وەبیرهێنانەوە (14) کام هێزی پێشمەرگە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2026-08-15     46

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

 

نزیکەی (5) ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت بە یەکێتی ڕیزەکانی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی (کوردستان) نووسیومە:

بەڕێز (شۆڕش ئیسماعیل)، شالیاری پێشمەرگەی هەرێمی فیدراڵی باشووری (کوردستان)، لە (ئەمێریکا) چاوی بە هێندێ بەرپرسی ئەو وڵاتە کەوتووە. پاشان لە لێدوانێکدا گوتویەتی: (ئه‌مریكییه‌كان به‌ ڕاشكاوانه‌ پێیان گوتووین، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌ هێزی پێشمه‌رگه،‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش نه‌چێته‌ پێشه‌وه‌، هاوكاری و پشتیوانییه‌كانمان ڕاده‌گرین.)

هەڵبەتە ئەمە یەکەمین جار نییە، لێپرسراوانی (ئەمێریکا)، بەرپرسانی هەرێم ئاگاداردەکەنەوە. بەڵکوو لە دانیشتنە نهێنی و ئاشکراکانیاندا، چەن جارێ ئەوەیان پێ ڕاگەیاندوون. بۆ نموونە: (جينين هينيس بلاسخارت)، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (عێراق)، تا ئێستە دوو جار، زۆر بە ڕاشکاوی، لە ئەو بارەیەوە، لێپرسراوانی هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە. بەڵام زۆر لە ئەوە دەچێ، ئەو قسانە تەنیا بایەک بێ و بەلای گوێیاندا ڕۆشتبێ!

شتێکی ئاشکرایە، گەر ئاوڕێ لە مێژووی هەردوو شۆڕشی (1961. 9. 11) و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (1975-1976) بدەینەوە، واتە دوای ئەوەی شۆڕشی (ئەیلوول) ساڵی (1975) تێکشکا، لە مێژووی هەردوو شۆڕشەکەدا و تەنانەت لە ئەم ماوەیەشدا (1961-2026)، واتە لە ماوەی (65) ساڵی تەمەنی هەردوو شۆڕشەکەدا تا ئێستە، تەنیا هەر (3-4) ساڵ، هێزی پێشمەرگەی (کوردستان) یەکگرتووبووە، چونکە لە دوای دووبەرەکییەکەی ساڵی (1964)، جگە لە ساڵی (1970)، هەردوو باڵەکەی (پارتی) یەکیانگرتەوە، یەک سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان هەبوو، ئێدی جگە لە ئەو چەن ساڵانەی پێشوو، تا ئێستە گەلی کورد، یەک سوپای یەکگرتووی نەبووە و نییە. چونکە نەک هەر ئەو دوو پارتە گەورەیە، بەڵکوو پارتە پچکۆلەکانی دیکەش، سوپای تایبەتی خۆیان هەبووە و هەیە. لەبەرئەوە جگە لە ئەو چەن ساڵە، هەرگیز هێزی پێشمەرگەی )کوردستان(، یەکگرتوو نەبووە. ئیدی کامەیە ئەو هیزە یەکگرتووەی کوردستان؟! ئایا سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، بیریان لە ئەوە کردووەتەوە، هێزی پێشمەرگە تێکەڵاوکەنەوە و سوپایەکی یەکگرتووی شۆڕشگێڕی بەهێز پێکبێنن؟! ئاخر لە ئەو ڕۆژەوە، دووبەرەکییەکەی ساڵی (1964)ی نێوان هەردوو سەرکردایەتی (جەلالی) و (مەلایی) درووستبووە، تا ئێستە (2026)، ماوەی (62) ساڵە، گەلەکەمان لە هێندێ ڕووی نەتەوەیی، ڕامیاری، شۆڕشگێڕی و کۆمەڵایەتییەوە، یەک دەنگ و یەک ڕەنگ نەبووە، بەڵکوو لە کەشێکی پڕ لە ناکۆکی، دووبەرەکی، جەنگی نیوخۆ و کارەساتدا ژیاوە و دەژێ!    

بە ڕاستی کارێکی زۆر دزێو و ناشایستەیە، دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە، دوای ئەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە، دوای ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانە، کورد لەنیوە ڕووبەرێکی وڵاتەکەیدا، هەرێمێکی لاوازی دامەزراندبێ، تەمەنی پتر لە (35) ساڵ بێ، یەک شالیارگەی پێشمەرگەی هەبێ، کەچی سوپایەکی فەرمی یەکگرتووی نەبێ، بەسەر هەردوو پارتی زلهێزی (یەکێتی) و (پارتی)دا دابەشکرابێ!

جا گەر لە ئاییندەدا، کارەساتێ ڕووبدا و ئەم دەسەڵاتە گۆجە نەمێنێ، ڕەنگە تاوانەکە لە ملی دەسەڵاتدارانی (بەغدا)، دەوڵەتەکانی نێوچەکە و زلهێزێکی وەک (ئەمێریکا)وە بئاڵێنن! ئاخر ئەم دوو بەڵایە، ماوەی (6) مانگ پتردەبێ، لەسەر کەسێ ڕێک ناکەون، پۆستی سەرۆک کۆماری (عێراق) وەرگرێ، ئیدی دەبێ، چۆن دڵ بە ئەوە خۆشکەین، هێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، یەک سوپای یەکگرتوووی (کوردستان) دامەزرێنن، یا چ گەرەنتییەک هەیە، ئەم دەسەڵاتە تا سەر بمێنێ؟!

ئاخر گەر ئەو دوو پارتە، ڕێزی هەزاران ڕەوانشادانی کوردیان بگرتایە، بەزەییان بە مناڵان و لێقەوماوانی، ئەم گەلە تێکۆشەرە هەژارەدا بهاتایەتەوە، کیمیاباران و ئەنفالەکانیان لەبیربووایە، هەڵبەتە کاری وا نابەجێیان نەدەکرد و لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتی خۆیاندا، نەک هەر سوپای پێشمەرگەیان دوولەت کردووە، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی دیکەی، ڕامیاری، پێشمەرگایەتی، فەرمانڕەوایی، دەسەڵاتی فیدراڵی و کۆمەڵایەتیشدا،  دڵ و جەرگ، گیان و جەستەی گەلەکەمانیان دووکەرت نەدەکرد.

دەک خەجاڵەتبن لە ڕووی مەحشەرا، بۆ خۆتان و کوردایەتیتان، بۆ خۆتان و فەرمانڕەواییتان، بۆ خۆتان و دڵسۆزیتان!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەبدوڵا گول، چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دەگێڕێتەوە
سه‌عد مه‌عن: بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چه‌ك ئه‌و گروپانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانن‌
لێدوانی نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی به‌نزینی 750 دیناری
بەریتانیا بە توندی وەڵامی نەتانیاهۆ دەداتەوە کە پێی وتبوون "کۆماری ئیسلامی بەریتانیا"
دادگای فیدراڵی داوایەکی عەلی حەمەساڵح بۆ ڕاگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران ڕەتدەکاتەوە
ئیلهام ئەحمەد: گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و پرسی کورد بابەتی سەرەکییە
په‌رله‌مانتارێك: به‌نزینی 750 دیناری 86%ی بۆ زۆنی هه‌ولێر و ته‌نیا 14%ی بۆ زۆنی سلێمانییه‌
لە ئێران (ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان) دامەزرا
واڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ بۆ خۆشی وتویه‌تی، گه‌روی هورمز وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نم
د. رێبوار کەرێم بۆ ئاوێنە: تاوەکو ئێستا نازانین ئەم هەفتە مووچە دێن یان نا، وەزیری دارایی پارە کۆدەکاتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×