(4) ساڵ لەمەوبەر و ڕۆژی ( .2022 11 5.)، سەبارەت بە مەرگی کیژە کوردپەروەرە ئازا و دڵسۆزەکەی ڕۆژهەڵاتی (کوردستان) خاتوو (ژینا)، لە چلەی ماتەمینییەکەیدا، ئەم وتارەم بە هەمان ناونیشان نووسیوە.
ڕۆژی (26. 10. 2022) چلهی ماتهمینی (ژینا مەهسا ئهمینی) بوو، پتر له (60) شاری (ئێران) و ڕۆژههڵاتی (كوردستان)، خۆپێشاندان سازكرا. له زۆربهی شوێنهكانیش، بههۆی سهركوتكارییهكانی ڕژێمەوە، خۆپێشاندانهكان توندوتیژی لێ كهوتهوه.
بەڵام لە ئەم یادەدا، کاربەدەستانی (ئێران)، لە ترسی ڕقی پیرۆزی جەماوەر بڕیاریاندا، هەموو قوتابخانە و زانکۆکانی (سنە) و بەشێکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی (کوردستان) داخەن. بیانووەکەشیان تەنیا هەر ئەوە بوو، گوایە بۆیە ئەو بڕیارەیانداوە، چونکە نهخۆشییهكانی كۆئهندامی ههناسه و ئهنفلۆنزا بڵاوبووەتەوە، تا ڕێ لە پەرەسەندنی بگرن!
لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەوڕۆ خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوامە و لە ماوەی ئەم (50) ڕۆژەدا، کە جەماوەر ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و خۆپیشاندانیان سازکردووە، قوتابخانە و زانکۆکان لە (ئێران)، بەهۆی گیانلەدەسدانی خاتوو (ژینا)وە، یەکێ لە گرنگترین نێوەندەکانی ناڕەزایی جەماوەر بوو. کەچی کاربەدەستانی شاری (سنە)، لە ئەو بارەیەوە، هیچ جووڵەیەکیان نەبووە و هیچ درۆیەکیان نەکردووە!
هەڵبەتە شتێکی ئاساییە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، هەمیشە هەموو یاد و بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردپەرەوەرانیان قەدەغەکردووە، بە ناوێکی دیکەوە ڕایانگەیاندووە و ڕێگەیانداوە، بۆئەوەی توڕەیی و ناڕەزایی جەماوەری کورد دامرکێننەوە، هەر وەک چۆن لە کۆندا، لە باشووری (کوردستان)، جێژنی نەتەوەیی کوردیان (نەورۆز)، ناونابوو جێژنی دارودرەخت .... بەڵام ئەم درۆودەلەسانەی داگیرکەران، تا سەر سەرناگرێ و تا کوردێ مابێ، هەموو یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نەتەوەکەی، بە زیندوویی دەمێننەوە!
خاتوو (ژینا)، کچە کوردی شاری (سەقز)ی تەمەن (22) ساڵانە، بە دەستی پیاوکوژەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی داگیرکەری شیعەی ئیسلامیی (ئێران)، لە هەڕەتی تەمەنی جوانی خۆیدا، (50) ڕۆژ لەمەوبەر ڕەوانی شادکرا. لە ئەو ڕۆژەوە تا ئەوڕۆ، زۆربەی نێوچەکانی خۆرهەڵاتی (کوردستان) بە تایبەتی و (ئێران) بە گشتی، وەک مەنجەڵی سەر ئاگر دەکوڵێ و قووڵپدەدا. دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامیی (ئێران)یش، زۆر بە توندی پەلاماری خۆپیشەندەرانیانداوە، سەدان کەس دەسگیرکراون، بریندار و کوژراون. تەنانەت تووڕەیی جەماوەر و خۆپیشاندانەکانیان بە شێوەیە بوو، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرەی ڕۆژاوا، هەڵوێستی مرۆیانەی خۆیان دەربڕی و ئەو کارە چەپەڵەی دەسەڵاتدارانی شیعەکانی (ئێران)یان سەرکۆنەکردووە.
لە کۆتاییشدا هەر هێندە دەڵێم: خاتوو (ژینا)ی ڕەوانشادی دڵسۆزی نەتەوە و نیشتمان دڵنیابە، تا کوردپەوەرێکی دڵسۆزی کورد، لە ژیاندا مابێ، قارەمانی و قوربانی و نیشتمانپەروەی تۆی خۆشەویستی، هەرگیز لە یاد ناچێ!