پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای سولەیمانی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-11     675

بەشی چوارەم و کۆتایی


خۆشەویستیی نیشتمان!
وەک چۆن، حەوزی پانوبەرینی زەریاکان، لە تنۆکەتنۆکەی بارانی ئاسمان پێکهاتوون، خۆشەویستیی (کوردستان)یش، لە خۆشەویستیی ماڵ، کۆڵان، گەڕەک، گوند و شارەکانەوە دەسپێدەکا. بێچووە مەلی خۆشەویستیی جیهانیش، لە گەرای خۆشەویستیی دایکی نیشتمانەوە سەردەجوقێنێ. چونکە هەر کەسێ، شارەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، تۆوی خۆشەویستیی نیشتمانەکەی، لە ئینجانەی دڵ و دەروونیدا بڕوێنێ. هەر کەسێ، نیشتمانەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، پەریی ڕازاوەی بووکی ئەندێشەی جیهان، لە جۆلانەی دڵە ساواکەی خۆیدا ڕاژێنێ!
ئەوەتەی شاری (سولەیمانیی) درووستکراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومبووە. بەڵام هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان، چاوی ڕۆڵەکانی نەنووستووە، گەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەربووە. بۆیە نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕنەوە و بە پێوە بمرێ!
مێژووی کورد، لە مێژووی زەریایە خوێن دەچێ، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە جەستەی نەتەوەی کورد دەچۆڕێ! ئەو نەتەوەیەی ستەم و زۆرداری داگیرکەرانی نیشتمانەکەی بیرچێتەوە، دیارە، بیرەوەریی نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا کوێربووتەوە! لەبەرئەوە، هەمیشە تووشی ئازار و ئەشکەنجەی دیکە دەبێ، پێش ناکەوێ و زۆر باش ناژی. بۆیە نابێ، هیچمان بیرچێتەوە! چونکە هەر نەتەوەیەک، مێژووی خۆی بە باشیی نەزانێ، ڕەگوڕیشەی خۆی ناناسێ و نازانێ، لە کوێوە هاتووە، نازانێ، چ جۆرە ڕۆڵێکی کاریگەر و باش، لەنێو کۆمەڵگەی مرۆدا ببینێ!

ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ساڵ!
گەر ڕۆژەکانی ساڵ، (365) ڕۆژ بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم: بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیر و دابەشکراوی ژێردەسی چەوساوەی وەک کورد، پتر لە (80%)ی، لە کۆمەڵێ ڕۆژی ڕەش، سوور، ناخۆش، دەردیسەریی، چەوساندنەوە، ڕاونان، گرتن، کوشتنوبڕێن، وێرانکاریی، کاولکردن، تاڵانکردن، جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی خوێناویی پێکهاتووە. چونکە شەوی مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی شەوی نەتەوەی کورد تەماویی و لێڵ، تاریکونووتەک نەبووە و نییە. هێندە دوورودرێژ نەبووە و نییە، هێندەش لە خوێن و فرمێسک هەڵ نەکێشراوە!
بەڵێ، نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە، ئەوا پتر لە (2700) ساڵ دەبێ، هەر کەسێ هاتووە، پەلاماریداوە، خاکەکەی داگیرکردووە، کوشتوویەتی و بڕیوێتی، دەسی بۆ ئابڕووی کیژ و ژنانی درێژکردووە، سەروەت و سامانەکەی تاڵانکردووە، گوند و شارەکانی ژێروژوورکردووە، ڕاویانناوە و ڕایانگواستووە، هەر تێهەڵدراو و سەروگوێ شکاوبووە، هەر لانک بە کۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ستەمی لێ کراوە و بە هەموو شێوەیە چەوسێنراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەدا، چەن کوردزمانێکی بێ فەڕ و خۆفرۆشی تێدا هەڵکەوتووە، ئابڕووی خۆی و نیشتمانەکەی، بە داگیرکەران فرۆشتووە!
کەچی بە ئەو شێوەیە و بە ئەو ڕەنگەش، کورد هەر ماوە و نەتواوەتەوە، زمان و کەلتووری خۆی پاراستووە،، وەک سرێش، بە خاکی زید و نیشتمانەکەی خۆیەوە نووساوە. ئاخر گەر وا نەبووایە، چ مانگێ لە مانگەکانی ساڵ، لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورددا، لە چاو هەواڵی ناخۆش و جەگبڕدا، هەواڵێکی خۆش و گەشی تێدا دەبینرێ؟!! یەکێ لە ئەو ڕۆژە سەخت و خوێناوییانەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)ی، بەردەرکی سەرای شارە زیندووەکەمانە!

زیانی ڕاپەڕینەکە
سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، سەرچاوەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە. بۆ نموونە: بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکان بێ، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، بەگوێرەی جۆری ڕۆژنامەکان گۆڕاون. وەک ڕۆژنامەی (ئەلزەمان) نووسیوێتی: (ئەنگاوتە، لە پۆلیس تا گەیشتنی سەربازەکان، "10" پۆلیس برینداربوون. "9"یان بە بەرد و تێڵا و یەکێکیشیان بە خەنجەر. "153" پەنجەرەی سەرا و "18" گڵۆپی جادەکە شکاون. لە سوپای عێراق "1" سەرباز کوژراوە و "2"یش برینداربوون. یەکێکیان بە بەرد. لە ئەهالی "3" کوژراو و "23" بریندار)
هەروەها بەگوێرەی ڕۆژنامەی (بەغداد تایمس)یش بێ، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، ("13" کەس، کە یەکێکیان سەربازێکی عێراقییە و "35" بریندار کە "4"یان سەرباز و "9"شیان پۆلیسن.)
(مەحموود ئەلدوڕە) نووسیوێتی: ('14" کوژراو و "23" بریندار لە شاریی و "11" کوژراو و "3" برینداریش لە پۆلیس بووە.)
بەڵام بەپێی گێرانەوەکەی (نەوشیرون مستەفا) بێ، نووسسیوێتی: (بەپێی بڵاڤۆکی فەرمیی میریی ... و بە قسەی خەڵک، نزیکەی "60" کەس کوژراوە و چەن کەسێ برینداربووون.)
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ، جیاوازییەکی زۆر، لە نێوان سەرچاوەکاندا هەیە. چونکە ژمارەکان وەک یەک نین و هیچ سەرچاوەیەکیش، بە تەواویی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی نەنووسیوە. بۆ نموونە: یەکێ لە ئەو ڕەوانشادە کوردانەش، (عەولەسیس) بووە.

عەولەسیس کێیە؟!
(عەبدولمحێدین مەلابراهیم 1901-1930)، ناسراو بە (عەولەسیسی قارەمان)، باووباپیرانی، یەکێ لە بنەماڵە ڕەسەنەکانی شاری (سولەیمای) بوون. مامی کاک (تۆفیقی حەلواچی) و خاڵی دایکی خوالێخۆشبوو (شەوکەتی عەزیز بەگ)ی دەرمانسازە.
(عەولەسیس)، یەکێ لە خۆپیشاندەرە چالاکە قارەمانەکانی ڕاپەڕینەکەی، بەردەرکی سەرای شاری (سولەیمانیی)، ڕۆژی ڕەشی (6. 9. 1930) بوو. ئەم کوڕە کوردە مەردە، هێندە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی بەهیزبوو، لە ڕاپەڕینەکەدا، پەلاماری سەربازێکی تاوانباری دەوڵەتی داگیرکەری (بریتانیا)ی دا و بە خەنجەر کوشتی. لە ئەنجامدا خۆشی لە تەمەنی (29) ساڵیدا ڕەوانشادکرا ... ئیستە لەنێو نەتەوەی کورددا، بە سیمبۆڵی بەرگریی و قارەمانی ڕاپەڕنەکە دەژمێررێ.
(ژیر)ی هۆنەر، لە هۆنراوەی (عەولەسیسەی قارەمان)دا، بە شێوەیەکی زۆر جوان، ڕەوتی ڕووداوەکانی بۆ گێڕاوینەتەوە. وەک کورتە چیرۆکێکی ڕیاڵبینانە، باسێکی جوانی مەردایەتیی و قارەمانێتی، خۆپیشاندەرانی کوردی بۆ کردووین، چۆن دەسەوخەنجەر، پەلاماری هێزەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) و (بریتانیا)یان داوە. ئازایەتیی و قارەمانێتی کوردیشی، لە لاوێکی تێکۆشەری وەک (عەولەسیس)دا بەرجەستەکردووە، وەک نموونەیەکی خەبات و قوربانییەکانی کوردیش، پێشکەشیکردووین. بۆیە لە سێیەمین کۆپلەی هۆنراوەکەدا گوتوویەتی:
لەم شوێنە پڕ مەترسەدا
لەم کاتە تووش و ترسەدا
سێ لاوی ئازای قارەمان
وەکوو شێری نەڕی مەیدان
دەست بە خەنجەری ڕووتەوە
بەدەم (با بژی کورد)ەوە
بەرەو شەستتیر تەکانئەدەن
دڕ بە هێزی ئەوان ئەدەن
ئەی داخ! ئەوا دووانیان کوژرا!
تەنیا (عەولەسیسە) ئەڕوا
دەی، قوربانی کوڕ بم (عەول)
ئەوەی تاوانی وا لە مل
ماوەی نەدەی، نەوەکوو دەرچێ
ئەم خوێنە زۆرەی تیابچێ
بژی(عەول)، ئەوا گەیشت
دەستم شکێ، ئەویشیان کوشت!
ئای بەسزمان، (عەول)ی کلۆڵ
خوێنی گەش، تێکەڵ بوو بە خۆڵ
نەخێر، (عەول) هەڵسایەوە
 دیسان تەوژمیدایەوە
نیشتە سەر مەترەلۆزتەقێن
جەستەی کردە خەڵتانیخوێن
وەی بە قوربانی دەستت بم
فیدای باوەڕ و هەستت بم
مردن، هەردوو بەسەریەکا
تەقە و کوشتار نامە و وەستا  

کۆتایی و ئەنجام
زۆر جار، بیرم کردووەتەوە و گوتوومە: ئایا ئەو ڕاپەڕینە، بۆ ڕوویداوە؟! هۆ سەرەکییەکانی چی بووە؟! چۆن دەسیپێکردووە؟ کێ بەرپایکردووە؟! پاشان، سەرەتا هێندێ خاڵم ڕیزکردووە، لە هەر بەشێکیشیان وردبوومەتەوە، پێم وابووە:
1. کارێکی هەڕەمەکیی و کتوپڕیی بووە.
2. لە ئەنجامی ئەو هەموو زۆرداریی و چەوساندنەوە نەتەوەییەوە ڕوویداوە، کە بە درێژایی (67) ساڵی تەمەنی دیلێتیی و ژێردەسیی ئیمپراتۆریای توورکە (عوسمانیی)ەکان و ماوەی (12) ساڵی گەشبینیی و ڕەشبینیی، هیوا و چاوەڕوانیی، بڕیار و پەیماننامە، چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی، هەردوو دەوڵەتی (بریتانیا) و (عێراق)ەوە سەریهەڵداوە.
3. تەنیا هەر وەک کاردانەوەیەکی، پەیماننامەکەی ڕۆژی (30. 6. 1930)ی، نێوان (بریتانیا) و (عێراق) بووە.
4. لە ئەنجامی تێکشکانی شۆڕشەکانی (شێخ مەحموود)، نائومیدیی و بە ئاکام نەگەیشتنەوە تەقیووەتەوە.
5. کۆمەڵانی خەڵک ویستوویانە، ڕێی بەرگریی شارستانیانە و ئاشتییانە تاقیکەنەوە. هەر لە ئەم ڕێیەشەوە، هەم چارەسەری کێشەی نەتەوەیی  و ڕامیاریی کورد بکەن. هەم بە (شێخ) و دوژمنانی داگیرکەریش بڵێن: ئێمە لەمەودوا، خەباتی چەکداریی ناکەین و ئەو خەباتەی کراش، هەڵەبوو!
پاشان، پتر بیرم لێ کردووەتەوە و بە ئەم ئەنجامە گەیشتووم: هەموو ئەم خاڵانە، پێکەوە کۆبوونەتەوە و پۆنگیانخواردووەتەوە، بۆیە لە ئەو ڕۆژەدا، بە تەواویی تەقیوەتەوە. ئینجا هەر بە ئەو شێوەیە، ڕەنگە ڕاستیم پێکابێ!
بەڵام لە ئەنجامی خوێندنەوە و ئەزموونەکانی خەباتی ڕۆژانەی گەلەکەمدا، خاڵێکی گەلێ گرنگم بۆ ڕوونبووەوە: هەموو ئەو ڕووداو و ڕاپەڕینانەی، لە مێژووی نەتەوەی کورددا ڕوویانداوە، وەک چەن ئەڵقەیەکی پێکەوە گریدراوی، زنجیرەیەکی درێژ وان، هەر یەکەیان ئەوی دیکەیان تەواودەکەن.
کەواتە، ئەو ڕاپەڕینە مەزن و مێژووییە خوێناوییەی ڕۆژی (6. 9. 1930)، لەبەردەرکی سەرای (سولەیمانیی) بەرپابوو، هەر هەمان ڕاپەڕینی نوێی ڕۆژی (7. 3 . 1991)ی گەلەکەمانە، بەڵام لە سەردەمێکی دیکەی مێژوویی جیاواز و بە شێوەیەکی دیکە، خۆی دووبارەکردووەتەوە، چونکە تەنیا هەر لە بەردەکی سەرا و تاکە شارێکدا نەبووە، بەڵکوو سەرانسەری (باشووری کوردستان)ی گرتووەتەوە، لەبەرئەوە هۆ و ئامانجەکانی هەردوو ڕاپەڕینەکە، هەر هەمان هۆ و ئامانجن و هیچیشیان لێ نەگۆڕاوە!  
بۆیە هەردوو ڕاپەڕینەکە، لە ئەنجامی ئەو هەموو پەیماننامە و بەڵێننامە درۆیانەی، داگیرکەرانی (کوردستان)ەوە هاتوون، کە لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی ڕامیاریی و سەربازیی گەلی کورددا، دانیانپێداناوە و واژۆیانکردووە، بەڵام تەنیا چاوبەستکردنبووە و جێبەجێیان نەکردووە!
هەروەها، هەردوو ڕاپەڕینەکە، لە ئەنجامی ئەو هەموو جۆرە چەوساندنەوە و تێکشکاندنە نەتەوەیی و ڕامیارییەی کوردەوە بەرپابوون، کە گەلی کورد لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا تووشیبووە و بەدەسییەوە ناڵاندوویەتی. لەبەرئەوە هەر هەلێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتبێ، قۆستوویەتییەوە و لە دوژمنی داگیرکەری بیانی ڕاپەڕیوە!   
 ئەوڕۆ (91) ساڵی ڕێک، بەسەر ئەو ڕاپەڕینە نەتەوەییەدا تێپەڕدەبێ. لە ئەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕیز و نەوازش، بۆ ڕەوانشاد و زیانلێکەوتووانی شارەکەم دادەنەوێنم ...

11. 9. 2021


تێبینی:ساڵی (2003)، سەبارەت بە ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شارەکەم، لە دووتوێی (120) لاپەرەدا، پەرتووکی (پەیماننامەیەکی ڕەش و ڕۆژێکی سوور)م چاپ و بڵاوکردەوە. کۆڵینەوەیەکی نوێ بوو، وەڵامی هێندێ بیر و بۆچوونی هەڵەم دایەوە، ڕووناکبیر و خوێنەوارانی کوردیش، بە شێوەیەکی باش پێشوازییان لێ کرد!

   بۆ نووسینی ئەم بابەتە، کەڵک لە ئەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
     کوردییەکان
احمد خواجە، چیم دی، بەرگی 3، چاپخانەی ڕاپەڕین، سلیمانی، 1972.
پیرەمێردی نەمر، دیوان، لە بڵاوکراوەکانی ئینتیشاراتی محەمدەی، سەقز، 1993.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، پەیماننامەیەکی ڕەش وڕۆژێکی سوور، چاپی1، چاپخانە ئەزمەڕ، سولەیمانی، 2003، ل121.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، شەکرە شارەکەم سولەیمانی، چاپی1، چاپخانە شڤان، سولەیمانی، 2003، ل151. 5
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، یاقووت و زمرووتی کوردیی، نەتەویی و نیشتمانیی، بەرگی 5، سولەیمانی، 2015، ل 310
قانع، ژیان و شیعرەکانی، بورهان قانع کۆیکردووتەوە، چاپی 8، 2012، ل 404
کامیل ژیر، کوردایەتی، چاپی1، چاپخانەی نەجاح، بەغدا، 1960، ل 51 - 55
محەمەد روسوڵ هاوار، شێخ مەحموودی قارەمان و دەولەتەکی خوارووی کوردستان، بەرگی 2، لەندەن، 1991.
نەوشیروان مستەفا ئەمین، کوردستانی عێراق سەردەمی قەلەم و مراجەعات 1928-1931، چاپ 1، چاپخانەی ئۆفیست دەزگەی سەردەم، سلێمانی، 1999.
   عەرەبییەکان
10. عبدالرزاق الحسنی، تاریخ العراق السیاسی الحدیث، الجزء 1.
11. عبدالرزاق الحسنی، تاریخ العراق السیاسی الحدیث، الطبعه2، الجزء 3، لوبنان، 1957.
12. ماجد عبدالرضا، المسالة الكردية فى العراق، بغداد، 1970.    
13. محمود الدرە، القضية الكردية، الطبعة الثانية الموسعة، بیروت، 1966. 
14. معروف جیاوک، ماساة بارزان المظلومةو بغدادز 1954.
15. معرکة اوباريك، سنة 1931، صفحات الانترنيت


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×