نووسەر و مامۆستای زانکۆ
ئەم وتارە، ڕۆژی (20. 4. 2020) نووسراوە، لە لاپەڕەکانی (ئاوێنە) و (فەیسبووک)دا بڵاوکراوەتەوە، (1677) لایکی بۆ کراوە. بەڵام زۆر بە داخەوە، ئەوا پتر لە (6) ساڵ، بەسەر بڵاوکردنەوەیدا تێپەڕدەبێ، کەچی نەک هەر ناکۆکی و دووبەرەکی، جیابوونەوە و دوو جۆر بەڕیوەبردنی دەسەڵاتی باشووری (کوردستان)، لەنێوان ئەو دوو لایەنە جەنگخوازەدا، کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو پتر تاوی سەندووە و خەریکە، ئەم ئەزموونەشمان وەک دەیان ئەزموونی دیکەی مێژوویی، لە گۆڕستانی مێژووی دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە نانیشتمانییەدا، سەرەونگوم دەکرێ و دەنێژرێ!
ئێستەش خوێندەوارانی بەڕێز فەرموون، دەقی وتارەکە بخوێننەوە، تا بزانن، بۆچی ئەم جەنگە نێوخۆییەی نێوان ئەو دوو لایەنە، تا ئەوڕۆ کۆتایی نەهاتووە؟!
- (پارتی) و (یەکێتی)، لە یەک تۆو درووست نەبوون، بۆیە لە یەک چاڵی، بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورددا ناڕوێن، بەڵکوو دوو تۆوی جیاوازن و لە دوو چاڵی جیاوازی، بەرژەوەندی تەسکی تایبەتی، دوو بنەماڵەی جیاوازدا ڕواون!
- داگیرکەران خاکی نیشتمانەکەمانیان، لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، بە هەمان شێوەش ئەو دوو بنەماڵەیە، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردیان، لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە!
- لە باشووری (کوردستان)، لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا، شتێ نییە، ناوی بەرژەوەندی گشتیی نیشتمان و بزووتنەوەی کوردایەتی بێ، بەڵکوو ئەوەی هەیە و نییە، شەڕی دەسەڵات و پارەیە، ئەمەش بە کۆنەقین دەکرێ. بۆیە بە هیچ جۆرێ، لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندی باڵای گەلەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد ناڕوانن!
- لەبەرئەوە، ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، بەگوێرەی بەرژەوەندی تەسکی تایبەتی پارتایەتی و بنەماڵەکانی خۆیان، یاری بە چارەنووسی ئەم گەلە بندەستە چەوساوەیەوە دەکەن. کلکیان بە دەزگە سیخووڕییەکانی، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە گرێداوە، هەر جارەی بەپێی بارودۆخەکە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، وەک یاریی دووگۆڵی، بە نۆرە سەردەگۆڕنەوە!
- سەرکردایەتی هەردوو باڵی (جەلالی) و (مەلایی)، وەک کۆمەڵێ بووکەڵەی سەر شانۆ وان، سەرەداوەکانیان لە نهۆمی سەرەوەی شانۆکە، بە دەست ئەکتەرەکانی سەرانی، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)ەوەیە، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و ڕووداوەکان دەیانجووڵێنن، هەڵیاندەسووڕینن، گەمەیانپێدەکەن، هەڵیاندەپەڕینن و بەگژ یەکدیاندا دەکەن!
- ئاخر ئەم دوو بەڵایە، کوردایەتی لە دژایەتیکردن و قڕکردنی یەکدیدا دەبینن. بۆیە ئەوڕش خەریکە، بە پشتیووانی سەرانی هەردوو دەوڵەت (توورکیا) و (ئێران)، جەنگێکی خوێناوی دیکەی ناپاکانە هەڵدەگیرسێنن، بۆئەوەی لایەکیان لووتی ئەوی دیکەیان بشکێنێ و بیبەزێنێ. لە ئەنجامیشدا، تەنیا هەر گەلەکەمان، تووشی زیان دەبێ.
- بە ڕاستی ئەم هەڵسوکەوت و کارە قێزەونانەیەی، سەرکردایەتی هەردوو پارتی، ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، لە تامیان دەرکردووە و لە هەموو دابونەریتێکی نەتەوەیی، ڕامیاری، یاسایی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری لایانداوە، بەتەواوی سنووری ڕەوشت و پێوەندی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییان بەزاندووە! گەر کاریش تا سەر بە ئەو شێوەیە بڕوا، دەبێ، (فاتیحە) بۆ ئەم ئەزموونەی گەلی باشووری (کوردستان) بخوێنین. ئەمەش ئامانجی هەرە بەرز و خەونی گەورەی ستراتیژی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) نەبێ، هیچی دیکە نییە!
- لە کۆتاییشدا دەڵێم: هەق وایە، کوردە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە سەربەخۆکان، ڕێزی خۆیان بگرن، بڕوا بە هیچ جۆرە پڕوپاگەندەیەکی ئەو دوو پارتە نەکەن، زوڕنا بۆ هیچ لایەکیان لێ نەدەن، با تەنیا هەر دەسندەخۆر و هەلپەرستەکانی خۆیان، ئەندامەکانی خوارەوە بە گشتی، ئەوانەی تازە سەریان لە هێلکە جوقاوە و بە ناوی سەرکردایەتی پارتەکانەوە قسەدەکەن، دەروێش ئاسا، لە هەموو کاسەیەکدا ئەسکوێن، لە ئەندامانی سەرکردایەتییەکانیان دەمگەرمتر و خراپترن، زوڕنایان بۆ لێدەن و ئاگرەکە خۆشترکەن. چونکە تەنیا هەر ئەوان، لە زەلکاوی هەلپەرستی، گێرەشێوێنی، ناکۆکی و دووبەرەکیدا، مەلەوانێکی وریا و شارەزا و لێهاتوون، زۆر بە باشیش، کەڵک لە جەنگی نێوخۆی، نێوان دوو بنەماڵە زلهێزەکە وەردەگرن!
پێم وایە، گەر چارەسەڕێکی بنەڕەتی، بۆ ئەم گرفتە گەورەیە نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەو هەموو قوربانی و دەسکەوتە مەزنانەی، لە ماوەی ئەم (50-60) ساڵەی، ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە باشووری (کوردستان) بەدەسیانهێناوە، وەک بڵقی سەر ئاوی لێ دێ!