چیرۆکی مارو بۆق‌و لەقلەق

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-10-28     668

لە کەنار ئاوێک، کۆمەڵێ مار و بۆق و لەقلەق، پێکەوە دەژیان. مارەکان بۆقەکانیان دەخوارد. بەڵام وردەوردە، بۆقەکان لە ئەو کارە بێزاربوون. لەبەرئەوە لە ترسی مارەکان، پەنایان بۆ لەقلەقەکان برد و شکاتیان لێ کردن .لەقلەقەکانیش قایلبوون، یارمەتی بۆقەکان بدەن، بەشێ لە مارەکانیان خوارد و بەشەکەی دیکشیان هەڵاتن و پەرتەوازەبوون.

ئیدی مارەکان لە ئەو شوێنە کەمبوونەوە و زۆری نەبرد، مار نەما، تا لەقلەقەکان بیانخۆن و بە برسێتی نەمێننەوە، بۆیە لەناچاریدا، دەسیان بە خواردنی بۆقەکانیش کرد.

ئەم ڕەوشە نوێیەش، دووبەرەکییەکی گەورەی، لەنێو بۆقەکاندا درووستکرد. هێندێکیان لە بێدەسڵاتیی و لە ترساندا، لایەنی لەقلەقەکانیان دەگرت و بەشەکەی ديکەشیان، داوای گەڕانەوەی مارەکانیان دەکرد. لە ئەنجامیشدا مارەکان گەڕانەوە، ئەم جارە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ لەقلەقەکان، مارەکان بۆقەکانیان دەخوارد.

ئیدی بە ئەو شێوەیە، ڕۆژگار هات و ڕۆی، بۆقەکان لەسەر ئەو ڕەوشە خراپە ڕاهاتن و لە ناچاریشدا، بڕوایان هێنا، کە خوا ئەوانى بۆ خواردن درووستکردووە. بەڵام تەنيا یەک کێشەیان مابوو، ئەویش ئەوەبوو، بەتەواویی نەیاندەزانى، دۆستەکانیان دەیانخۆن، یا دوژمنان لەنێویاندەبەن!

 

کورد و پەندی مێژوویی

پەندی ئەم چیرۆکە ئەوەیە، برسێتی هەموو شتێکی لێ دەکەوێتەوە. خاوەن دەسەڵات و هێزەکان، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، گوێ بە هیچ جۆرە هەست و هۆشێکی مرۆیی، پرنسیپێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی نادەن و بەزەییان بە هیچ زیندەوەرێکدا نایەتەوە. ئەوەی دوێنێ دۆستی بووە و زیانی پێ نەگەیاندووە، کە لێی قەوما، زیان بە ئەویش دەگەیەنێ.

وەک لە چیرۆکەکەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە، لەقلەقەکان لە مار و بۆقەکان، بە توانا و بەهێزتر بوون، زۆر زۆرداریش بوون، گوێیان بە هیچ شتێ نەداوە، تەنیا هەر بۆئەوەی سکی خۆیان تێرکەن. بۆیە سەرەتا لەقلەقەکان مارەکانیان خواردووە، چونکە خواردنێکی خۆش و بەتام بووە، بە هی خۆشیان زانیوە. پاشان کاتێ مارەکان بەرەو کزی و نەمان ڕۆشتوون، دەسیان بە خواردنی بۆقەکانیش کردووە. واتە هەم مارە دوژمنەکان و هەم بۆقە دۆستاکانیشیان لەنیوبردووە.

گەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم کورتە چیرۆکەدا، بەراوردێکی سەرپێی ڕەوشی ئەوڕۆی باشووری (کوردستان) بکەین، زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ، ئەوا نزیکەی (60) ساڵ دەبێ، (پارتیی) وەک لەقلەقەکان وایە، چونکە گوێ ناداتێ، کەی ویستیی و پیویستی پێی بوو، لە یەک کاتدا هەم مار و هەم بۆقیش دەخوا. (یەکێتیی)ش وەک مارەکان وایە، هێندەی دەسەڵاتی هەبێ و بۆی بلوێ، تەنیا هەر بۆقەکان دەخوا.

کەواتە هەردوو پارتی گەورە و دەسەڵاتدار (پارتیی) و (یەکێتیی)، هەمان ڕۆڵی حاجی لەقلەقەکانیان بینیوە و دەبینن، هەم دەیانەوێ و ویستوویانە، یەکدی لەنێوبەرن، هەم پەلاماری ڕێکخراو و پارتە چکۆلانەکانیشیان داوە. چونکە بۆقەکان وەک گەلی کوردی بێدەسەڵات و مار و لەقلەقەکانیش، وەک دەسەڵاتداران وان.

 

 
سەرچاوە: عبید زاکانی، لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕراوە، گۆگڵ، Facebook، ناحیەی هەڵشۆ، 12. 5. 2018.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×