نووسەر و مامۆستای زانکۆ
لاپەڕەکانی مێژووی کۆن و نوێی کورد، بۆمان دەگێڕنەوە، ئەوەتەی لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوودا، ڕۆڵەکانی تیرە و هۆزەکانی کورد، میرنشین و دەوڵەتیان دامەزراندووە و نیمچە دەسەڵاتێکیان هەبووە، هەرگیز براکان و ئامۆزاکان لەنێو خۆیاندا ڕێک نەبوون، لەسەر دەسەڵات ناکۆکبوون و یەکگرتوونەبوون. لێرەدا چەن نموونەیەک دێنمەوە.
1. ئیمۆراتۆریای ماد (700-550 پ.ز.)
(دیاکۆ 708-655 پ. ز.)، یەکەمین شای ئیمپراتۆریای (ماد – میدیا) بوو. لە ئەو سەردەمەدا، فارسەکان لە چەن هۆزێ پێکهاتبوون، لەژێر دەستی مادەکاندا بوون. (هێرپاکۆس) کەسێکی باوەڕپێکراو بوو. ئەو کاتەی دوا پادشای مادەکان (ئاستیاگ) بوو، ناکۆکی لە نێوانیاندا درووستبوو. (هێرپاکۆس) پەنای بۆ فارسەکان برد و داوای لێ کردن، یارمەتیبدەن. ئەوانیش لەشکرێکیان بۆ ڕێکخست و پەلاماری پایتەختی ئیمپراتۆریاکەیان دا. (هێرپاکۆس) بە پشتیوانی فارسەکان سەرکەوت، ئیمپراتۆریاکەش ساڵی (550پ. ز.) ڕوخا و فارسسەکان ئیمپراتۆریای (هەخامەنشیان) دامەزراند.
2. میرنشینی بابان (16449-1851)
لە میرنشینی باباندا، نەک هەر ئامۆزاکان یەکگرتوو نەبوون، بەڵکوو براکانیش بە خوێنی سەری یەکدی تینووبوون. چەن جارێ لەشکری ئێران و توورکە عوسمانییەکانیان، بۆ سەر یەکدی پەلکێشکردووە. لە ئەنجامیشدا ساڵی (1851) لەشکری عوسمانییەکان، بە سوپایەکی گەورەوە، پەلاماری پایتەختەکەیان (سولەیمانی) داوە و میرنشینەکە ڕوخاندووە، شاری (سولەیمانی)یشیان داگیرکردووە و بە شاری (بەغدا)ەوە لکاندوویانە.
3. یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
ئەوەتەی (جەلال تاڵەبانی) کۆچیدواییکردووە، ڕیزەکانی (یەکیتی) یەکگرتوو نەبووە. ئەوڕۆش زۆر بە ئاشکرا، جووتە ئامۆزا (پاڤێڵ تاڵەبانی) و (لاهور جەنگی)، هەمان سیناریۆی دێرینی مێژوویی ناکۆکی، نێوان ئامۆزاکان دووبارەدەکەنەوە. لەسەر دەسەڵات و پارە ڕێک ناکەون، بە شێوەیەکی بەردەوامیش، جووتە ئامۆزا هەر یەکە بەجیا هەوڵیانداوە، هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆیاندا قۆرخکەن.
لەبەرئەوە هەر زوو لە یەکدی جیابوونەوە، هەر یەکێکیان پارت و دەسەڵاتێکی تایبەتی خۆیان هەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە مێژە لە یەکدی تووڕەن و خۆیان دەخۆنەوە. لە ئەنجامیشدا لە نیوەشەوەوە تا بەرەبەیانی ئەوڕۆ، شەڕ لە نێوانیاندا بەردەوامبوو، شەڕەکەش بە سەرکەوتنی (پاڤێڵ تاڵەبانی)، کۆتایی هات و هێزەکەی (لاهور جەنگی)ش، شکستی هێنا و خۆیان بەدەستەوەدا.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: پێشینان ڕاستیان فەرمووە: کورد هەر کورتە. چونکە هەمیشە ڕۆڵەکانی کورد، لەنیوخۆدا ناکۆکبوون، ڕیزەکانیان یەکگرتوو نەبووە، لەسەر دەسەڵات و پارە، بە خوێنی سەری یەکدی تینووبوون و پەلاماری یەکدیان داوە. بۆیە (2500) ساڵە، بە هیچ نەبووین، گەر ئەم تراژیدیایەش، بە ئەو شێوە جانەوەرانەیە هەر بەردەوامبێ، ئەوا هەرگیز بە هیچ نابین، ئەوەی چەندین ساڵیشە، بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەل بەدەسمانهێناوە، ئەویشمان لەکیسدەچێ و نامێنێ!