نووسەر و مامۆستای زانکۆ
هەڵبژاردن، شانۆگەرییەكی پڕ لە درۆیە، هەموو جارێ دووبارەدەبێتەوە!
تا کۆمەڵانی خەڵک بەهۆش خۆیان نەیەنەوە و وریانەبن، دەسەڵات خراپتردەبێ و هەرگیز باشترنابێ!
چیرۆکی بەربژێرێکی درۆزن!
كەسێکی درۆزنی دووڕوو، خۆی بۆ پەرلەمانی (عێراق) هەڵبژاردبوو، بۆ پڕوپاگەندەکردن و دەستبڕین، سەردانی یەكێ لە گوندەكانی، نێوچەکەی خۆیانی کردبوو، تا چاوی بە شێخی هۆزێکی گەورەی عەرەب بكەوێ.
لەگەڵ شێخ دانیشتبوو، گووتبووی: گەر پشت بەخوا سەركەوتم، ئەوا ئاوی پاكژ بۆ گوندەكەتان ڕادەكێشم و ئیدی ناهێڵم، ئەو ئاوە پیسەی ڕووبارەکەتان بخۆنەوە.
شێخ: دەستخۆش. منیش لای خۆمەوە، (4) هەزار دەنگت بۆ مسۆگەردەكەم.
دوای ئەوەی هەڵبژاردن كرا و تەوابوو، كاكی بەربژێر دەرچوو. بەڵام چوار ساڵەکە تێپەڕبوو، كاكی پەرلەمانتار، نە ئاوی بۆ ڕاکێشان و نە سەرێکی لە گوندەکەش دایەوە، بەڵکوو هەر بەیەکجاری ونبوو!
پاشان بۆ جاری دووەم، هەمان کەس خۆی بەربژێرکردەوە و جارێکی دیکەش، سەری لە هەمان گوند دایەوە. گووتی: گەر دەنگم بۆ بدەن، ئەم جارە ئاوەکەتان بۆ ڕادەكێشم.
شێخەكەش تەشتێ ئاوی ڕووبارەكەی بۆ هێنا، پڕ بوو لە قەوزە. لەبەردەمیدا داینا و گووتی: فەرموو کەمێکی لێ بخۆرەوە، بزانە چۆنە، بەڵێن بێ، گەر بیخۆیتەوە، دەنگت دەدەینێ.
بەڵام كاكی بەربژێر بیریكردەوە، گەر بیخواتەوە، دوور نییە، یەكسەر بمرێ. گەر نەشیخواتەوە، هەرگیز دەرناچێ. لەبەرئەوە خۆی ماتکرد و زۆر بەكوڵ گریا.
شێخ و خەڵكی گوندەکە لێیان پرسی: ئەوە چیتە؟! بۆ دەگری؟!
گووتی: بیری خوالێخۆشبوو حەزرەتی (حوسێن)م كەوتەوە، پێش ئەوەی بمرێ، لە ئەو بیابانە گەرماپڕووکێنەدا بوو، زۆر تینوی بوو.
هەموو خەڵكی گوندەکەش، دەستیان كرد بە گریان و لەگەڵ شێخ چوونەوە بۆ دەنگدان، ئەم جارەش دەستی بڕین و دەنگیان بۆ دا. کەچی دوای ئەوەش، هەر ئاوی ڕووبارەکەیان دەخواردەوە و بەربژێڕەکەش دیارنەما! بەڵێنی بەربژێرەکانی هەڵبژرادنەكانی (عێراق)یش، بە کورد و عەرەبەوە، هەمیشە بۆنەیەكن، درۆی گەورەیان تێدا دەکرێ، كە كەس ناتوانی، بەدیانبێنێ!
هەڵبژاردنی باشووری (کوردستان)
هەروەها پارتەکانی باشووری (کوردستان)یش، بە هەمان شێوە، درۆ نەماوە لە هەگبەکەیاندا نەیكەن، هەر لە (كەركووك) و (خانەقین)ی عەرەبێندراوەوە، تا بە کێشەی مووچە دەگا، بەڵین بە کۆمەڵانی خەڵک دەدەن، كە تا ئێستەش كەس نازانێ، چۆن چارەسەریدەکەن، لەبەرئەوە هێندێ بەڵێنی درۆی گەورە دەدەن. بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ، لەگەڵ پاشەكشەی متمانەی ئەم پارتانە، درۆ و بانگەشەكانیشیان جیاوازی دەبێ، بە جۆرێ خەریكە هێنانی پسكیت و چپسیش، بەدەسكەوت بە خەڵك دەفرۆشنەوە!
بەربژێرەكان چۆن خۆیان دەنوێنن و جیاوازییان لەگەڵ پارتەکان چییە؟
هەڵبەتە بەربژێرەكان، لە پارتەكان ماڵوێرانترن، جگە لە ئەوەی بەشێكیان كردوویانە بە پیشە، هەموو هەڵبژاردنێ خۆیان بەربژێردەكەن، سەیر ئەوەیە دەریش ناچن! بەڵام هێندێكیان ناوی ئەنتیكە و پڕسەمەرەیان لە خۆیان ناوە، بۆئەوەی ڕاوە دەنگ بکەن! بۆ نموونە:
یەكێ لە بەربژێرەكان، لە پۆستەكەیدا نووسیوویەتی: "گەنجترین بەربژێر". هەڵبەتە ئەم بەڕێزە، هەڵبژاردنەكە بە خوازبێنی كچان تێگەیشتووە!
یەكێكی دیكە گوتوویەتی: "مانگی چواردەم". ڕەنگە یەكێ نەیناسێ، لە دڵی خۆیدا بڵێ، دەبێ چ خاتوونێكی جوان و شۆخ بێ، بەڵام دواتر دەردەكەوێ، پیاوێکی سمێڵ بابڕە!
یەكێكی دیكەش خۆی ناوناوە دوكتۆری هەژاران، کەچی هەرچی هەژاریشە، بە دەم دەردی نەخۆشییەوە دەناڵێنێ!
جا وڵاتێ ئەمە پڕۆسە دیموكراسییەكەی بێ، ئایا شایانی ستایشکردنە یا فاتیحا خوێندنە؟! بۆیە تا خەڵک وریا نەبێ، دەسەڵات خراپتردەبێ و هەرگیز باشتر نابێ!
کۆتایی و ئەنجام
لە کۆتایشدا دەڵێم: پێم وایە، کام مرۆڤەی زۆر ژیرە، فەیلەسووفە، نووسەرە، هۆنەرە، مێژوونووسە، زۆر ئاگاشی لە خۆی و دەوروبەرەکەیەتی، بەڵام کاتێ دەنوێ، ئاگای لە خۆی نامێنێ. مرۆڤەکانی ئەوڕۆی کۆڕی کوردایەتیش، هەرچەندە ژیر و وریاش بن، بە شێوەیەکی بەردەوام خەوتوون! بۆیە ئاگایان لە دەوروبەری خۆیان نییە، یا خۆیانی لێ کەڕدەکەن و زۆر زووش، بەڵێنەکانیان بیردەچێتەوە. جا گەر وا نییە، دوای (34) ساڵ ڕاپەڕین، دوای (5) هەڵبژاردنی گشتی، چییان بۆ گەلی کورد کردووە؟! ئایا کۆمەڵانی خەڵک، دەنگ بە هەمان مرۆڤە چەوسێنەرە پارەپەرستەکان دەدەنەوە؟!