تەنانەت هەموو نەوتی (عێراق)یش، فریای (سەددام حوسێن) نەکەوت!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-06-21   

(دیک چێنی Dick Cheney)، لە نێوان ساڵانی (2001 - 2009)، چلوشەشەمین جێگری سەرۆکی ئەمێریکا (جۆرج دەبليو بوش (George W. Bush، لەگەڵ (تاریق عەزیز 1936 - 2015)، نزیکترین ڕاوێژکاری دیکتاتۆر (سەددام حوسێن) و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شالیارانی (عێراق)، چەن نامەیەکی نهێنییان، لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕکرد. ئەم نامانەش، بۆ یەکەمین جار بڵاودەکرێتەوە.


(تاریق عەزیز) بە فرمانی دیکتاتۆر (سەددام حوسێن)، چەندین نامەی بۆ (دیک چێنی) نووسیوە. بەڵام تا ئێستە، تەنیا هەر دوو نامەی بڵاوکراوەتەوە. یەکەمین نامە ڕۆژی (20. 3. 2003) و دووەمین نامەش ڕۆژی (4. 4. 2003) ناردووە. (دیک چێنی)یش وەڵامی یەکەمین نامەی ڕۆژی (27. 3. 2003) و دووەمین نامەش ڕۆژی (9. 4. 2003) داوەتەوە.
لێرەدا دەبینین، هەردوو نامەکە و وەڵامەکانیشیان، چەن ڕۆژی پێش لێدانی (عێراق) ئاڵوگۆڕکراون. زۆر پیدەچێ، (سەددام) هەستیپێکردبێ، جەنگەکە بەڕێوەیە، بۆیە نێوەڕۆکی هەردوو نامەکە، پتر خۆی لە ئەوەدا دەبینێ، (سەددام) ویستوویەتی، بە هەر نرخێ بێ، (ئەمێریکا) قایلکا، لە (عێراق) نەدا. لەبەرئەوە لە یەکەمین نامەدا، (تاریق عەزیز) پێشنیازیکردووە، گەر (سەددام) لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا واز لە نەوتی (عێراق) دێنین بۆ (ئەمێریکا)، دواییش پێوەندییەکی نوێی دیپلۆماسیی دەسپێدەکەینەوە، بەڵام (ئەمێریکا) قایل نەبووە!
ئەوەی بەلای منەوە، لە ئەو دوو نامەیەدا زۆر گرنگە، ئەوەیە: (دیک چێنی) لە وەڵامی یەکەمین نامەدا، باسی نەبوونی ئازادیی و کوشتنوبڕینی هاوڵاتیانی (عێراق) کردووە. بەڵام لە دووەمین نامەی (تاریق عەزیز)دا، چەن بابەتێکی پڕوپووچی ڕیزکردووە و سەبارەت بە کێشەی گەلی کوردیش نووسیوێتی: (هاوڕێ کوردەکانتان، ئەوانەی نێوچەیەکی دژەفڕینتان بۆ دابینکردوون، "عێراق"تان لە سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندیی بەسەریاندا بێبەشکردووە و ئەوانیش، بەسەر چەن خێڵێکی ڕکەبەردا دابەشبوون. ئەوان، بە پێچەوانەی ئەوەوەن، کە ئێوە بیریان لێ دەکەنەوە، چونکە سویدیی و نەرویژیی نین، تا حەزیان لە دیمۆکراسیی بێ. ئەوان تاهەتایە، لە نێوان خۆیاندا ململانیدەکەن، ملکەچیی و دلسۆزیی خۆشیان، بۆ دەوڵەتەکانی نێوچەکە دەردەبڕن، مێژووەکەشیان تەنیا ئەمە نەبێ، هیچ شتێکی دیکەی تێدا نییە!) هەرچەندە (تاریق عەزیز)، دوژمنێکی سەرسەختی گەلی کورد و مافەڕەواکانی بوو، بەڵام خوا هەڵناگرێ، پارتەکانی لەمەڕ خۆمانی باش ناسیوە!
(دیک چێنی) لە سەرەتای دووەمین وەڵامی نامەکەیدا نووسیوێتی: (ئەمە دوا جارە، بۆت دەنووسم، چونکە لە ئەو بڕوایەدام، بە هیچ شێوەیە، هیچ شتێ نییە، کۆمانکاتەوە. هەروەها هیچ شتێکیش نییە، قسەی لە بارەوە بکەین.) 
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی (موقع درج اللبنانی)شدا نووسراوە: هەر هێندە (تاریق عەزیز)، وەڵامی دووەمین نامەکەی (دیک چێنی) خویندەوە، فڕۆکەکانی (ئەمێریکا)، بە ئاسمانی (بەغدا)دا دەسوڕانەوە، بە بۆمبا و ڕاکێت، هێندێ شوێنی شارەکەیان داگرتەوە، (تاریق)یش بە پەلە، بەرەو ژێرزەمینی کۆشکێکی دیاریکراو هەڵات، ئیدی جەنگ دەسیپێکرد!
2021. 6. 21 

 


سەرچاوە: سومر نیوز، موقع درج اللبنانی، تقریر، الثلاثاء، 24. 4. 2018


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×