سەبارەت بە هەڵبژاردن

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-11-05     137

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

2  دیسان گەمەی هەڵبژاردن هاتەوە

لە ئەو ڕۆژەوە، ڕژێمی دیکتاتۆری فاشی (بەعس) ڕوخاوە، لە ئەو ڕۆژەوە، ئەم چەن ڕێکخراو و پارتە شیعانە، دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، (5) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئەو هەڵبژاردنانە، جگە لە گەمەیەکی دێمۆکراسی ژێربەژێری قێزەون نەبێ، هیچی دیکە نەبوون. چونکە هەموو جارێ، هەردوو دەسەڵاتدارانی ئاخووندەکانی (ئێران) و (عێراق)، لەسەر هەموو شتێ ڕێکەوتوون و بڕیویانەتەوە، چ لایەنێ دەردەچێ، کێ پۆستە گرنگە هەستیارەکانی پەرلەمان و میری وەردەگرێ. کەواتە ئەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەش، شانۆگەرییەکی مرۆپڕوکێنی کۆنە و دووبارەدەبێتەوە!

لەبەرئەوە هیچ لەوەڕگەیەک، لە لەوەڕگەکەی پەرلەمان پاکژتر نییە، بۆیە کۆمەڵێ مشەخۆری بەکرێگیراوی بێ بەرهەم، هەموو توانای خۆیان بەگەڕدەخەن، تا کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە. تەنیا هەر کۆبوونەوەی بێ ئەنجامیش نەبێ، هیچ دیکە ناکەن و هیچ دەسکەوتێکی بۆ گەل تێدا نییە. بەڵکوو تەنیا هەر لەسەر ورگی ڕۆڵە بێدەرەتان و هەژارەکانی، هەردوو گەلی عەرەب و کورد دەڵەوەڕێن، چونکە ئەو مووچەیەی مانگانە، لە ماوەی ئەو (4) ساڵەدا وەریدەگرن، زۆر باش پێی دەژین و دەوڵەمەندەبن، بە مووچەی خانەنشینەکانیشیان تا ماون، بە خۆشگوزەرانی و شادمانی دەژین.

بەڵام تەنیا هەر ڕۆڵە ساویلکە بێ هۆشوگۆشەکانی هەردوو گەلی عەرەب و کورد، تووشی زیان دەبن، باجی نەزانین و ساویلکەیی خۆیان دەدەن. بۆیە گەر کەمێ ژیر و وریا بن، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بە هیچ شێوەیە، دەنگ بۆ ئەو ناپاکە مشەخۆرانە نادەن!

هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانیش، چ لە (عێراق) بەگشتی و چ لە هەرێمی (کوردستان) بەتایبەتی، لە هەموو هەڵبژاردنەوەکانی دیکەی پێشوو، پتر پڕ لە سەیر و سەمەرەترە، چونکە گاڵتەجاڕییەکی زۆری پێوە دیارە، وەک دەڵێن: چەندین لیست هەیە، بە سەدان کەسیش، خۆی بەربژێر کردووە، هەمووشی تەنیا هەر لەپێناوی پلەوپایە و پولوپارە دایە، تاوانباری سەرەکیش، لە (عێراق) هێزە پەرشوبڵاوەکانی شیعە و لە (کوردستان)یش، هەردوو پارتی دەسەڵاتداری بنەماڵە (پارتی) و (یەکێتی) نەبێ، هیچ لایەنێکی دیکە نین، چونکە ماوەی پتر لە (60) ساڵە، ئەو دوو پارتە دژی یەکدین و هەوڵی لەنێوبردنی یەکدی دەدەن! لەبەرئەوە هەر کەسێ، کوردێکی دڵسۆز و پاک بێ، هەروا بە خۆڕایی، دەنگ بە هیچ کەس و لایەنێ نادا.

ئایا ئێستەش کۆمەڵانی خەڵک، هەر بە کوڵودڵەوە، پێشوازی لە دەنگدان و هەڵبژاردن دەکەن؟!! دەنگ بۆ هەمان دەموچاو و کادێرەکانی پارتەکان بە گشتی و (پارتی) و (یەکێتی) بە تایبەتی دەدەن؟! جا گەر وایە، چ پێویست دەکا، ڕەخنە بگرن و گلەیی لە چارەنووس و بەختی خۆیان بکەن؟!

ئاخر هۆنەری گەورەی نەتەوەیی کوردیش (بێکەس)ی نەمر، ڕۆژی (6. 11. 1939) بە (10) پێنجخشتەکی، هەروا بە خۆڕایی نەیگوتووە:

مونەووەر، زۆری هەر لەبەر نانی

وەتەن ئەفرۆشێ، بەیەک تارانی

ئەخاتە ژێرپێ، دین و ئیمانی

کاکە خوا، ئیشی نابەجێ ناکا

تا کێو نەبینێ، بەفری تێ ناکا

لەبەرئەوە پێم وایە، تا ئەم دەسەڵاتدارانە و ئەم سیستەمی فرمانڕەواییە، چ لە (عێراق) بەگشتی و چ لە هەرێمی (کوردستان) بەتایبەتی، بە ئەو شێوەیە بەردەوامبێ و فەرمانڕەوایی بکەن، هەڵبژاردن جگە لە گەمەیەکی پڕ لە سەیر و سەمەرە نەبێ، جگە لە یارییەکی گاڵتەقینەی دژە دێمۆکراسی نەبێ، لە هیچی دیکە ناچێ، بۆیە بە هیچ شێوەیە، کەڵکی نییە و گۆڕانکاری بنەڕەتیش، هەرگیز ڕوونادا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×