بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونمەوە (11. 9. 1950) پوختەیەکی چیرۆکی ژیانم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2026-09-14     31

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

 

ژیانی مناڵی و خوێندن

ساڵی (1950)، باوكم (حاجی شێخ موحەممەدی حاجی شێخ عەزیز)، لە شارۆچكەی (پێنجوێن) لە نەخۆشخانە برینپێچ بوو، منیش لە ئەوێ لەدایكبووم و لەنێو بنەماڵەیەكی شێخانی (باراوی) ئایینی ناسراوی شاری (سولەیمانی)، گەورەبووم و پەروەردەكراوم. بەڵام دوای (2) ساڵ گەڕاینەوە بۆ شاری (سولەیمانی) و هەموو قۆناغەكانی خوێندنم، هەر لە (سولەیمانی) تەواوكردووە.

ساڵی (1976)، لە بەشی بەروبوومی كێڵگەی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سولەیمانی، بە پلەی بەرز دەرچووم، یەكەمی بەشی خۆمان و لە سەر ئاستی كۆلێژەكەشمان یەکێ لە (10)یەمین خوێندكاری کۆلێژەکە بووم.

ساڵی (1977) لە زانكۆ دامەزرام، تا ساڵی (1981) زانكۆشیان بۆ (هەولێر) گواستەوە، هەر لە ئەوێ‌ مامۆستا بووم. (4) جار بۆ خوێندنی ماستەر لە زانکۆ و (2) جاریش، بۆ دەرەوەی وڵات هەوڵمدا، بۆ دوکتۆرا بخوێنم، بەڵام وەریان نەگرتم، چونکە بەعسی نەبووم. ساڵی (1981) دەسەڵاتی میری (عیراق)، زانکۆی (سولەیمانی)یان بۆ (هەولێر) گواستەوە، بەڵام من نەچووم. پاشان لەبەر چەن هۆیەكی ڕامیاری و تایبەتی، ڕۆژی (13. 7. 1981) وڵاتم بەجێهێشت. بەهۆی شۆڕشی كوردەوە، كورسییەكی خوێندنم لە (یەكێتی سۆڤێت) وەرگرت، وەك خوێندكاری خوێندنی باڵا، دەستم بە خوێندن كرد.

ساڵی (1983)، پلەی ماستەرم لە زانستی فەسلەجەی ڕووەک و ساڵی (1987)یش، پلەی دوكتۆرام لە زانستی بەروبوومی کێڵگە، لە (ئینستیتووتی کیشینۆڤ - یەکێتی سۆڤێت)، بە پلەی زۆر باش تەواوكرد. لەبەرئەوەی نەمدەتوانی، بۆ (كوردستان) بگەرێمەوە، ساڵی (1987-1988)، وەك توێژەری زانستی بۆ ماوەی ساڵێ، لە هەمان ئینستیتووت دامەزرام. دوای کیمیابارانی (هەڵەبجە)ش، لە (سۆڤێت) دەركرام. بەڵام ساڵی (1988) لە (سوید)، وەك پەنابەری ڕامیاری وەرگیرام، ماوەی (17) ساڵ لە ئەوێ مامەوە.

 

جارێکی دیکە زانکۆی (سولەیمانی)

دوای ئەوەی ماوەی (24) ساڵ، واتە لەنێوان ساڵانی (1981-2005)، لە کاری مامۆستای زانکۆ و وانەوتنەوە دوورکەوتمەوە، ساڵی (2005) بە یەکجاری گەڕامەوە بۆ (کوردستان)، جارێکی دیکە لە زانکۆی (سولەیمانی) بە مامۆستا دامەزرامەوە. بەڵام ساڵی (2006-2007)، کۆلێژی کشتوکاڵ بۆ (بەکرەجۆ) گوێزرایەوە. لەبەرئەوە دەبووایە، جگە لە ڕۆژی هەینی، هەموو ڕۆژەکانی دیکە بەیانیان زوو، بەرەو (بەکرەجۆ) بڕۆشتینایە.

 

کاری ڕامیاری و چالاکی کوردایەتی

هەر لە سەرەتای لاوێتیيەوە (1962)، لە ڕیزی ڕێکخستنەکانی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان - عێراق) و دواتریش (پارتی دیمۆکراتی کوردستان - عێراق)، تێکەڵی کاری ڕامیاری و خەباتی کوردایەتی بووم. . پاشان لە ساڵی (1970) بە دواوە، لە ڕیزەکانی (کاژیک)دا ئیشمکردووە. دوای ئەوەی ساڵی (1974)یش، گفتوگۆی نێوان شۆڕش و (بەعس) تێكچوو، جەنگ لە (كوردستان) دەسیپێكردەوە، تا ڕۆژی هەرەسەكەی ساڵی (1975)، لە بەتالیۆنی (4)ی هێزی (خەبات) پێشمەرگە بووم. ئەو كاتە لە پۆلی سێی كۆلێژی كشتوكاڵ بووم و گەڕامەوە، ساڵی (1976-1977)، خوێندنی زانکۆم تەواوکرد.

دوای ئەوەی شۆرشی (ئەیلوول) هەرەسیهێنا، یەكێ‌ لە ئەو گەنجانە بووم، ڕۆژی (1. 1. 1977) بەشداریم لە یەكەمین كۆنفرانسی دامەزراندنی (پاسۆك)دا كرد، وەك كوردێكی نەتەوەیی نیشتمانپەروەر، دژی داگیركەری دەوڵەتی (بەعس)، بە كردەوە درێژەم بە خەباتی كوردایەتی خۆم داوە و تا ساڵی (1981) كارمكردووە.

بەڵام دوای ئەوەی ئاگری جەنگی نێوخۆی نێوان پارتەکانی (کوردستان) هەڵگیرسا، چەن مامۆستایەکی زانکۆی (بەعس)ی عەرەبیان کوشت، ڕەوشی (کوردستان) بە تەواوی تێکچوو، لەبەرئەوە وازم لە هەموو كارێكی پارتایەتی هێنا و ڕۆژی (13. 7. 1981)، بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆیشتم و خوێندنەکەشم تەواوكرد. ئیدی لە ئەو كاتەوە تا ئەوڕۆ، بێلایەنیم بۆ خۆم هەڵبژاردووە، ئەندامی هیچ جۆرە پارتێكی ڕامیاری كوردی و كوردستانی نیم.

 

چالاکی ڕۆشنبیری و زانستی

جگە لە زمانی دایك، زمانەكانی (عەرەبی، ڕووسی، ئینگلیزی و سویدی) دەزانم. لە بواری نووسیندا، سەرەتای ساڵی (1970)، دەسم بە وتارنووسین كردووە. تا ئێستەش بە سەدان گوتاری هەمەجۆرەم، لە گۆڤار، ڕۆژنامە و لاپەڕە ئەلیكترۆنییەكانی (كوردستان) و هەندەران بڵاوكردووەتەوە. پتر لە پەنجا كۆڕ و پەنێلم، لەنێوە و دەرەوەی وڵات، لە سەر تێلێفزیۆن و لەنێو هۆڵەكاندا گرتووە. ئەوەتەی دەستیشم بە نووسین کردووە و لەنێوان ساڵانی (1993-2026)دا، (56) نامیلكە و پەرتووكم، لە بوارەكانی (زمان، وێژە، ڕۆژنامەنووسی، ساتیر، كۆمەڵناسی، مێژوو، جوگرافیا، جیۆپۆلێتیك، نەتەوەیی، ڕامیاری و كۆمەڵایەتی}دا چاپ و بڵاوکردووەتەوە، هێندێ لە بەرهەمەكانیشم، (2) یا (3)‌ جار چاپكراونەتەوە. كۆی گشتی ژمارەی لاپەڕەكانی نووسیومن، تێكڕا (402 .12) لاپەڕە دەبێ و چەن بەرهەمێکی دیكەشم، بۆ چاپ ئامادەکردووە، گەر مەرگ مەودا بدا، توانا و دەرامەتی ئابووریم هەبێ‌، ئەوا چاپیان دەكەم.

لە بواری تەرخانی تایبەتی خۆشمدا (كشتوكاڵ)، بە هەر دوو زمانی ڕووسی و كوردی، گەلێ‌ گوتاری زانستانەم، لە گۆڤارە ئەكادێمیكەكانی کۆماری (مەڵدۆڤە ـــ یەکێتی سۆڤێت) و گۆڤاری (چەرمۆ)دا بڵاوكردووەتەوە. لە ساڵی (2007)یشەوە، سەرنووسەر و لێپرسراوی زمانەوانی گۆڤاری (چەرمۆ) بووم، كە گۆڤارێكی وەرزانەی ڕازاوەی ڕەنگینی ئەكادێمی، كۆمەڵایەتی و كەلتووری بوو، هەر سێ مانگ جارێ دەردەچوو، كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی (سولەیمانی) دەریدەكرد، تا ساڵی (2016) خانەنشینکرام، (28) ژمارەم لێ‌ دەرچووە و (6) ڕۆژژمێری ساڵانەی كوردی - فەرەنگیشم دەركردووە. هەروەها ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ریحانە)ش بووم، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سولەیمانی، ساڵی (2000) بە زمانی کوردی دەریدەکرد و لەبەر بێ پارەیی، تەنیا (2) ژمارەی لێ دەرچوو.

جگە لە ئەوەی، لە (كۆمەڵەی ئەكادیمییانی كورد، یەكێتی نووسەرانی كورد و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان) ئەندام بووم. وانەم بە خوێندكارانی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر گوتووەتەوە و سەرپەرشتی خوێندكارێكی ماستەریشم كردووە.

هەروەها ساڵی (1999 – 2010)، لە پەیمانگەی كادێرانی (ی. ن. ك.)، وانەی (هوشیاری نەتەوەیی)م بە خولی كادێران گوتووەتەوە، بەبۆنەی حەڤدە ساڵەی دامەزراندنی پەیمانگەكەشەوە (20. 5. 1996)، ئارمی سوپاسگوزاری و پێزانینی پەیمانگەکەم وەرگرتووە.

 

چالاكی كارگێڕی

ئەوەتەی گەڕاومەتەوە، لە زانكۆ دژی دیاردەی گەندەڵی جەنگاوم و خەریكی چاكسازی بووم. دوو پڕۆژەم لە سەر چاككردنی باری زانستی و كارگێڕیی زانكۆكانی (كوردستان) بڵاوكردووەتەوە و بۆ هەموو لایەنە بەرپرسەكانم ناردووە. بەڵام بە داخەوە گوێی لێ نەگیراوە!

ساڵی (2006– 2007) هەوڵمداوە، (سەندیكای مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان) دامەزرێنم، بۆ ئەو مەبەستەش، (320) مامۆستام لە دەوری ئەو پڕۆژەیە كۆكردەوە، بەڵام كاربەدەستانی دەسەڵاتەكەی (سولەیمانی) نەیانهێشت، سەربگرێ و دژی وەستان!

لە لیژنەی دابەشكردنی زەوی بەسەر مامۆستایانی زانكۆدا ئەندام بووم. كارێكی زۆرم لە خانووەكانی (هەواری زانكۆ)دا كردووە، لە لیژنەی پێداچوونەوە و ساغكردنەوەی ناڕەزاییەكانی مامۆستایاندا ئەندام بووم.

ساڵی (2006-2007)، کۆلێژەکەمان بە تایبەتی و زانکۆی (سولەیمانی) بە گشتی، پێویستیان بە پارە بوو، چونکە ڕەوشی ئەو کاتەی زانکۆ، زۆر باش نەبوو. لەبەرئەوە داوای یارمەتیم لە جێگری شالیارگەی دارایی هەرێم خوالێخۆشبوو کاک (دڵشاد عوسومان) کرد، هەم هاوڕێ و هەم خزمم بوو، یارمەتییەکی زانکۆکەمان بدا. ئەویش زۆر مەردانە و دڵسۆزانە، (100) هەزار دۆلاری بۆ ناردین، دوای ئەوەی نووسراوێکی فەرمیم، لە سەرۆکی زانکۆ (دوکتۆر عەلی سەعید)ەوە برد و پشتگیری داواکارییەکەی کردم. جگە لە ئەوەی، هەر كارێكیان پێ سپاردبم، لە هەموو بوارەكاندا و بە هەموو توانامەوە، هاوكاری ڕاگرایەتی كۆلێژ و سەرۆكایەتی زانكۆم كردووە، هەوڵم بۆ سەركەوتن و پێشخستنی زانكۆش داوە.

 

ڕێزلێنان

شایانی باسە تا ئێستە، (5) جار بە درێژی، مێژووی ژیان و تێكۆشان و بەرهەمەکانم، بە زمانی كوردی و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە.

ـــ گۆڤــــــــــاری (سلێمانی، ژمارە 97، لاپەڕە 52، ساڵی 2008)، بە ناوی (ڕۆڵە بە ئەمەكەكانی شار).

ـــ گۆڤاری (سلێمانی، ژمارە 218، لاپەڕە 28-35، ساڵی 2024)، بە ناوی (دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، تەمەنێکی پڕ لە ئەزموون لە نووسیندا. )

ـــ بە زمانی عەرەبی، لە پەرتووكی (أعلام الكورد، الجز‌ء الثانی، 2009، ص 141– 145)ی خوالێخۆشبوو مامۆستا (جەمال بابان)، بە درێژی مێژووی ژیانم بڵاوكراوەتەوە.

ـــ جارێکیش لە لاپەرەی ئەلیکترۆنی (ویکیپیدیا)دا بڵاوکراوەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵەبانی: بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە وایانزانیوە پاکستانیم
​ئاسایش گرووپێکی داعش دەستگیر دەکات کە سەرجەمیان کوردن
تۆڵەسەندنەوەی ترەمپ لەسعودیە: ئێوە نەتانویست لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی بکەن، ئەمە باجەکەیەتی
مامۆستا عەینەدین مەریوانی، هونەرمەندی هەژاری نەتەوەیەکی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی دەکات
مه‌سعود بارزانی: نابێت ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ببێته‌ هۆی تێکچونی پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب
پێشانگای شێوه‌كاران له‌ كۆڵن-ئه‌ڵمانیا به‌ به‌شداری هه‌ژار كه‌لهوڕی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا
ئێران وردەکاریی ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەکەی گەرووی هورمز دەداتە عێراق و وڵاتانی کەنداو
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دوایین مۆڵه‌ت ده‌داته‌ به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كوڕه‌ك تیلیكۆم
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×