(عەلی کوڕی ئەبوتالیب 599-661 ز.)، نزیکەی (1400) لەمەوبەر، ناهەقی نەبووە، لە تاو دەردی هەژاری گوتوویەتی: (گەر هەژاری پیاوێ بووایە، دەمکوشت.)
منیش (3) ساڵ لەمەوبەر نووسیومە: ئاخر گەر ئەو سەرکردە دەوڵەمەندە تەنگەئەستوورە زۆردارانەی پارتەکانی لەمەڕ خۆمان، پەنجەی مناڵێکیان گەرمبێ، نەک هەر لە شارەکانی خۆیاندا، بە پەلە چارەسەریاندەکەن، بەڵکوو بە زووترین کاتیش، ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیان دەکەن، لە سەر بژێوی و ژیانی کولەمەرگی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە هەژارە، لە باشترین نەخۆشخانە، پارەیەکی زۆر و مفتیان بۆ خەرجدەکەن، تا بە تەواوی چاکدەبنەوە. بەڵام کەسوکاری مناڵانی هەژاری گەلەکەم، هێندێ جار پارەی دەرمانیشیان نییە، بیکڕن و ڕۆڵەکانی خۆیانی پێ چارەسەرکەن، یا لە مردن ڕزگاریانکەن.
لەبەرئەوە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: گەر دەسەڵاتم هەبووایە، دەستم بەسەر سامانی، هەموو ئەو سەرکردە و دەسەڵاتدارە زۆردارانەی، پارتەکانی وڵاتەکەمدا دەگرت، بەسەر هەژاران و بێکارانی گەلەکەمدا دابەشمدەکرد، چونکە هەم بەری رەنجی خۆیانە و لێی بێبەشکراون، هەم بۆئەوەی کەمێ، تامی دەردی نەبوونی و هەژاری بچێژن، جا با هەر سیریان بخواردایە و زوڕنایان لێ بدایە!