‌ ڕووی گه‌شتیارییشه‌وه‌، پێوه‌ندیی نێوان هەردوو دەوڵەت، ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە.

بۆیە بە پاگه‌نده‌ی (ئۆ‌ردووگان) نابێ، گوایە پشتیوانیی گەلی (فله‌ستین)‌ دەکا. بەڵکوو بە ئەم کارەی، تەنیا هەر دەیەوێ، هەست و سۆزی گەلانی مسوڵمان، بە لای خۆیدا راکێشێ! چونکە نه (‌تووركیا) و نە (ئۆ‌ردووگان)یش، بە هیچ شێوەیە، دۆستێکی ڕاستەقینەی گەلی عەرەبی (فلەستین) نین، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامییە، عەرەب و موسوڵمانەکانی دیکە بە گشتیی، ئیسلامی ڕامیاریی بە تایبەتی، قڕوقەپیان لێ کردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×