6 ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت بە پڕۆسەی بەعەرەبکردن، کێشەی کەرکووک و ڕەوشی باشووری (کوردستان) نووسیومە:
هەموو کەسێ دەبێ، لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، تەرازووییەکی ژیربێژی ڕاستینەی هەبێ. پێش ئەوەی بڕیارێکی گرنگ و چارەنووسسازانە بدا، هەموو لایەنەکانی چاکە و خراپەی، ئەو کارەی مەبەستێتی جێبەجێیبکا، بە سەنگێکی سەنگین، بە باشی بیکێشێ، پاشان ڕاسترین و گونجاوترین بڕیاریان هەڵبژیرێ!
ئەو کەسەی نەتوانێ، داکۆکی لە نیشتمانەکەی خۆی بکا، نەک هەر ناتوانێ، ئابڕووی ماڵەکەی خۆی بپارێزێ، بەڵکوو دوژمنانیش، زوو تێکیدەشکێنن!
گەر سەرکردایەتی پارتەکان و دەسەڵاتی میریی هەرێم، خۆیان بە دڵسۆز دەزانن و کار بۆ کورد و (کوردستان) دەکەن، ئەی پێمان ناڵێن:
* بۆچی تا ئێستە، لە جاران خراپتر، پڕۆسەی بەعەرەبکردنی هێندێ نێوچەی (کوردستان)، هەر بەردەوامە؟!
* کێشەی (کەرکووک) چی بەسەرهات؟!
* ئایا کێ ئەم ڕەوشە نالەبارەی، لە باشووری (کوردستان) ئەفراندووە و بەرپرسیارە؟!
* گەر سەرکردایەتی پارتەکان و میریی هەرێم، خۆیان بە عێراقی دەزانن، بۆچی ئەم هەموو سیخوڕ و دوژمنانەی گەلی کورد، بە ئاشکرا لە (کوردستان) تەراتێندەکەن؟!
* تا کەی ئەم ڕەوشە خراپە بەردەوامدەبێ، بێکاری و هەژاری چارەسەردەکەن؟!
هەرچی چۆنێ بێ، گەر کوڕوکاڵانی کورد، دڵسۆزێکی ڕاستەقینەی نەتەوە و خەمخۆرێکی گەورەی نیشتمانەکەی خۆیان بن، گوێ بە کەموکووڕی و تاڵانوبڕۆ، گەندەڵی سەرکردایەتی پارتەکان و دەسەڵات نادەن، چونکە نەتەوە و نیشتمان، هیچ جۆرە تاوانێکیان نییە. بۆیە هەرگیز نابێ، خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمانەکەیان، لە بیر و هۆشیاندا کاڵبێتەوە!