نووسەر و مامستای زانکۆ
گەر کەمێ لە مێژووی خەبــــاتی ئەم «62» ساڵەی نێوان «1958-2020»ی باشووری «کوردستان» وردبینەوە، بە سەر چەن قۆناغێکی مێژووییدا دابەشیکەین و بە چاوێکی بێلایەنانە هەڵیسەنگێنین، ئەوا زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوه.
قۆناغی یەکەم « 1958-1961 »
لە ئەم قۆناغەدا، لە چــــــــــاو قۆناغی نێوان ساڵانی پێشووی «1925-1958»، هێندێ گۆڕانکاری گرنگ، لە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاری «کوردستان»دا ڕوویداوە. چونکە دوای کۆدەتاکەی ڕۆژی «14. 7. 1958»، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی «عێراق»، بە شێوەیەکی فەرمی، دانیان بە هێندێ لە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا ناوە. بۆ نموونە:
1. لە دەستووردا نووسیویانە: کورد و عەرەب لە کۆمـــاری «عێراق»دا هاوبەشن.
2. مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان، بە «پارتی دێمۆکراتی کوردستان» داوە.
3. ڕێیان بە سەرۆکی پارتی «بارزانی» داوە، بۆ زێد و نیشتمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە.
4. گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار، بە زمانی کوردی دەرچووە.
قۆناغی دووەم « 1961-1963 »
ئاشکرایە، سەرەتا کۆمەڵێ دەرەبەگی کورد، دژی یاساکانی چارەسەرکردنی زەوی بوون، بزووتنەوەیەکی چەکدارانەیان هەڵگیرسان و شکستیانهێنا. بەڵام لە ئەنجامی ئەو ناکۆکی و جیاوازییانەی، لەنێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی «عێراق» و سەرکردایەتی «پارتی»دا ڕوویاندا، ڕۆژی «11. 9. 1961»، شۆڕشێکی چەکدارى نەتەوەیی بەرفراوانی جەماوەری، بە سەرکردایەتی «پارتی» و «بارزانی»، لە باشووری وڵات دەسیپێکرد. تا کۆبوونەوەکەی ساڵی «1964»ی «ماوەت»یش، گەلی کورد یەکڕیز و یەک ماڵ بوو.
قۆناغی سێیەم « 1963-1964 »
لە ئەم قۆناغە ناسکەدا، ناکۆکییەکان لە دید و بۆچوونی، هێندێ لە ئەندامانی پەلیتبیرۆی «پارتی» بەتایبەتی «برایم ئەحمەد» و سەرۆکەکەی «بارزانی»دا ڕوویدا. پاشان ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە و تەقینەوە، لە ئەنجامدا، دووبەرەکییەکی خراپ، لەنێو ڕیزەکانی پارت و شۆرشەکەدا دەسیپێکرد. ئەمەش یەکەمین جاربوو، لە میژووی ئەو چەن ساڵەدا، خوێنی براکان بە دەسی یەکدی بڕێژرێ!
قۆناغی چوارەم « 1966- 1970»
لە ئەم قۆناغەدا، بە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری «ئێران» و «عێراق»، جەنگێکی پۆخڵی خۆبەخۆی کورد، بە خراپترین شێوە دەسیپێکرد. شۆڕشەکەش نێوەڕۆکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی لەدەسدا. دوو باڵی «جەلالی» و «مەلایی» درووستبوو، هەردوو باڵەکەش، بە ناوی «پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق»ەوە کاریان دەکرد. هەر لایەکیشیان، بە پشتێوانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری «ئێران» و «عێراق»، جەنگێکی چەپەڵی کورد کوژییان، لە شار و شاخ دەسپێکرد، کوردێکی زۆر لە هەردوولا کوژران.
قۆناغی پێنجەم « 1970-1975 »
لە ئەم قۆناغەدا «پارتی» بەسەرۆکایەتی «بارزانی» و «بەعس» ڕێککەوتن، ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان هەردوو سەرکردایەتیدا، ڕۆژی «11. 3. 1970» مۆرکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیەش ماوەی «4» ساڵی خایاند، بەڵام سەرکردەکانی «بەعس»، لە زۆر شت پەشیمانبوونەوە. لە کۆتایشدا جارێکی دیکە ڕۆژی «11. 3. 1974»، جەنگ لە «کوردستان» دەسیپێکردەوە.
پێم وایە، ماوەی ئەو «4» ساڵی ڕێککەوتنە، سەردەمی «زێرینی کوردستان» بوو. چونکە:
1. یەکەمین جاربوو لە مێژوودا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی «عێراق»، بە شێوەیەکی فەرمی، دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەیی، ڕامیاری و یاسایی گەلی کورددا نا، کە خۆی لە «ئۆتۆنۆمی»دا دەبینی. ئەم دانپێانانەش تا ئێستە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی وایە.
2. جگە لە پارێزگەی «کەرکووک»، لە سنووری هەموو پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری «کوردستان»، دەسەڵاتێکی کوردی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمی دامەزرا و ڕۆڵەکانی کورد، فەرمانڕەواییان دەکرد.
3. ئاوێکی بە ئاگری جەنگی چەپەڵی نێوخۆدا کرد و ڕیزەکانی گەلی کوردی یەکخستەوە.
4. هەستی نەتەوەیی و خۆبەکوردزانی ڕۆڵەکانی کورد بوژایەوە.
5. «كوردستان» لە ڕووەکانی ئابووری و بازرگانییەوە پێشکەوت.
6. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵانی خەڵک زۆر تەبا و ڕێک بوون، هەژاری و بێکاری نەما.
7. زمان و وێژەی کوردی، پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینى.
8. کۆڕی زانیاری کورد دامەزرا و باشترین کادیری ئەکادێمی گەلەکەمان، لە بوارەکانی زمان، وێژە و کەلتووردا، کاریان تێدا دەکرد.
9. یەکێتی نووسەرانی کورد دامەزرا.
10. یەکێتی هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی دامەزرا.
11. بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری فراوان، لەنێو ڕیزەکانی گەلی کورددا گەشەی کرد.
پێم وایە، ڕەوشی ئەو « 4 » ساڵەی « كوردستان »، لە هەموو ڕوویەکەوە، گەلێ لە ڕەوشی ئەوڕۆی نیشتمانەکەمان باشتربوو، چونکە هەر تەنیا کورد خۆی، خاوەن دەسەڵات بوو، هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری نیشتمانەکەشمان، لەژێر دەسەڵاتی کورد خۆیدا بوو، نەک وەک ئێستە، عەرەبێکی زۆر لە « كوردستان » نیشتەجێبوون، وڵاتەکەمان بە سیخوڕی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی توورکیا، ئێران و عێراق پڕبووە!
قۆناغی شەشەم « 1991-2020 »
هەرچەندە لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دژی زۆرداری و ستەمی داگیرکەر ڕاپەڕین، گەلەکەمان دەسکەوتێکی نەتەوەیی و ڕامیاری گەورەتری بەدەسهێنا، مافی فیدراڵمان لە چوارچێوەی «عێراق» و لە دەستووردا بۆ سەلمێنرا. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی فیدراڵ دامەزرا.
بەڵام هەر دوای «3» ساڵ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی هەرێمی فیدراڵ، ڕۆژی «2. 5 . 1994» جەنگێکی قێزەونی دیکەی نێوخۆ، لەنێوان هێزە بێ هەڵوێستەکانی «پارتی» و «یەکێتی»دا دووبارە بووەوە، لە هەموو ڕوویەکیشەوە، زۆر لە «سەردەمی زێڕین»ی باشووری «کوردستان» خراپتر بوو. چونکە:
1. گەلی کورد یەک ڕابەری مێژوویی نەتەوەیی نەبوو، تا ئێستەش هەر نییەتی.
.2 یەک پارتی پێشڕەو و نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە، بەڵکوو چەندین پارتی گەورە و گچکە، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ئاینی و سیکیۆلار پەیدابوون. هەر پارتێکیش لە ئەو پارتانە، بە دەوڵەتێکی داگیرکەری «کوردستان»ەوە گرێدراون و لە ئاوازێکی جیاواز دەخوێنن.
3. بەرنامەیەکی یەکگرتووی نێشتمانی، پارت و لایەنەکان کۆناکاتەوە، بەڵکوو بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی، بە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتی و بنەماڵە کراوە.
4. سەرکردەی پارتەکان دەوڵەمەند و ڕۆڵەکانی گەلیش، بە هەژاری و کولەمەرگی دەژین.
5. ڕەوشی ئابووری هەرێم زۆر خراپە، هەژاری و بێکارییەکی زۆر، لەنێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاووبووەتەوە. کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و لاوەکانمان بە تایبەتی ناچاربوون، سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە ژیانی ئاوارەیی بکەن.
6. زمان بە تایبەتی و وێژەی کوردی بە گشتی، لە قەیرانێکی زۆر خراپدا دەژین. ڕۆژبەڕۆژ زمانەکەمان خراپتردەبێ.
7. خەڵکێکی بیانی گومانلێکراوی زۆر، بە چەن ناوێکی جیاوازەوە، وەک کارکردن و لێقەوماوی، لە هەموو نێوچەکانی باشووری «کوردستان» بڵاوبوونەتەوە و دەژین.
8. دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتی، هێندێ دەوڵەتی دیکەی نێوچەکە و جیهانیش بە گشتی، بە ئاشکرا لە «کوردستان» تەراتێندەکەن، بێ ئەوەی سڵ لە هیچ لایەن و دەسەڵاتێک بکەنەوە.
9. هیچ کاتێ هێندە عەرەبی سووننە و کۆنە بەعسی، پەنایان بۆ «کوردستان» نەهێناوە. ئەوڕۆ نزیکەی میلیۆنێ عەرەب، لە نێوچە جیاوازەکانی باشووری «کوردستان» دەژین، وەک کوردێکێ خەڵکی وڵاتەکە، هەموو مافێکی کڕێن و فرۆشتنیان هەیە. ئەمەش ڕەنگە دواقۆناغی بەعەرەبکردنی «کوردستان» بێ، کە هەردوو سەرکردایەتی «پارتی» و «یەکێتی» لێی بەرپرسیارن.
.10هاونیشتمانانی کورد، لە ژیان و گیانی خۆیان دڵنیانین. چونکە گەلێ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش ڕوودەدەن. دەسەڵاتدارانی کوردیش، لە ئەو ئاستەدا بەرزەدا نین، ژیان و گیانی خەڵک بپارێزن.
11. یەکێتییەکی نەتەوەیی لەنێو ڕیزەکانی گەلی کورددا نییە، بەڵکوو ڕیزەکانی گەل بە خراپترین شێوە لە یەکدی دابڕاون، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بەسەر هەردوو باڵی «جەلالي» و «مەلايی»دا دابەشبوون، بە شێوەیە هەموو کاتێ مەترسی، نوێبوونەوەی جەنگێکی خوێناوی نێوخۆ و دابەشکردنی هەرێمی «کوردستان» هەیە. لەبەرئەوە دوژمنانی سەرەکی کوردیان بیرچووەتەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی«کوردستان» ڕیکبکەون و پشتی یەکدی بشکێنن!