بەشی یەکەم
پێشەکی
گەر بڵێم: زۆربەی هەرە زۆری، هۆنەرە کلاسیکییەکانی کورد، لە ژووری حوجرە، هەیوانی مزگەوت، سەکۆی تەکیە و حەوشەی خانەقا گەورەکاندا، فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، گەورەبوون و پێگەیشتوون. هێندێکیشیان هەر خۆیان فەقێ، مەلا، شێخ و زانای ئایینیش بوون. هێندێکی دیکەشیان، تەنیا هەر کاسبکار و هەژار بوون. بۆیە بیر و باوەڕی ئایینی ئیسلام، بە شێوەیەکی گشتی، کارێکی زۆری لە بیرکردنەوە و بەرهەمەکانی زۆربەیان کردووە، هەر بە ئەو شێوەیەش، لە ژیانیان ڕوانیوە، ئەوا بە هیچ جۆرێ، لە ڕاستی لام نەداوە. لە هەمان کاتیشدا، هەموو ئەو دید و بۆچوونانەی، سەبارەت بە زۆر شت هەیانبووە، بە ئاشکرا دیارە و پێویستی، بە دەمەتەقێ و بەڵگەهێنانەوە نییە.
پوختەیەکی ژیانی هۆنەر
سەرەتا زۆر بە پێویستی دەزانم، باسێکی ژیان و بەرهەمەکانی هۆنەری پێشکەوتووخوازی کورد بکەم. خوالێخۆشبوو «شێخ موحەممەد شێخ عەبدولقادر شێخ سەعیدی دۆڵاشی»، کە بە «موحەممەد کابول» یا «قانع» ناسراوە، وەک کۆرپەی دەربەدەرێ، ڕۆژی «15. 9. 1898»، لە گوندی «ڕیشێن»ی بناری «شارەزوور ــ مەریوان»، لە دوای «14» خوشک لەدایکبووە. هۆنەر سەبارەت بە شوێنی لەدایکبوونی خۆی گوتوویەتی:
لە ئەسڵا خەڵکی «دۆڵاشم»، مەریوان جێگەی ئەژدادم
«موحەممەد کابولی»م، ئەمما تەخەللوس «قانع»م ناوە
هۆنەر لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ئایینی بووە، جۆرە دەسەڵاتێکیان هەبووە، باوباپیری ڕێنمایی ئایینیان کردووە. باوکی لە شێخانی «کابلی مەریوان» و دایکیشی لە شێخەکانی «کەوڵۆس»ی بناری «شارەزوور» بوون.
«قانع»، هێشتا تەمەنی «40» ڕۆژ بووە، باوکی کۆچیدوایکردووە. تازەش پێی گرتووە، دایکیشی مردووە. لەبەرئەوە لە ماڵی مامەکانی ژیاوە و پەروەردەیانکردووە. پاشان لە گوندی «چۆڕ»ی نێوچەی «مەریوان»، لە ماڵی خزمێکی بووە و لە حوجرە دەستی بە خوێندن کردووە. پێش ئەوەی بە تەواوی، فیری خوێندنەوە و نووسین بێ، هێندێ جار هۆنراوەی سەرزەنشتی داناوە، ئیدی بە ئەو شێوەیە بەردوامبووە، تا ئەو هۆنەرە گەورەیەی لێ دەرچووە.
هۆنەر لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، لەبەر هەژاری ناچاربووە، هەموو جۆرە کارێ بکا. بۆ نموونە: ماوەیە مامۆستای قوتابخانە بووە. هەروەها فەرمانبەری، کرێکاری، مەلایەتی، جوتیاری، ئاشەوانی و وردەواڵەفرۆشیشی کردووە. بەڵام لە هەموو ئەو کارانە پتر، ئاشەوان بووە. «9،17»
ساڵی «1960»، ماڵی لە شاری «سولەیمانی» بووە. لە گرتووخانەی «سولەیمانی»، وانەی فێربوونی نووسین بە کوردی، بە بەندکراوەکان گوتووەتەوە. پاشان تووشی ئازاری دەروونی بووە و دڵی شکاوە. لەبەرئەوە شاری «سولەیمانی» بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچەی «شلێر»، لە شارۆچکەی «پێنجوێن» گیرساوەتەوە.
«قانع»، هۆنەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر بوو، تا ئەندازەیەکی زۆر، نەترس و بە جەرگ بوو، زۆر بە تەنگ گەل و نیشتمانەکەیەوە بوو. هەژاری و دەستکوورتی هۆنەر، بەڵگەی دەروون بەرزی بوو. لەبەرئەوە گەر یەکێ ویستبێتی، دەستی یارمەتی بۆ درێژکا، قەبووڵی نەکردووە. بۆیە گوتوویەتی:
لە تۆزی ئاشەدا، غەرقم لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم
بەڵام چەند خۆشە ئەو تۆزە، کە هەر خۆم ئامێرم بۆ خۆم
نەترسی ئەمری ما فەوق و مەحکوومی بەراتی تۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەست و ئەستۆم «9، 22»
لەگەڵ ئەوەشدا، «قانع» هۆنەرێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی بەناوبانگی کورد بووە، بەھۆی هۆنراوەکانیشیەوە، بە «هۆنەری چەوساوەکانی کوردستان» ناسراوە. بەڵام بە داخەوە، هۆنەر لە سەرەتای لاوێتیدا، تووشی نەخۆشی «تەنگەنەفەسی» بووە، ڕۆژبەڕۆژیش تا هاتووە، بەرەبەرە زیادیکردووە و تەنگی پێ هەڵچنیوە.
لە ئەنجامیشدا، هەر بە هەمان نەخۆشی، ڕۆژی «7. 5. 1965»، لە گوندی «لەنگەدێ»ی نزیک چەمی «شلێر»ی شارۆچکەی «پێنجوێن»، لە تەمەنی «67» ساڵیدا، بە دەم داخ و دەرد و گۆشەگیرییەوە، ماڵاوایی لە ژیانی پر لە ئێش و ئازار، نەخۆشی و ناخۆشی، هەژاری و دەربەدەری کردوووە، گیانی پاکی بە خاکی نیشتمانەکەی سپاردووە و هەر لە گۆڕستانی هەمان گوندیش نێژراوە. دوای ئەوەی بە خاکیشیان سپاردووە، لەسەر داوای خۆی، کورتەیەکی ژیان و ئەم چوارینەی خۆیان، لەسەر سێ پارچە بەردی مەڕمەڕ نووسیوە:
نەبوو لە «کوردستان» ڕۆژێ، سەرۆکێ یاخوو خەمخوارێ
هەمیشە بۆ ئەبێ کوردان، بەڵا و ناسۆری لێ بارێ
ئەگەر مردم، لەسەر قەبرم بنووسن، تو خوا یاران
شەهیدی عیشقی میللەت بووی، کەچی نەتدی پەلامارێ «5، 126»
«قانع»یش وەک زۆربەی هۆنەرەکانی کورد، چەن جارێ باسی خۆی و ستاییشی هۆنراوەکانی خۆی کردووە و گوتوویەتی:
بە کوفری تێ مەگەن، ئەشعاری وردم
هەمووی پەند و دووڕ و مەرجانە بۆتان «1، 144»
هەروەها گوتوویەتی:
«قانع»م ئەسپی خەیاڵم، چەندێ تر سەرگەرم ئەبێ
مشتەری ئەشعارەکانم، قەڕنێ تر بێ شەرم ئەبێ «1، 144»
یاد و بیرەوەری
ساڵی «1955»، باوكم لە شارۆچکەی «سەييدسادق»، وەک برینپێچ دەسبەکاربوو، ئێمەش لەگەڵی چووين. ئەوە يەكەمين جاربوو، باوكم خانوويەکی گەورە، لە دەوڵەت وەرگرێ. خانووەکە سێ ژووربوو، ژووری پێشەوە بۆ نەخۆشخانە تەرخانکرابوو. دوو ژوورەکەی ديكەش، خۆمانی تێدا دەژياين. بە شێوەیەکی بەردەوام، میوانمان دەهات و شەوانە لەگەڵ باوکمدا کۆدەبوونەوە.
ئەو کاتەی بۆ یەکەمین جار، خوالێخۆشبوو «قانع»م بینی، تەمەنم لەنێوان «5-6» ساڵاندا بوو، ئەویش لە تەمەنی «57» ساڵیدا بوو. لەبيرم دێ، ڕۆژێکیان «قانع»ی هۆنەرم، لە نەخۆشخانەكەی «سەییدسادق» بینی، نەخۆشبوو، بۆ چارەسەرکردن هاتبوو. لەگەڵ باوكمدا ئاشنايەتی پەيداكرد بوو، هێندێ جار سەری لێ دەدا، زۆر دەستی كورتبوو. ڕۆژێكيان بۆ نانی نيوەڕۆ میوانداریکرد و پێکەوە نانيانخوارد. پیاوێکی زۆر هەژار دياربوو، كەوا و سەڵتەیەکی درێژی لەبەردابوو، جووتێ كەوشی سووری گەورەی دڕاوی لەپێدابوو، لە بەلەمێكی چکۆلانە دەچوون! ئێستەش وێنەی ئەو پياوە هەژارە گەورەیەم، هەر لەبەرچاوە! «6، 43»