(شێخ) نەبوو، سەلکەگوێرەکە بوو!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-05-19   

مەزارگەکەی (شێخ ئەبوسریع)، لە نێوچە شاخاوییەکانی (عەین ئەلسوفنە)ی پارێزگەی (بەنی سوەیس)ی (میسر)دا بوو. ماوەی (40) ساڵ بوو، ئەو مەزارگەیە، جێی بایەخ و ڕێزی ڕۆڵەکانی تیرە و هۆزە بەدووەکانی ئەو نێوچەیە بوو. سەردانیاندەکرد، نیاز و ڕازی دڵی خۆیان دەردەبڕی، دەپاڕانەوە، پارەیان بۆ دادەنا، چاوەڕێیاندەکرد، خێر و فەڕیان بەسەردا ببارێنێ و پێویستییەکانیان بۆ دابینکا. پاشان لەپڕ حەپەسان و واقیانوڕما، بەهۆش خۆیاندا هاتنەوە. چونکە ئەوەی چاوەڕێیان نەدەکرد، یا ئەوەی لە بیر و هۆشیاندا نەبوو، بە چاوی خۆیان بینیان!  

ئاخر ئەو ماڵ و سامانەی موسوڵمانە سەردانکەرەکان، پێشکەش بە مەزارەگەکەی (شێخ ئەبوسریع)یان دەکرد، لە سندووقێکدا کۆدەکرایەوە و هەڵدەگیرا، کە سندووقی (نەزر)یان پێ دەگوت، ساڵانە بە میلیۆن جنیهی میسریی دەخەمڵێنرا. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا چی بەسەردێ؟!!

لەبەر ئەو هۆیە، جیاوازیی و ناکۆکیی، لە نێوان دوو هۆز لە هۆزە گەورەکانی نێوچەکەدا سەریهەڵدا. ئەویش لەسەر ئەوەبوو، کامیان مافی ڕەوای خۆیەتی، پتر بایەخ بە مەزارەگەکە بدا و پارەکە کۆکاتەوە. ئەو ناکۆکییەش، بە بەرەوڕووبوونەوە و پێکدادان کۆتاییهات. لەبەرئەوە هەردوو هۆزەکە، پەنایان بۆ دانیشتنێکی هێمنانەی فراوان برد، تا کۆتایی بە ئەو ناکۆکییە بێنن. ئەنجامی دانیشتنەکەش ئەوەبوو، بڕیاریاندا، مەزارەگەکەی (شێخ)، بۆ شوێنێکی دیکە بگوێزنەوە، بە مەرجێ لە هەردوو هۆزەکەوە، وەک یەک دووربێ!

بەڵام کاتێ سەری گۆڕەکەی (شێخ)یان هەڵدایەوە، تا ئێسکوپرووسکەکەی دەربێنن و بیگوێزنەوە، هەموو ئامادەبووان سەریان سووڕما. چونکە ئێسکوپرووسکەکەی، (شێخ)ی تێدا نەبوو، بەڵکوو سەرەگوێرەکەیەکی تێدابوو! بۆیە هەر لە ئەو کاتەوە، ڕاستیی ئەفسانەکەی (شێخ ئەبوسریع) پووچبووەوە، کە سەبارەت بە فەڕی (شێخ)، نەوە دوای نەوە، بۆیان هۆنیبووەوە، چیرۆک و سەرگوزشتەی سەیریان بۆ هەڵبەستبوو!

لەبەرئەوە مەزارەکەی (شێخ)یان ڕووخاند و تێکیاندا، بەشەکانیشی پەرشوبڵاوبوونەوە، ئەوەی مایەوە، تەنیا هەر بیری پڕوپووچی کوێرانەی چەوت و نەزانین بوو. کە ماوەی (40) ساڵ بوو، دەسی بەسەر بیر و هۆشی، خەڵکی ئەو نێوچەیەدا گرتبوو.

* * *

لە کۆتاییدا منیش دەڵێم: ئاخۆ کەی بێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان، کوردە موسوڵمانە ساویلکەکان، واز لە سەردانی گۆڕی مردووکان بێنن، دەردی دڵی خۆیان هەڵڕێژن، بە دەم نزا و تکاوە بپاڕێنەوە، خوا لە گوناهەکانیان خۆشبێ و مەرامەکانیان لە ژیاندا بەدیبێنێ! 

 

سەرچاوە: الشيخ ابو سريع طلع داخل قبره راس عجل، ڤیدۆیەکی دێکۆمێنتاریی، خوێندنەوەی رەحاب سەلاح.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×