موچە و گرفتی هاوڵاتیان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-07-02     65

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

 

تا ئێستە سەبارەت بە گرفتی موچە، دوو بابەتم بڵاوکردووەتەوە.

بابەتی یەکەم: موچە و ناڕەزایی

ڕۆژی (20. 4. 2023)، واتە (2) ساڵ لەمەوبەر، ئەم نووسینەم لە فەیسبووکدا بڵاوکردووەتەوە. ئەوڕۆش بە پێوستی دەزانم، جارێکی دیکەش بڵاویکەمەوە.

ئەم بەڵگەنامەیەی، ڕۆژى ( 29ی ڕەمەزانى 1316ک- 10. 2. 1899ز.)، واتە (126) ساڵ لەمەوبەر دەرچووە، باسی دواکەوتنی موچە و ناڕەزایی مووچەخۆران دەکا. لێرەدا، هێندەی پێوەندی بە بابەتەکە و ڕووداوەکانی ئەوڕۆوە هەبێ، زۆر بە کوورتی، دەقی بەڵگەنامەکە بڵاودەکەمەوە.

 (لە قەزاى گوڵعەنبەرى سنجەقى پۆلیسى ئاسایش، هێرشیانکردووەتە سەر فەرمانگەى میری و موتەسەریفیەت. هێندێ کارى ناشیاویان کردووە. سولەیمانى، سەربازى شاهانە موچەى مانگى ڕەمەزانیان وەرنەگرتووە. بۆیە هێرشیانکردووەتە سەر بنکەى پۆلیس و قایمقام.
لە سولەیمانیش ئێستە لە ئەنجوومەنى کارگێڕى سولەیمانييەوە، بە تەلەگراف بڕیاروەرگیراوە، کە موچەى مانگى ڕەمەزان و جەژنیان بدرێتێ .... *)
حەمدى، یاریدەدەرى والى موسڵ


ئەنجام

لەبەر ڕۆشنایی ئەم بەڵگەنامەیەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، هەر لە کۆنەوە (کوردستان) بە گشتی و پارێزگەی (سولەیماني) بە تایبەتی، لەگەڵ دەسەڵاتی کۆن و نوێدا، کێشەی موچەی هەبووبێ، بۆیە ئەوڕۆش زۆر بە زەقی ڕەنگیداوەتەوە!
هەڵبەتە گەر وا نەبێ، هۆنەرێکی گەورەی وەک (پیرەمێرد)ی نەمر، سەبارەت بە برسیکردنی ڕۆڵەکانی گەل نەیدەگوت:

بۆ خواردنە، خەڵک وا هاواردەکا
هەر برسێتی، کە پیاو هاردەکا «ب5، 623»

یا هۆنەری چەوساوەکانی گەل «قانع»، سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و برسێتی، زۆر بە ڕاشکاوی، ڕەخنەی لە دەسەڵات و لێپرسراوانی کورد نەدەگرت و نەیدەگوت:

بێ تەمەشاکە براکەم، کردەوە و ڕەفتاری کورد
جا سەری خۆت باش لە قوڕنێ، بۆ دڵەی خەمباری کورد
چۆن نەناڵی دڵ لە داخا، چۆن نەگریە چاو بە خوێن؟
چۆن نەبرژێ دڵ، بە دەردی گەرمی بێ تیماری کورد؟
چوویتە سەر کورسی براکەم، کوردی چی و نیشتمانی چی؟
خۆت بە خۆشی و خۆش بژی، مەنوارە بۆ زاماری کورد «ب5، 677»

 

سەرچاوە: بابان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا (1812-1927)، زانکۆی جیهان، خانەی بەڵگە، سلێمانی. لە کاک (بیلال موحەممەد کەریم)ەوە وەرگیراوە.



بابەتی دووم: موچە و دەسەڵات

ڕۆژی (7. 9. 2024)، سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وتاری (دەسەڵات و موچە)م، لە لاپەڕەکانی فەیسبووک و (ئاوێنە)دا بڵاوکردەوە. ئەوڕۆش بە پێوستی دەزانم، لەگەڵ وتارێکی دیکەی نوێدا، جارێکی دیکە بڵاویکەمەوە.

ئایا میری هەرێم، تا ئیستە چەن موچەی هاوڵاتیان قەرزارە؟!
لە نێوان ساڵانی (2015-2024)، گرفتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سەریهەڵداوە. واتە ماوەی (10) ساڵ دەبێ، ئەم دەسەڵاتە بێ بەزەیی و بێ سەرەوبەرەی هەریم نەیتوانیوە، ئەو کێشە گرنگە چارەسەرکا، بەڵکوو ڕۆڵەکانی گەلی کوردی بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی ڕوتاندووەتەوە. دەمێ بە ناوی بێ پارەی و دەمێکیش، بە ناوی پاشەکەوتەوە، کاسە ڕەقە بێسەروبەرەکەی هەلی کارکردن، کەموکوڕی دەسەڵاتەکەیان، لە سەری موچەخۆرانی هەرێمدا شکاندووە. هێندێ جار، چەن مانگێ موچەیان نەداوە، هێندێ جاری دیکەش، پچڕپچڕ و بە پاشەکەوتەوە موچەیان داوە. با بزانین، لە ئەو ساڵانەوە تا ئێستە، چەن موچەیان حەپەلووشکردووە و چەندیشیان، بە کەموکوڕی دابەشکردووە.

ساڵی (2015) گرفتە گەورەکە دەسیپێکردووە و تەنیا هەشت جار موچەیان داوە و (4) موچەشیان خواردووە.
ساڵی (2016)، سیستێمی پاشەکەوتیان داهێناوە و (12) مانگ موچەیان داوە.
ساڵی (2017)، بە پاشەکەوت (11) موچە دراوە و یەک موچەش خوراوە.
ساڵی (2018)، هەروەک ساڵی (2017) وابووە.
ساڵی (2019)، هەموو ساڵەکە موچە وەک خۆی دراوە.
ساڵی (2020)، دیسانەوە گرفتەکە سەریهەڵداوەتەوە، هەشت موچە خوراوە و (4) موچەش بە پاشەکەوت دراوە.
ساڵی (2021)، موچە نیوەبەنیوە بووە، (6) موچە بە پاشەکەوت و (6) موچەش نەدراوە.
ساڵی (2022)، هەمووی وەک خۆی دراوە.
ساڵی (2023)، دیسان گۆڕاوەتەوە، (9) موچە دراوە و (3) موچەش نەدراوە.
ساڵی (2024)، تا مانگی (11)، هەمووی وەک خۆی دراوە. بەڵام موچەی مانگی (12) خوراوە.
واتە لە ئەم ماوەیەدا (2015-2023)، بە ئەم شێوەیە بووە:
) 52) موچە بەتەواویی دراوە.
(44) موچە بە پاشەکەوت بووە.
(24) موچەش بەتەواویی خوراوە و تا ئێستەش، هیچ دیار نییە و سەری تێدا چووە.
جا با هەر موچەخۆرێ، حسابی موچەکەی خۆی بکا، تا بزانێ، لە ئەو ماوەیەدا، چەن موچەی وەرگرتووە و چەن موچەشی وەرنەگرتووە، واتە چەن میلیۆن دیناری لەکیسچووە. ئەویش جگە لە پارەی پاشەکەوت، بە ئەوە دەبێ: ئەوەی بە تەواوی نەدراوە (23 x موچەکەی خۆی بکا). بۆ نموونە: گەر یەکێ موچەکەی (1) میلیۆن دینار بێ، ئەوا (23) میلیۆن دیناری لەکیسچووە.

 

تێبینی: موچەی ساڵی (2025)، تا ئێستە (4) موچە دراوە و (2) موچەش لە قوڕگی (بەغدا) دایە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×