نووسەر و مامۆستای زانکۆ
پێشەکی هەمیشە گوتوومە و لە هێندێ نووسینیشمدا، گوتەیەکی (جُبران خَليل جُبران)م دووبارەکردووەتەوە، نزامکردووە و نووسیومە: (يَا رَبْ سَاعِدني، عَلى أنْ أَقُولَ كَلِمَةَ الحَقْ، في وَجهِ الأقويَاء، وأنْ لا أَقول البَاطِلَ، لأكسِبْ تَصفيَق الضُعَفاء.)
بۆیە ئێستەش زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم:
له سه‌رتاسه‌ری مێژووی کورددا، هه‌ر سه‌رۆک تیره و هۆز، میر و به‌گه ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌واکان، ناپاکییان له خاکی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ی کورد کردووه، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌نێوخۆیاندا یه‌کبگرن و دژی دوژمنی داگیرکه‌ر بووه‌ستنه‌وه، په‌نایان بۆ بردوون و ناپاکییان کردووه! به‌ڵام هه‌رگیز هیچ جۆره دادگایکردن و سزایه‌ک نه‌بووه، تا ناپاکەکان به سزای ڕه‌وای گه‌ل بگه‌یه‌نێ، به‌ڵکوو هه‌میشه پاک و ناپاک تێکه‌ڵاوبوون و دوایش ئاشتبوونه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه ناپاکی له‌نێو کورددا، وه‌ک که‌لتووری لێهاتووه و به هیچ جۆرێ، شه‌رموشووره‌ی نییه!
له مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلامدا، کاتێ باسی ناپاکی ده‌کرێ، (ئه‌بوڕه‌گاڵ) به نموونه دێننه‌وه. ئه‌و پیاوه‌ی پێش ئیسلام، پێش له‌شکره‌که‌ی (ئه‌بره‌هام) که‌وت، تا ڕێگەی (مه‌ککه)یان پیشانبدا، بۆئه‌وه‌ی (که‌عبه) بڕوخێنن. به‌ڵام ئێمه‌ی کورد، سه‌دان (ئه‌بوڕه‌گاڵ)ی کوردی ناپاکی وه‌ک (هێر‌پاگۆس، مه‌لائیدریسی به‌دلیسی، مه‌لای خه‌تێ، عیزه‌دین شێر، حه‌سه‌ن خه‌یری، موشیری حه‌مه‌ی سوله‌یمان ...)مان هه‌یه، نه‌ک هه‌ر په‌ندیان لێ وه‌رناگرین، به‌ڵکوو ئیسلامییه‌کان و هێندێ نووسه‌ری کوردیش، به ده‌یان بڕوبیانوو بۆ هێندێ لە ئەو ناپاکیانە داده‌تاشن و داکۆکی‌یان لێ ده‌که‌ن!
جگه له ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش، له ڕیزه‌کانی (حه‌شدی شیعی)دا، به سه‌دان کوردی خۆفرۆش، چه‌کی ناپاکییان هه‌ڵگرتووه و دژی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان ده‌جه‌نگن. ئاخر (پیره‌مێرد)ی بلیمه‌ت، هه‌روا به خۆڕایی نه‌یفه‌رمووه:
دووشمنی ناوخۆت، ڕه‌گ ده‌رده‌کێشێ
دار پوازی له خۆی نه‌بێ، ناقڵیشێ!
سه‌یر ئه‌وه‌یه، تا ئیسته‌ش سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی (کوردستان)، له ئه‌و ڕاستیه تێ نه‌گه‌یشتوون، یا تێگەیشتوون، بەڵام خۆیانی لێ گێل دەکەن، که ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی (کوردستان)، جیاوازی له‌نێوان کوردی باش و جاشدا ناکه‌ن، چونکه ئه‌وان دوژمنی سەرەکی کوردن و دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌که ده‌که‌ن، هه‌ر هێنده‌ی کاریشیان به ناپاکه‌کانی کورد نه‌ما، به بڕیارێ تڕۆیانده‌که‌ن. بۆ نموونه:
ساڵی (1966-1970)، تاقمه‌که‌ی (برایم ئه‌حمه‌د - جه‌لال تاله‌بانی)، به هه‌موو شێوه‌یه، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)، دژی شۆڕشی کورد بوون. به‌ڵام کاتێ ده‌سه‌ڵاتدارانی (به‌عس)، له‌گه‌ڵ (مەلامستەفا بارزانی) ڕێککه‌وتن، به بڕیارێ هه‌ڵیانوه‌شاندنه‌وه و گوتیان: هێزێکی نیزامی نین!
ئەز له مێژه گوتوومه: هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالی) و (مه‌لایی)، وه‌ک شیعه و سووننه‌ی عه‌ره‌به موسوڵمانه‌کان وان، ئه‌م ناکۆکی و دووبه‌ره‌کیه‌ی نێوانیان، هه‌رگیز کۆتایی نایه، تا لایه‌کیان به ته‌واوی له‌نێونه‌چێ، چونکه ئەوا پتر لە (61) ساڵە (1964-2025)، بە شێوەیە لە شێوەکان دژی یەکدین و لە یەکدی دەکوژن، کەچی دەسەڵاتەکە و جەنگە خوێناوییەکە، له باوکه‌وه بۆ کوڕ و نه‌وه‌کانیان ده‌گوێزرێته‌وه!
به داخه‌وه، ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی کورد، به بیری (جه‌لالی) و (مه‌لایی) په‌روه‌رده‌کراون، هێنده‌ی سه‌رکه‌وتنی باڵه‌که‌ی خۆیانیان ده‌وێ، هێنده ئاینده‌ی ئه‌م گه‌له هه‌ژاره داگیرکراوه‌یان، لا گرنگ نییه. بۆیه هه‌ر خه‌ریکی شه‌ڕه‌جنێو و درۆهه‌ڵبه‌ستنن بۆ یەکدی. زۆر له ئه‌وه‌ش ده‌چێ، به ئه‌م زووانه، واز له ئه‌م ڕه‌وشته قێزه‌ونه نه‌هێنن، ئه‌گینا گه‌ر وا نه‌بووایه، ده‌یانخوێنده‌وه، خۆیان ڕۆشنبیر دەکرد، پاک و ناپاکیان له یه‌کدی جیاده‌کرده‌وه!
ئه‌ز (28) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، سه‌باره‌ت به (پارتی) و (یه‌کێتی) نووسیومه: (له ڕاستیدا، ئه‌م دوو ڕێکخراوه سه‌ره‌کییه، چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له یه‌ک سه‌رچاوه‌ی ڕامیارییه‌وه، ئاویان خواردووه‌ته‌وه، جیاوازییه‌کی زۆر، له دید و بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانیاندا به‌دی ناکرێ، وه‌ک دوو سیوی لقه‌دارێ وان، هه‌رچه‌نده گه‌ر ئه‌و دوو سێوه، یه‌کێکیان له ئه‌وی دیکه‌یان، که‌مێ گه‌وره‌تر و ره‌نگه‌که‌شی ئاڵتر بێ، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ر وه‌ک یه‌ک وان، چونکه یه‌ک ڕه‌گیان هه‌یه.)*
پێم وایە له‌نێو کورددا، یه‌که‌مین که‌س بووم، زاراوه‌ی بنه‌ماڵه‌م بۆ بنه‌ماڵه‌ی (تاڵه‌بانی) به‌کارهێناوه. که‌چی ڕێکخستنه‌کانی (یه‌کێتی) له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، زۆر تووڕه‌بوون و ده‌یانگوت: (یه‌کێتی) که‌ی پارتی بنه‌ماڵه‌یه؟ به‌ڵام ڕۆژگار سه‌لماندی، بۆچوونه‌که‌م ڕاست ده‌رچوو. ئاخر (مام جه‌لال) له ساڵی (1975-2017) واته (42) ساڵ، به ساغی و به نه‌خۆشی، هه‌ر خۆی سکرتێری گشتی (یه‌کێتی) بوو، گه‌ر نه‌خۆشیش نه‌که‌وتایه و پتر بژیایه، هه‌ر خۆی سکرتیر ده‌بوو! ئه‌وه‌ته دوای مردنه‌که‌شی، هه‌ر ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆی، ده‌سیان به‌سه‌ر ڕێکخستنه‌کانی (یه‌کێتی)دا گرتووه!
* حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز، ڕۆڵی سیستێمی بنه‌ماڵه له بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستاندا، چاپی 1، چاپخانه‌ی میدیا، سوید – ستۆکهۆڵم، 1997، ل 48-56.