(6) ساڵ لەمەوبەر، (نەجم نەجم) ناوێ، پۆستەرێکی بڵاوکردووەتەوە، تا هاوڕێیانی فەیسبووک بۆچوونی خۆیان، لەسەر دوو ئیدارەیی دەربڕن. منیش لە وەڵامدا ئەم چەن دێڕەم نووسیوە.
ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێو ڕیزەکانی نەتەوەی کورددا، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو هەر لە دێر زمانەوە و ئەوەتەی کورد دوو گوێی لێ ڕواوە، ئەم دیاردە قێزەون و کوردکوژەیە، لە سەرانسەری مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەی کورددا، هەر هەبووە و کۆتاییەکەشی دیار نییە، کەی نامێنێ!
چارەنووسی گەلێکی ژێردەستی وەک کورد و دەسەڵاتی یەکگرتووی هەرێمەکە، چۆن بە شێر و خەتی دەنگدانی فەیسبووک دیاری دەکرێ؟!!
هەڵبەتە، ئەوەی لە پشت ئەم کارە قێزەونەوەیە و دەهۆڵی بۆ دەکوتێ، بیەوێ یا نەیەوێ، پێ بزانێ یا نەزانێ، هەم دڵسۆزی گەلەکەی خۆی نییە، هەم پیلانە دێرینە پۆخڵەکەی، سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)یش جێبەجێدەکا ...
ئاخر ماوەی چەن ساڵێ، هەردوو باڵەکەی (جەلالی) و (مەلایی)، ماڵە گەورە یەکگرتووەکەی کوردیان جیاکردەوە، لەنێوان خۆیاندا دابەشیانکرد و دوو دەسەڵاتی لاوازیان دامەزراند. کەچی لە کۆتاییدا هەر ناچاربوون، بۆ ماڵە ڕەسەنە یەکگرتووەکەی خۆیان بگەڕێنەوە و یەک دەسەڵاتی هاوبەش دامەزرێننەوە! بەڵام لە ڕاستیدا، تا ئەوڕۆش ئەو ناکۆکی و دووبەرەکییەی، نێوان هەردوو باڵەکەی (جەلالی) و (مەلایی)، هەر ماوە و رۆژبەڕۆژیش، پتر تاو دەستێنێ!
ئەرێ ڕۆڵەکانی ئەم کوردە بێ هەست و هۆشی نەتەوەییە، کەی پەندێ لە مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی داگیرکردن، ژێردەستی، ناکۆکی و دووبەرەکی نەتەوەیی وەردەگرن؟!!
بە ڕاستیی خالە (پیرەمێرد)، جوانی فەرمووە، کاتی گوتوویەتی:
بەو کەسە ئەڵێن: عاقڵ و هوشیار
دووجار لە جێیەک، پیوەی نەدا مار!
جا ئایا، ئەم نەوە نوێیەی ئەوڕۆ، ژیر و هوشیاری تێدا هەیە، وا بە دەستی خۆیان دەیانەوێ، بەردی بناغەی ماڵە گەورەکەیان دەربێنن و بیڕوخێنن؟!!