7 ساڵ لەمەوبەر نووسیومە:
ئاشکرایە، (کوردستان) نەک هەر پێویستی بە پارتێکی نوێ نییە، بەڵکوو پێویستی بە ئەو هەموو پارتەش نییە، کە ئێستە هەن. چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەوە ڕەوشی خراپی وڵاتەکەمانە، کە ئەوڕۆ لە سایەی ئەوانەوە، بە چاوی خۆمان دەیبینین!
بەڵام دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، پێویستیان بە ئەوە هەیە، هەر پارتێ وەک ئەمیبا زاوزێبکا، ببێ بە چەن پارتۆچکەیەکەوە، هەر پارتۆچکەیەکیش وەک بزن، ڕیشی بە دەست یەکێ لە ئەو دەوڵەتانەوە بێ، بۆئەوەی لەنێوخۆدا لە یەکدی بەربن و هێندەی دیکە، ڕیزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، لەتوپەتبێ و ڕەوشی (کوردستان)یش خراپتربێ.
ئاخر فرە ڕێکخراو و پارت، سەریەشەیەکی زۆر گەورەی لە دوایە و نەتەوەی کورد، بە ئەم بارودۆخەی ئێستەی، زیانیکی زۆر گەورەی لێ دەکا، لەگەڵ ئەوەشدا، هێندێ پارت و پارتۆچکەشمان هەیە، لە مێژە ئیکسپایەر بوون و لە کۆڵ ڕۆڵەکانی گەل نابنەوە!