وەبیرهێنانەوە (5) دەردەکوردو پەندی مێژوویی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2026-05-22     133

لە ئەم وتارەدا، لەسەر لاوازی هەستی نەتەوەیی، ناکۆکی، دووبەرەکی، ناپاکی و خۆخۆری کورد، لە هێندێ سەردەمی جیاوازی مێژووی کورددا، سێ نموونە دێنمەوە. لە کۆتایشدا دید و بۆچوونی خۆم دەردەبڕم.

(1)

(شه‌ره‌فخان) له‌ (شه‌ره‌فنامه‌)دا بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، گوایه‌ کاتێ به‌شی هه‌ره‌ زۆری (کوردستان)، له‌بنده‌ستی ئیمپراتۆریای (عوسمانی)دا بوو، سوڵتان (سەلیم) والییه‌کی بۆ نێوچه‌ کوردنشینه‌کان ناردووه‌، به‌ڵام خه‌ڵه‌که‌که‌‌ په‌سه‌ندیان نه‌کردووه‌ و سوڵتانیش زۆر تووڕه‌بووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ویستوویه‌تی، هێزێکی گه‌وره‌یان بۆ بنێرێ و نێوچه‌که‌یان وێرانکه‌ن.

شالیارێکی ژیری هەبووە، گوتوویەتی: گەورەم! کوردەکان گه‌لێکی ئازان، گەر لەگەڵیان بجه‌نگین، زۆرمان لێ دەکوژن. باشتروایه‌،‌ ڕێیانبده‌ین، لەنێوخۆیاندا والییه‌ک هەڵبژێرن.

سوڵتان قسه‌ی شالیاره‌که‌ی په‌سه‌ندکردووە. پاشان فرمانێکی دەر‌کردووە، سه‌رۆک تیره‌ و هۆزه‌ کورده‌کان، له‌نێوخۆیاندا ڕێککەون و والییه‌ک هه‌ڵبژێرن.

به‌ڵام سەرۆک تیره‌ و هۆزه‌ کوردەکان، له‌نێوخۆیاندا ڕێک نەکه‌وتوون و کەسیان دانیان به ئه‌وی دیکه‌دا نەناوە، تا‌ والیه‌کی کورد دانێن. له‌به‌رئه‌وه‌ په‌لاماری یه‌کدیان داوە‌، گه‌لێکیان لە یەکدی ‌کوشتووە. ئیدی له ‌تاواندا، هێندێ کوردی ناسراو و دڵسۆز، بۆئەوەی خوێنی پتر نەڕژێ، په‌نایان بۆ سوڵتان بردووە و داوایان لێ ‌کردووه‌، فریایانکه‌وێ، ئه‌گینا شاره‌که‌یان وێرانده‌بێ!

سوڵتانیش والییەکی توورکی بۆ ‌ناردوون، ئیدی کۆتایی به‌ جه‌نگی نێوخۆی نێوان تیره‌ و هۆزه کوردە‌کان هاتووە، هه‌مووشیان سه‌ریان بۆ دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای عوسمانی شۆڕ‌کردووه‌. که‌چی خۆیان نه‌یانتوانیوە، له‌نێوخۆیاندا ڕێککەون و پیاوێکی باش هەڵبژێرن، هه‌موو پێکه‌وه‌ وه‌ک برا، به‌ هێمنی و ئاشتی بژین. له‌بری ئه‌وه‌ سه‌ربه‌رزییان به‌ سه‌رشۆڕی، سه‌ربه‌ستیشیان به‌ ژێرده‌ستی گۆڕیوەته‌وه!

ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، دووگوێیان لێ ڕواوه‌، هه‌ر وا بوون. بۆیه‌ (6) هه‌زار ساڵه،‌ له‌ ئه‌م نێوچه‌یه‌دا ده‌ژین، هیچمان به‌ هیچ نه‌کردووه‌، تا له‌سه‌ر ئه‌م ڕێوشوێنه‌ خراپه‌ش به‌رده‌وامبین، هه‌رگیز هیچ به‌ هیچ ناکەین. چونکه‌ چۆن کفته‌ له‌ لم درووست ناکرێ، ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش، له لم درووستکراون و‌ له‌ قووڕ درووست نه‌کراون‌، بۆیه‌‌ پێکه‌وه‌ نانووسێن!

ئه‌م په‌نده مێژووییه‌ش‌ ناکۆکی، دووبه‌ره‌کی و ناپاکییه‌کانی، مێژووی هاوچه‌رخی هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالی) و (مه‌لایی) باشووری (کوردستان)م بیرده‌خاته‌وه‌، چونکه‌ قۆناغه‌کانی ناپاکی (1966-1970، 31. 8. 1996 و 16. 10. 2017)، هێشتا هەر هەڵاوی لێ هەڵدەستێ و وەک بیره‌وه‌رییەکی ڕەش و تاڵیش، هێشتا هەر لە بیر و هۆشی، نیشتمانپه‌روه‌راندا کاڵ نه‌بوونه‌ته‌وە!

(2)

له‌ کاتی جه‌نگی (عێراق – ئێران)دا، ڕۆژێ (سه‌ددام حوسێن)، سه‌ری له‌ تیره‌ و هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانی نێوچه‌ی پارێزگه‌ی (عه‌ماره‌) ‌داوە. ماوه‌یه‌ قسه‌ی بۆ ‌کردوون و پاشان گوتوویەتی: کێ پرسیارێ یا داواکارییه‌کی هه‌یه‌؟

سه‌رۆک هۆزێ گوتوویەتی: گه‌وره‌م، تۆ (فه‌وجی سووک)ت، بۆ کورده‌کان کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ی بۆچی بۆ ئێمه‌ی ناکه‌یته‌وه‌؟!

سه‌ددام: ئاخر ئه‌وان ئازان و زۆر به‌ کوڵودڵه‌وه‌ ده‌جه‌نگن.

سه‌رۆک هۆز: قوربان ئێمه‌ش ئازا و دڵسۆزین.

سه‌ددام: ئه‌و پیاوه‌ی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ دانیشتووه‌، کێیه‌؟

سه‌رۆک هۆز: برامه‌.

(سه‌ددام) به‌ یه‌کێ له‌ سه‌ربازه‌کانی گوتووە: ئه‌و کڵاشینکۆفه‌ی به‌رێ. به‌ سه‌رۆک هۆزه‌که‌شی گوتووە: فه‌رموو براکه‌ی خۆت بکوژه‌.

سه‌رۆک هۆز: گه‌وره‌م داوای لێبووردن ده‌که‌م، من ناتوانم، برای خۆم بکوژم؟

سه‌ددام: ئاخر کورده‌کان بۆیه‌ ئازان، چونکە بۆ پاره‌، برای خۆیان ده‌کوژن!

به‌ ڕاستی، هه‌ر سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌‌ داگیرکه‌ره‌کان‌، ئێمه‌یان باش ناسیوه‌، بۆیه‌ به‌ ئه‌و شێوه‌یه، هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کردووین. ئاخر ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی نێوان ڕیزه‌کانی گه‌ل، هه‌ڵپه‌ی سه‌رانی پارتەکانی (کوردستان) بۆ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌ کۆنه‌وه تا ئەوڕۆ‌ ده‌رده‌کورد ‌بوون، ئه‌گینا دوای پتر لە (100) ساڵ خه‌بات و خوێنڕشتن، ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ باشووری (کوردستان) ڕووده‌دا، ناویبنێن چی؟!!

(3)

لۆنگریک (Stephen Hemsley Longrigg  1893-1979)، مێژوونووس و فەرماندەی لیوای پایەبەرزی بەنێوبانگی (بریتانیا)، سەبارەت بە ناکۆکی، دووبەرەکی و جەنگی نێوخۆی کورد گوتوویەتی:

(گەر میرەکانی بابان، بە ئەو جۆرە لەنێوخۆیاندا تێک نەچوونایە، بە چەکی عوسمانییەکان و فارسەکان، ڕۆڵەکانی کوردیان لەناونەبردایە، میرنشینەکەیان هەر دەما و پەرەیدەسەند و بەهێزیشدەبوو. ئەوسا توورک و ئێرانیش، لێیان دەسڵەمینەوە.

خۆ گەر بهاتایە، لەگەڵ ئەردەڵانییەکان یەکیانبگرتایە و میرنشینەکانی دیکەی کوردیان، لەگەڵ بوونایە، ئەوانەی (کوردستان)ی گەورە، کە سەربەخۆییەکی تەواویان هەبوو، لە ئەم یەکگرتنە دەوڵەتێکی کوردییان پێکدەهێنا، کە نە بە زەمین و نە بە ژمارە، لە ئێران یا عوسمانییەکان، کەمتر نەدەبوون. بەڵام تەماع و چاوبڕینە جیگا، لەنێو میرەکانی کورددا و شەڕی ئایینی نێوان سووننە و شیعە ... ئەمانە گەورەترین هۆ بوون، بۆ سەرنەگرتن و فەوتانی سەربەخۆیی کورد.)

 

پوختەی مەبەست

پرسیارەکە لیرەدا ئەمەیە: ئایا ئێستە، دوای پتر لە سەدەونیوێ لە ڕوخانی دەسەڵاتی ئەو میرنشینانە، چی لە باسەکە گۆڕاوە؟!! لە وەڵامدا زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئێستەش لە ئەو بارەیەوە، زۆر شتی گرنگ نەگۆڕاوە. چونکە لەبری ئەو میرنشینانە، چەن پارتێکی ڕامیاری لە (کوردستان) دامەزراون، لەبری ئەو میرانەش، چەن بنەماڵەیەکی نوێ پەیدابوون، جێی ئەوانیان گرتووەتەوە، وەک میرەکانی (بابان) هەڵسوکەوتدەکەن و لەنێوخۆیاندا ڕێک ناکەون، بە پیلانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)یش، لە یەکدی بەربوون. ئایا ئەمە دەردەکورد نییە؟!! ئەرێ ئەم گاڵتەجاری و کارەساتە مێژووییە، تا کەی بەردەوامدەبێ و کەی کۆتاییدێ؟!!

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، هۆشێ بەبەرخۆیاندا بێننەوە، بیرێ لە باری نالەباری کورد بکەنەوە، ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاری نیشتمانەکەیان لەبەرچاوبگرن؟!!

ئاخر، گەر دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵانە، کاتی ئەوە نەهاتبێ، پەندێ لە مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی کورد وەرگرن، ئایا باشتر نییە، واز لە کورد بێنن، چی دیکە بە ناوی مافەکانی نەتەوەی کوردەوە، ڕۆڵەکانی کورد بەکوشتبدەن؟!!

ئایا شەرمەزارنابن، دوای ئەم هەموو جەنگە چەپەڵە کوردکوژێیە، دوای ئەم هەموو دووبەرەکی و ناپاکییە، دوای ئەو هەموو هەلە مێژووییەی لەکیس کوردیان دا، دوای ئەم هەموو تاڵان و بڕۆیە، باسی کوردایەتی بکەن؟!!

لە کۆتاییشدا دەڵێم: هەق وایە، جارێکی دیکە، ڕەخنە لە سەرکردە کۆنەکانی کورد نەگرن و بێدەنگ بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×