نووسەر و مامۆستای زانکۆ
زمانی کوردی، وەک هەناسەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد وایە، لەبەرئەوە هیچ شتێ نییە، هێندەی زمانەکەمان گرنگ و پیرۆزبێ. ئاخر من بۆیە کوردم، چونکە لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووم، لە باوەشی ئەو دایک و باوکە خۆشەویستەشدا، زمانم بە کوردی پژاوە و گەورەبووم.
لەبەرئەوە هەموو ئەو عەرەبانەی، لەبەر هەر هۆیە بێ، لە نیشتمانەکەی خۆیان هەڵاتوون، لە هەر کوێیەکی نیشتمانەکەی ئێمە جێگیربوون و دەژین، نیازیشیان نییە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، بۆ نیشتمانەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، پێویستە ئەوان فێری زمانی کوردی بن و بە کوردی بدوێن، نەک ڕۆڵەکانی گەلی کورد، بە عەرەبی لەگەڵیان بدوێن، چونکە ئەوە بە یەکەمین هەنگاوی، بەعەرەبکردنی دانیشتووانی (کوردستان) دادەنرێ.
ئایا گەر هەر کوردێ، سەر لە هەر نێوچەیەکی عەرەبی بدا، ئەوان بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکەن، یا گەر کوردەکە عەرەبیش نەزانێ، دەبێ هەر بە عەرەبی لەگەڵیان بدوێ؟! کەواتە هیچ کوردێ نابێ، لەگەڵ ڕۆڵەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەی (عێراق)، بە عەرەبی بدوێ. جا گەر وا نەبێ، هەر ئەوە ماوە، چۆن خاکەکەیان لێ داگیرکردووین، بەرەبەرە زمانەکەشمان لەبیردەبەنەوە. بەڵام کاتێ لە بازاڕەکاندا، شت دەکڕن، ئەو کاتە شتێکی دیکەیە و دەبێ، فرۆشیارە کوردەکان، بێبەش نەکەین و کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.
سەیر ئەوەیە، عەرەبەکان دەیانەوێ، خاکەکەمان داگیرکەن و فێری زمانی عەرەبیشمان بکەن، ئەدی ئەوان بۆچی هەوڵ نادەن، فێری زمانی کوردی بن؟! ئایا کاتێ لە وڵاتێکی ئەورووپایی، داوای پەنابەری دەکەن، بۆچی هەوڵدەدەن، فێری زمانی ئەو گەلە ببن؟! دیارە ئەو عەرەبانەی لە (کوردستان)یش دەژین، بە چاوێکی دیکە، لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەڕوانن!
ڕەنگە هێندێ کەس بڵێن، زمان گرنگ نییە و زۆر کارێکی گرانە، عەرەبەکان فیری زمانی کوردی بن! لە وەڵامدا دەڵێم: کاتێ ناچاربوون، فێری زمانی کورد بن، بە هەر شێوەیە بێ، خۆیان فێردەکەن، چۆن لە ئەو وڵاتانەی، لە درەوەی نیشتمانەکەیان دەژین، خۆیان فێری زمانی ئەو گەلانە دەکەن. هەر بۆ نموونە، کاتێ پارتی کۆمۆنیستی (عێراق)، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (بەعس) تێکچوون، عەرەبەکان پەنایان بۆ (کوردستان) هێنا و لە ڕیزەکانی شۆڕشی کورددا خەباتیاندەکرد. هێندێ لە ئەو کادێرانەی، بیروباوەڕێکی شۆڤێنیانەیان نەبوو، خۆیان فێری زمانی کوردی کردبوو. بەڵام شۆڤێنییەکانیان، گاڵتەیان بە زمانی کوردی دەهات، ئەو ئەزموونەشم، لە (یەکێتی سۆڤێت) بە ئاشکرا بینی، کاتێ لە شارەکانی ئەو وڵاتە دەمانخوێن. هاوڕێی کۆمۆنیستی عەرەبم هەبوو، هەر بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکردین.
ئاخر کەمیش نین، ئەو عەرەبانەی لەبەر هەر هۆیەک بێ، لە کۆنەوە لە (کوردستان) جێگیربوون، کاردەکەن و دەژین، خۆیان فێری زمانی کوردی کردووە. کەواتە هەر عەرەبێ بیەوێ، زمانی کوردی فێربێ، هەوڵدەدا و فێریشدەبێ.
با لە کۆتایی ئەم وتارەدا، بابەتێکی دیکەی ترسناک بوروژێنم، کە پێوەندی بە ئاییندەی زمانی کوردی و خاکی نیشتمانەکەمانەوە هەیە. زۆر بەداخەوە، هێندێ خێزانی کورد، دایک و باوکەکانیان، بایەخ بە زمانی کوردی نادەن. چونکە مناڵەکانیان، لە چەن قوتابخانەیەکی بیانی، بە چەن زمانێکی وەک عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی و فڕەنسی دەخوێنن، بەڵام بە کوردی ناخوێنن. لەبەرئەوە نەک هەر بە زمانی کوردی، فیری نووسین و خوێندنەوە نەبوون، بەڵکوو زمانی گفتوگۆکردنیشان، وەک مناڵێکی کورد نییە، کە بە کوردی خوێندوویانە و دەدوێن. بۆیە لە (کوردستان)، چەندین قوتابخانە لە هەر شارێ، بۆ مناڵانی عەرەبە هەڵاتووەکان کراونەتەوە، مناڵەکانیان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان دەخوێنن.
لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: گەر بە هەزاران خێزانی کورد، لە نێوچەیەکی دیاریکراوی عێراقی عەرەبیدا نیشتەجێبکرێن، ئایا دەسەڵاتدارانی عەرەب، ڕێگەیان دەدەن، قوتابخانەی کوردی بکەنەوە و بە زمانی کوردی بخوێنن؟! ئەمە گەر پاشاگەردانی نەبێ، چی دیکەی ناودەنێن؟! ئایا سەرانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی (کوردستان)، بیریان لە ئایندەی زمانی کوردی و مناڵەکانمان کردووەتەوە؟! لە وەڵامدا دەڵێم: گەر هێندە دڵسۆزی زمان و ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوونایە، هەڵبەتە ئەم پاشاگەردانییەیان نەدەخوڵقان!