بەشی پێنجەم
کەژەکانی ساڵ
هۆنەر لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، زۆر حەزی لە سەیران، گەشت، گەڕان بە ناو گوڵ و گوڵزار و سەوزایی کردووە، لە وەرزی زستان بیزار بووە، هەمیشە شەیدای دیمەنی وەرزی بەهار بووە. لەبەرئەوە هێندێ هۆنراوەی ڕازاوەی بۆ کەژەکانی ساڵ هۆنیوەتەوە.
هۆنەر لە باسی کەژەکانی ساڵدا، هێندێ هۆنراوەی ناسک و جوانی، سەبارەت بە هەر سی کەژەکەی زستان، بەهار و پاییز نووسیوە، بەڵام تەنیا هەر باسی کەژی هاوینی نەکردووە، دیارە حەزی بە ئەو کەژە گەرموگوڕە مرۆ پڕوکێنە نەکردووە! هەموو ئەو باسانەشی، لەگەڵ گرفتی نەتەوەکەیدا تێکەڵاوکردووە. بە شێوەیەکی زۆر جوان و نایاب، کەڵکی لە ڕەگەزەکانی سرووشت وەرگرتووە. بۆ نموونە:
سەبارەت بە وەرزی زستان، بە «7» پێنجینە گوتوویەتی:
ئەی وەطەن! زستانی ساردت، وەک هیوای کوردانمە
ڕووتوقووتی دارەکانت، وەک گرۆی لاوانمە
بۆ کڵێڵەت قووڕ بپێوم، وەک قووڕی سەر شانمە
بەفر و باران و بڵووکەت، هەر وەکوو گریانمە
تۆ خەریکی مردنی، بۆیە منیش دوا گیانمە
خوێنی گەرمم ساردە بێشک، هەر وەکوو بەفراوی تۆ
دڵ وەکوو یەخمەندی تۆیە، بۆ نیشانە و ناوی تۆ
ڕۆحەکەم بۆ دەرنەچی، بۆ گوڵشەنی فەوتای تۆ؟
ئەی وەطەن! چۆن دانەمێنم، وا کز و داماوی تۆ؟
کوردە! سا دەی بێن بگریەن، شیوەنی نیشتمانمە «3، 32»
لە هۆنراوەی کەژەکانی ساڵدا، دیسانەوە ڕووی دەمی لە نیشتمانەکەی کردووەتەوە، بەهار و جێژنی «نەورۆز»ی بەسەرکردووەتەوە. سەبارەت وەرزی بەهار بە «9» پێنجینە گوتوویەتی:
ئەی وەطەن! دیسان بەهارە و ئارەزووی سەیرانمە
مەیلی هاژەی قەڵبەزەی، بەفراوی کوێستانانمە
ئیشتیهای بۆنی گوڵ و گوڵسۆسەن و ڕیحانمە
ئارەزووی سەرکەوتنی لاوانی کوردستانمە
گەرچی بۆ جەهل و نەزانین، شۆڕش و گریانمە
لە دوا کۆپلەشدا گوتوویەتی:
قەصری قاجارە، لە جەرگم زامی سەختی کارییە
بۆ براکانی «شیمال»م، ئەشکی ئاڵم جاريیە
ڕۆڵەڕۆمە بۆ «شوکاک» و کار و پیشەم زارییە
سووری خوێنی «لووڕ»، لە هەوری ئاسمانا دیارییە
ڕۆژی ئەمڕۆ، یادی ڕۆژی «وەیس»ە و «پیران»مە. «3، 113-114»
سەبارەت بە جێژنی «نەورۆز»یش، بەهاری کوردستانەکەی، بە بەهاری نەتەوەی کوردەوە گرێداوە و بە شێوەکەی زۆر جوان و بە «8» پێنجینە گوتوویەتی:
لاوی خوێن گەرمم بزانە، خاکەکەت هەر نیعمەتە
حورمەتی خاکت بزانە، موستەهەقی حورمەتە
مەعدەنی زیو و تەڵایە، کانی دووڕ و سەروەتە
پێت بڵێم: ئەم خاکە کامە؟! تا بزانی جەنەتە
یادگاری هۆزی «ماد» و «زەند» و «پور»ی زاڵتە
کوانێ لاوی تۆڵەسێنم، بۆچی ئەمڕۆ گومبوون؟
کوانێ شێری شێر شکارم، ڕێگەیان گومکردوون؟
کوانێ سوارەی ڕم وەشێنم، بۆ لە ڕێتا دەرچوون؟
داخی داخانم وەطەن! «ئەردەلان»ت نووستوون
ئەو کەسەی قوربانی تۆ بێ، «قانع»ی بێ ماڵتە «3، 114-116»
هۆنەر لە هۆنراوەی چوار کەژی ساڵدا، ڕەگەزەکانی وەرزی پاییزی، لەگەڵ کڵافەی ژان و دەرد و گرفتەکانی نیشتمانەکەی تێکەڵاوکردووە و «9» چوارینەی جوانی لێ هۆنیوەتەوە. لێرەدا هێندەی باسەکە پێوەندی بە وەرزی پاییزەوە هەبێ، تۆماریدەکەم. هۆنەر لە سەرەتادا گوتوویەتی:
ئەی وەطەن! پاییز بەخێربێ، چونکە ئێستە باومە
گەرم و ساردی فەصڵەکەت، عەینەن دڵەی شێواومە
باڕەشت ئاهی دەروون و هەورت، هەر وەکوو چاومە
نمنم باران ئەبارێ، وەک تکەی زوخاومە
شاخوداخی تۆ، نموونەی جەرگی هەڵقرچاومە
پاشان لە کۆتایدا گوتوویەتی:
ئەی وەطەن! با پێکەوە هەڵکەینە سەر گریان و زار
تۆ لە بۆ گەنجانی لادێ و من، لە بۆ لاوانی شار
تۆ لە داخی هەڵپەڕین و من، لە داخی عود و تار
ئەشکی خوێنین دابڕێژین، هەر وەک و هەوری بەهار
گەر حەیام بێ، خوێنی جەرگم شەربەت و شەکراومە «3، 245»