(6) ساڵ لەمەوبەر و لە مانگی (5)دا، نووسەر و ڕووناکبیر و ڕامیاری ناسراوی شیعەی عەرەبی (عێراق) و دۆستی نەتەوەی كورد (حەسەن عەلەوی)، چاوی بە بەڕێز (مەسعوود بارزانی) کەوتووە، گفتوگۆکەی نێوانیانمان بۆ دەگێڕیتەوە و دەڵێ:
(به بارزانیم وت: تێبگەن، ئێوە نابنە دوبەی. دوبەی بە کەڵکی ئێوە نایە. مۆبایل و مۆڵتان بۆ چییە؟! داهاتووی ئێوە، مەڕ و بزن، گەنم و جۆ و کشتوکاڵە، خوا هەموو شتێکی داونەتێ.)
پاشان گوتوویەتی:
(500 ساڵ بەسەر جەنگی چاڵدێراندا تێپەربووە، بەڵام چاڵدێران هەر ماوە. کەچی ئێوە خەوتوون و هێشتا، قاچتان لەبەر خۆرە. هەر خەریکی پارتایەتی و نێوچەگەرین، بەسەر هەولێر و سولەیمانیدا دابەشبوون. بۆ هێندە پهرتهوازهن؟!
ئاخر ئێوه، 500 ساڵ لە درووستکردنی دەوڵەت دواکەوتوون، کاتێ ئیمپراتۆریای عوسمانی ڕوخا، ئێوە لە کوێ بوون؟! ئەی ساڵی 1991، ئەی لە 2003 کە عێراق نەما، له كوێ بوون؟!
ئێوە دەوڵەتتان پێ دەدەن، بەڵام خۆتان لێی ڕادەكەن. کورد بە دۆخی ڕەتکردنەوە ڕازییە و گرێی مێژووی بۆ ناکرێتەوە. ئێوە دوای ساڵی 1991، دەسەڵاتتان درووستکرد نەک دەوڵەت. ئەوە هەڵەی ئێوە بوو، جارێکی دیکە دووبارەتانکردەوە. دەسەڵاتیش بەبێ دەوڵەت، وەک شێری برسی وایە. دەسەڵاتێکی وا هەموو شتێ دەخوا و لوشىدەدا، بۆیە دەسەڵاتی کوردی دەوڵەتی خوارد!)
منیش دەڵێم:
(حەسەن عەلەوی)، ئەم قسانەی بۆ سەرکردەی پارتەکان و گەلێک کردووە، بەڵام بە داخەوە تێی نەگەیشتوون. کەچی هەموو شتێکی خراپ و زیانبەخشی وەک ناکۆکی، دووبەرەکی، جەنگی کوردکوژی و بیانیپەرستی، زۆر باش دەزانن، تەنیا هەر یەکێتی ڕیزەکانی گەل، برایەتی نەتەوەیی، کاری ڕامیاری و دیپلۆماسی، ڕزگارکردنی خاک، سەربەستی گەل و دامەزراندنی دەوڵەت نازانن!!!
تێبینیی:
ئەم دەقەی سەرەوە، لە لاپەڕەی (درۆ بۆ گڵ، ڕاست بۆ دڵ) وەرگیراوە، بەڵام دەسکاری ڕێنووس و داڕشتنەکەیم کردووە، بێ ئەوەی نێوەڕۆکی بابەتەکە تێکچووبێ.