نووسەر و مامۆستای زانکۆ
لە مێژووی نەتەوەی کوردا، چەندین شێخ و مەلا و ڕابەری کوردپەروەری ئایینی هەبوون، وەک ڕەوانشادان (شێخ عوبێدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، سەیید تەهای شەمزینی، قازی موحەممەد ...)، دژی زۆرداری و داگیرکەرانی (کوردستان) بوون، داکۆکییان لە نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆیان کردووە و گیانی پیرۆزیان، بە خاکی نیشتمانەکەیان بەخشیوە.
بەشێکی دیکەش لە سەرکردە و ڕامیار و نیشتمانپەروەرەکانی کورد، لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی کوردا لە حوجرە، تەکیە و خانەقاکاندا خوێندوویانە و گەورەبوون. لە هەمان کاتیشدا، مەلای کوردپەریان تێدا هەڵکەتووە، بە خۆشەویستی نیشتمان و گەلەکەیان پەروەردەیان کردوون.
بەڵام زۆر بە داخەوە، لە ئەم سەردەمەدا و لە ئەو کاتەوە، پارتە ڕامیارییە ئیسلامییەکان، لە (کوردستان) پەیدابوون، چەندین مەلای (خەتێ)ی وەک (عەلی قەرەداخی)، سەریان لە هێلکە جوقاوە و قووتبوونەتەوە. ئاخر هێندەی ئەم مەلایانە بە ناوی ئایینەوە، لەگەڵ سەران و مەلاکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمان، دژایەتی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد دەکەن، هێندەی پشتگیری سەرکردە تیرۆریست و پەڕگیرەکانی وەک (ئۆردووگان) دەکەن، هێندە ئاوڕێکی کوردانە و دڵسۆزانە، لە ڕەوشی ژێردەستی نەتەوە و داگیرکردنی خاکەکەیان نادەنەوە. تۆ بڵێی، ئەوەتەی ئایینی ئیسلام لە (کوردستان) پەیدابووە و بڵاوبووەتەوە، هەموو مەلاکان هەروا بیانیپەرست بووبن و تووشی ڤایرۆسی دژەکورد بووبن؟!
بەڵێ، ئەم مەلا گەورە دەمڕاستانە، بە ناوی پەروەردەی ئیسلامییەوە، بە پڕوپاگەندەی چەوت و خراپ، سەریان لە مەلا ساویلکە و دڵسۆزەکانیش شێواندووە و وایان لە زۆربەیان کردووە، دژی ئامانج و داواکارییەکانی نەتەوەکەی خۆیان بن، پڕوپاگەندەیەکی خراپ و ناپاکانە، بۆ سەرکردە و لێپرسراوانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان) بکەن، تەنیا هەر لەبەرئەوەی، پارتێکی ئیسلامی توورک، یا فارس، یا عەرەب فەرمانڕەوایی دەکەن و ڕژێمێکی ئیسلامی دەسەڵاتدارن، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بەڕێوەدەبەن و نیشتمانەکەمانیان داگیرکردوووە؟!
لە هەمان کاتیشدا بەئاشکرا، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە، بە خراپترین شێوە، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەچەوسێننەوە و دان بە مافە ڕەواکانیاندا نانێن، بێ ئەوەی ئەو دەستە و کۆمەڵە ئیسلامییانە، دەنگیان لێوەبێ و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی، نەتەوەکەی خۆیان بکەن! ئا لێرەوە، هەموو گرفتە نەتەوەیی و ڕامیارییەکان، لەنێوان کوردپەروەران و دەسەڵاتدارانی، پارتە ڕامیارییە نیشتمانپەروەرەکانی کورد و (کوردستان) و پارتە ئیسلامییەکاندا سەرهەڵدەدا!
ئاخر لە مێژە نووسیومە: (ئایین کاسبییەکی بێ سەرمایەیە!)* هەڵبەتە ئاشکرایە، هەموو ئەو مەلایانەی، دژی ئامانجە نەتەوەیی و ڕامیارییەکانی نەتەوەی کوردن، وەک کورد گوتوویەتی: (لە تەڕ دەەخۆن و لە وشک لێی دەنوون!) بێ ئەوەی لایەبەلای ئێش و ئازاری، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیاندا بکەنەوە، دژی داگیرکردن و چەوساندنەوەی کورد، دەنگ هەڵبڕن و هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبێ، بەڵکوو چەکی ئایین بەکاردێنن، داکۆکی لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان دەکەن، پڕوپاگەندەیەکی زۆر بۆ برایەتی گەلانی موسوڵمان دەکەن، گوایە کورد و عەرەب، کورد و فارس، کورد و توورک، هەموویان برای ئایینین و موسوڵمانن، پێویست بە ئەوە ناکا، دژایەتییان بکەن!
ئاخر لە هەر دەوڵەتێکی ئەم جیهانەدا، کۆمەڵانی خەڵک یا پارتێکی دیاریکراو، دژی ئایینی ئیسلام بن و ڕۆڵەکانی گەلەکانیان بچەوسێننەوە، مووسڵمانە کوردەکانی سەر بە پارتە ڕامیارییە ئیسلامییەکان، لێرەوە هاواریان لێ هەڵدەستی و بە هەموو شێوەیە، داکۆکییان لێ دەکەن. بەڵام ڕۆژێ لە ڕۆژان نەم بیستووە، پارتە ئیسلامییەکان بەگشتی و سەرانی (یەکگرتووی ئیسلامی) بەتایبەتی، دژی چەوسانەوە و کوشتنوبڕینی، کوردەکانی باکوور و ڕۆژاوای (کوردستان) بن، دەنگیان لێوە هاتبێ و داکۆکییان لە مافە ڕەواکانیان کردبێ! بەڵکوو هێندەی داکۆکی لە عەرەبەکانی (فلەستین) بەگشتی و بزووتنەوەی (حەماس) بەتایبەتی دەکەن، هێندەی داکۆکی لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی خۆیان ناکەن، ئەو عەرەبە فلەستینیانەی، ئەوەتەی هەن، دانیان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردا نەناوە و هەمیشە دژی بزووتنەوەی کوردایەتی بوون!
هەر بۆ نموونە: هەموو جاشبیرە موسوڵمانەکانی کورد، پێوەندییەکی توندوتۆڵ و باشیان، لەگەل سەرانی ڕژێمە داگیرکەرە شۆڤێنیە نەتەوەپەرستە قوتابییەکانی (کەمال ئەتاتوورک) هەیە، چاو لە هەموو کار و کردەوەیەکی خراپ، هەڵویست و بڕیارێکی ناڕەوای، ئەو ڕژێمە فاشستە ئیسلامییە دەپۆشن. بە مەرجێ ئەو بەرەڵایی، مەیخۆری، تیاترۆخانە، نێربازی و مێبازییەی، لە (توورکیا)دا هەیە، لە هیچ دەوڵەتێکی دیکەی ئیسلامیدا نییە!
یا هەر هەرایەک لەنێوان پارتە ئیسلامییەکانی (فلەستین) و دەوڵەتی (ئیسرایل)دا ڕووبدا، هەر زوو هەڵویست وەردەگرن، سەری دونییان لێ دیتەوە یەک و پارەیان بۆ کۆدەکەنەوە. بەڵام کاتێ سوپای فاشستی عەرەبە ئیسلامییەکانی (سووریا)، پەلاماری شاری (حەلەب)یان دا، هەردوو گەرەکی (شێخ مەقسوود) و (شەرقییە)یان وێرانکرد، بە سەدان کوردیان لە نێر و مێ، گولەبارانکرد و گیانی پاکیان، بە سزای مەرگ شادکرد، دەنگ لە ئەهریمەنەوە هاتبێ، دەنگ لە جاشبیرە موسوڵمانەکانی (یەکگرتوو)ەوە نەهاتووە! ئەوە جگە لە ئەوەی، عەرەبە فلەستینییەکان، زۆر بێشەرمانە و ڕاشکاوانە، پشتگیری تێرۆریستێکی دۆستی (ئیسرایل)ی وەک (ئەحمەد شەرع)یان کرد، کاتێ ئەو ڕەشەکوژییەی، دژی کوردانی ڕۆژاوایان کرد!
یا کاتێ تێرۆریستێکی پیاوکوژی ئیسلامی وەک (ئەبو محەمەد جۆلانی - ئەحمەد شەرع)، لەگەڵ نوێنەری (ئیسرایل) کۆدەبێتەوە و هەموو داواکارییەکانیان پەسەنددەکا، هەر سێ شاری (قونەیترە، قودس و دیمشق)، پێشکەش بە (ئیسرایل) دەکا،** هیچ پارتێکی ئیسلامی ڕامیاری، دەنگی لێوە نەهات و دژی ئەو ڕێککەوتنە نابەجێ و تاڵانکارییە، هەڵوێستێکی مەردانە و مرۆپەروەرانەیان نەبوو!
بەڵام کاتێ سەرانی دەوڵەتی (ئیسرایل)، داکۆکی لە کوشتنوبڕینی کورد دەکەن، نەک هەر پارتە عەرەبییە ئیسلامییەکان، بەڵکوو کوردە بێ هەست و هۆشەکانی بیری نەتەوەییش، زۆر دژی کورد دەوەستنەوە، بە بەکرێگراو و ناپاک تۆمەتباریان دەکەن. بۆچی بانێکە و دوو هەوا، یا ئەوەی بۆ ئێوە ڕەوایە، بۆ نەتەوەی هەژار و بندەستی کورد بڤەیە؟!
سەیر ئەوەیە، لە کاتی جەنگی نێوان (ئیسرایل) و عەرەبەکانی (حەماس)، کادێرەکانی (یەکگرتووی ئیسلامی)، زۆر بە ئاشکرا و شانازییەوە، نەک هەر بە هەموو شێوەیە، پشتگیری (حەماس)یان دەکرد، بەڵکوو هەر ئەوە نەبوو، قوڕیان نەدەپێوا. ئەوە جگە لە ئەوەی، بەناوی لێقەوماوان و دەربەدەرەکانی، عەرەبە فلەستیینەکانی دانیشتووی (غەزە)ەوە، پارەیەکی زۆریشیان بۆ کۆکردنەوە، تا ئێستەش کەس نازانێ، چەندیان لە ئەو پارەیە نارد و بۆ کێیان نارد!
* سەبارەت بە کار و کردەوە، بیر و هەلوێست، دید و بۆچوونی ڕابەرانی پارتە ئیسلامییەکانی (کوردستان) و هێندێ مەلای کورد، لە پەرتووکی (پەتای بیانیپەرستی و دێوجامەی ئایین، چ1، 2024، بە (202) لاپەڕە، بەدرێژی لەسەر ئایین و ئیسلامی ڕامیاری کوردستان نووسیومە. پەرتووکەکەش لە (خانەی بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی) لە شەقامی (مەولەوی) دەستدەکەوێ.
** دوکتۆر سەربەست نەبی، چاوپێکەوتن.