نووسەر و مامۆستای زانکۆ
زۆر بە داخەوە، مێژووی کورد سەلماندوویەتی: ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد پتر، تەنیا هەر لە ڕۆژە تەنگ و تاریکونووتەک، تەنگانە و پڕ مەترسی، لە ترسان و لەناچاریدا یەکدەگرن. بەڵام لە ڕۆژە ڕووناک و ئازادەکاندا، دژی یەکدی دەوەستن!
چونکە پەتای پولوپارە، پلەوپایە و دەسەڵات، وەک دڕکێکی تیژ، لە چاویان دەچەقێ و کوێریاندەکا. لەبەرئەوە، پرشنگی خۆری ئازادی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتمان نابینن. بۆیە هەر زۆر زوو، لەنیوخۆیاندا تێکدەچن و لە یەکدی دادەبڕێن. هەر لەبەر ئەم هۆ گرنگەشە، ئەوەتەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد هەن، هیچیان بە هیچ نەکردووە، تا لەسەر ئەم ڕەوشت و کەلتوورە قیزەونەش بەردەوامبن، هەزاران ساڵی دیکەش خەباتبکەن، هیچ بە هیچ ناکەن!
هەر وەک زانا و ئەکادێمی، نووسەر و بیرمەندی ناسراوی توورکیش، دۆستی هەرە گەورەی نەتەوەی کورد (ئیسماعیل بێشکچی) فەرموویەتی: (هیچ ڕێی تێ ناچێ، میللەتێکی شەست میلیۆن کەسی، ژێردەستە و بێ دەوڵەت بێ، گەر خۆیان کەلەپچەیان بۆ دەست و پێکانیان درووست نەکردبێ.
من زۆر جار، بە سەرکردە کوردەکانم گوتووە، بەس یەکگرتووبن، هیچ ڕژێمێک بەرگەی یەک هەفتەتان ناگرێ. بەڵام ئەوان یەکگرتوویی ناوماڵی خۆیان، ڕەت دەکەنەوە، چونکە کەسیان ئامادە نییە، لە ئەوی دیکە خۆی بە پچووکتر بزانێ. ئیدی گەلێک بووەتە قوربانی غەرەز شەخسی، چەن ڕامیارێکی خۆ بە زۆرزان.(