نووسەر و مامۆستای زانکۆ
ئەز وەک کوردێکی خەمخواری نیشتمانپەروەر، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، بە دەنگێکی کزۆڵەی گریاناوییەوە، ڕوو لە قاپی پڕ سۆزی یەزدانی مەزن دەکەم، دەستی پاڕانەوە و لاڵانەوە بەرزدەکمەوە، دەردی دڵی خۆم هەڵدەڕێژم و لە خوای خۆم دەپرسم!
خوایە گیان!
ئێمەت بە کورد ئەفراندووە، هەزاران ساڵە، لەسەر خاکی (کوردستان) دەژین، کەچی نیشتمانەکەمان داگیر و دابەشکراوە، دەوڵەتێکمان نییە، تێیدا بسرەوێین. نەتەوە داگیرکەرەکانی توورک و فارس و عەرەب، نەک هەر نایەڵن، لە ماڵە کاولبووەکەی خۆماندا، تاوێ وەک مرۆڤ، بە خۆشی و هێمنی بژین، بەڵکوو بە خراپترین شێوەش دەمانچەوسێننەوە. لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی باووباپیرانی خۆمان، ڕاوماندەنێن، دەرماندەکەن، ڕاماندەگوێزن، دەمانگرن، ئازارماندەدەن، کۆمەڵکوژماندەکەن، ئەنفالماندەکەن، بۆمباران و کیمیابارانمان دەکەن.
ئاخر ئەم هەموو نادادپەروەری و زۆردارییە بۆ؟!
نەتەوەی کورد چی کردووە؟!
چی لە نەتەوەکانی دیکەی سەرزەوی کەمترە؟!
بۆچی ئەوان، خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن و بە سەربەستی دەژین، تەنانەت عەرەبەکان (22) دەوڵەتیان هەیە؟!!
ئەدی بۆ ئێمەی کورد، لەنێو نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا، وا ڕووت و ڕەجاڵ، هەژار و لێقەوماو، نەخۆش و سەرگەردان ماوین، زێد و نیشتمانەکەمان داگیرکراوە، بێ پشت و پەنا و بە کولەمەرگی دەژین؟!
ئایا هەموومان لە یەک قووڕ درووست نەکراوین؟!
هەموومان نەوەی دایە (حەوا) و بابە (ئادەم) نین؟!!
ئایا ئێمە لە ئەوان کەمترین، وا بە ئەو شێوەیە درووستکردووین و ئەوەتەی دوو گوێمان لێ ڕواوە، خۆشیمان نەدیوە و وەک کۆیلە دەژین؟!
ئاخر چیمان کردووە؟!
(خۆ لەگەڵ "ئادەم"دا، پارچەیە لە سیوەکەمان نەخواردووە، وا لە بەهەشتی سەرزەوی بێبەشت کردووین؟!
کونێکمان لە پاپۆڕە گەورەکەی "نوح" نەکردووە؟!
لە فەردە گەنمەکەی "یوسف"مان نەدزیوە؟!
بزمارێکمان بە خاچەکەی "مەسیح"دا دانەکوتاوە؟!
لەگەڵ گاوور و بێ بڕواکانی هۆزی "قوڕەیش"دا، بەردبارانی "موحەممەد"مان نەکردووە؟!)
تێبینی:
- بیرۆکەی ئەم نووسینەم، لە بەشی کۆتایی، نووسینێکی عەرەبی (نێوان دوو کەوانەکە)دا وەرگرتووە!
- ئەم وتارە ڕۆژی (2020. 9. 27)، واتە (5) ساڵ لەمەوبەر، لە لاپەڕەکانی فەیسبووکدا بڵاوکراوەتەوە. شایانی باسە، لەنێوان باوەڕدار و بێ باوەڕەکاندا، دەمەتەقێیەکی زۆری لەسەر کرا، بەڵام بێ ئەنجام بوو. زۆربەی خوێندەواران پییان وابوو، من گلەیی لە یەزدان دەکەم، تا بۆم ڕوونکردنەوە، من پرسیاری لێ دەکەم، وەڵامەکەشی نەبوو!