ئایین و زانست

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-06-11     144

هەر لە کۆنەوە، ناکۆکی و ململانێیەکی گەورە، لەنێوان ئایین و زانست، کەلتووری کۆن و نوێ، بیری پێشکەوتوو و دواکەوتوو،  لە زۆربەی هەرە زۆری، ساڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و لەنێو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە تایبەتی هەبووە.

بەڵام ئەم ناکۆکی و ململانێیە، بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکانی، مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی گۆڕاوە، بە تایبەتی لە ئەو ڕۆژەوە، پارتە ئیسلامییەکان دامەزراون و لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا بڵاوبوونەتەوە، بە دەیان کادێری تازەپێگەیشتوو، بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە، لەنێو پارتە ئیسلامییەکاندا، سەریان لە هێلکە جوقاوە و کاردەکەن، بە دەیان ڕێنمای و بڕیار دەردەکەن، زۆر قوڵتر و مەترسیدارتر بووەتەوە. چونکە ناکۆکی و ململانێکە، لەنێوان بیری کۆن و نوێ، ئایدۆلۆژیای پەڕگیر و ئاشتیخوازانەدا، لە لووتکەی تێپەڕاندووە. گەر ڕۆڵەکانی گەل، بە شێوەیەکی هێمنانە و زانستانە، بیر لە ئاییندەی گەلەکەیان نەکەنەوە و لە مەترسییەکانی تێ نەگەن، ئەوا زۆر قورستر و پڕ لە گیروگرفتر دەبێ. بۆ نموونە:

گەر پیاوێکی بیرمەند، فەیلەسوف، کۆمەڵناس، هۆنەر و نووسەرێکی گەورەی موسوڵمانی فارسی وەک (عەلی شەریعەتی 1933-1977) نەبووایە، لە سەردەمە جیاوازەکانی (ئێران)دا، ڕۆڵەکانی گەلانی ئێرانی، بە هۆی بیری ورد و تیژی نوێی شارستانییەتی مرۆڤایەتییەوە، هوشیار نەکردایەتەوە، بیری (النباهه و الاستحمار ــ بێداری و گێلکردن)ى بڵاونەکردایەتەوە، ئەوڕۆ (ئێران) بە دواکەوتووترین، دەوڵەتی ئیسلامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەژمێررا.

بەڵام زۆر بە داخەوە، لە ئەم سەردەمەدا، لەنێو نەتەوەی کورددا، پیاوێکی وا زیرەک، دڵسۆز و ڕووناکبیر هەڵ نەکەتووە، تا بە تیشکی بیری پرشنگداری خۆی، ڕێگەی ڕاستی بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی ڕووناککاتەوە، جیاوازی لەنێوان زانست و ئایین، بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئایینیدا بکا، بۆئەوەی چی دیکە، کادێر و بانگخوازەکانی ئەم سەردەمەی نەتەوەکەمان، بە ناوی ئایین و ڕێبازە جیاوازەکانی ئایینەوە، کۆمەڵانی خەڵک چەواشە نەکەن و لە خشتەیان نەبەن، پێش ئەوەی خۆیان بە کورد بزانن، خۆیان بە موسوڵمان بزانن، دۆستایەتییەکی کلکایەتی، لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران) ببەستن، هیچ جۆرە بایەخێکیش، بە باری بندەستی و چەوساندنەوەی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد نەدەن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×