نووسەر و مامۆستای زانکۆ
شیعە دەسەڵاتدارەکانی (ئێران)، لە مێژە هەوڵیانداە و هەوڵیشدەدەن، باشووری (کوردستان) پارچەپارچەکەن. گەر بۆشیان بلوێ، ئەوا بەسەر چەن شار و شارۆچکە و گوندێکدا دابەشیدەکەن، بۆئەوەی ئەم ئەزموونە لەنێوبەرن!
جا گەر (یەکێتی) ئەو دەسپێشکەرییە بکا و ئەو گرفتەیان لە کۆڵکاتەوە، ئەوا لە ئەرکی سەرشانی ئەوان کەمدەکاتەوە و دواییش بە ئوچ بۆیان دەنووسن!
قوڕبەسەر ئەو لایەنە کوردەی، دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی ناناسێ و داوای لەتکردنی خاک و دەسەڵاتەکەی هەرێم دەکا. بۆچی سەرانی شیعەی (ئێران) و (عێراق)، لە (پارتی) باشتر و لە پێشترن، وا (یەکێتی) دانوووی لەگەڵیان ناکوڵێ و چەن جارێکیش هەوڵیانداوە، ئەو دەسەڵاتە لاوازە لەتکەن و دوو دەسەڵاتی نامۆی لاواز، لە (کوردستان) قووتکەنەوە، وەک پێشتر کردیان و دواییش ساڵی (2006) پەشێمانبوونەوە!
گەر سەیرێکی ئەزموونی وڵاتانی جیهان بکەین، وەک (ڤێتنام، ئەڵمانیا، یەمەن ...)، یەک نەتەوە و دوو دەوڵەت بوون، بەڵام ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەل، بیریان لە ئەوە کردەوە، بۆ یەکێتی خاک و گەلەکەی خۆیان تێبکۆشن. بۆیە دوای چەندین ساڵ، جیاوازی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەی ڕامیاری و ئابوورییان بەلاوەنا، زۆر جەسورانە و دڵسۆزانە، شەقێکیان لە بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی و پارتایەتی هەڵدا، تەنیا هەر بەرژەوەندی نەتەوەییان لەبەرچاوگرت، لە ئەنجامیشدا، هەموویان یەکیانگرتەوە و یەک دەوڵەتی گەورەی بەهێزی نەتەوەییان دامەزراند.
کەچی ئێمەی کورد، هێشتا هیچ نین و لە بەشێکی کەمی وڵاتەکەماندا، لە (49%)ی ڕووبەری باشووری (کوردستان)مان بەدەستەوەیە، فیدراڵییەکی لاواز و بێدەسەڵاتمان هەیە، تازە هێندێ ئەندامی (یەکێتی) و (گۆڕان)، دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون و داوای دوو ئیدارەیی دەکەن!!!
بە ڕاستی، کورد دڵسۆزی وەک ئەو جۆرە کەسانەی هەبێ، کە داوای دوولەتکردنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان دەکەن، هەم دوژمنی ناوێ، هەم دوژمنەکەش بە ئارامی و بێ دڵەڕاوکە چاو لێکدەنێ! ئاخر (پیرەمێرد)ی خەمخواری گەورەی کورد، ڕاستی فەرمووە:
دووشمنی ناوخۆت، ڕەگ دەردەکێشێ
دار پوازی لە خۆی نەبێ، ناقڵیشێ!
تێبینی: ئەم کورتیلە وتارە، شەش ساڵی ڕێک لەمەوبەر نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، بەڵام نەک هەر ڕەوشی باشووری (کوردستان) و پێوەندی نیوان (پارتی) و (یەکێتی) نەگۆڕاوە، بەڵکوو زۆر خراپتریش بووە، جا ئیدی چۆن ڕزگارمان دەبێ؟!