نووسەر و مامۆستای زانکۆ
لە سایەی بەرگری و داکۆکی شێرانەی، هێزە چەکدارە ئازاکانی ڕۆژاوای (کوردستان)، بەهۆی کار و کردەوە، شۆڤێنی و داگیرکارییەکانی، سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری (سووریا) و هێزە تێرۆریستەکانی ئیسلامی ڕامیاری، ئەوڕۆ بزووتنەوەی ڕامیاری و شۆڕشی چەکداری، گەلی کوردی ڕۆژاوای (کوردستان)، وەک بزووتنەوەیەکی گەورەی ڕەوای نێونەتەوەیی، هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ و کێشەی کورد، وەک کێشەیەکی نیودەوڵەتی، لە دەزگە فەرمییەکانی جیهاندا، خۆی سەپاندووە و باسدەکرێ.
چونکە یەکەمین جارە لە مێژووی کورددا، هێزە جەنگاوەرە ئازا و بوێرەکان و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد، بە هەزاران کەس ڕوو لە ڕۆژاوا دەکەن، وەک هێزێکی ڕامیاری و میللی کوردی، هەموو سنوورە دەستکردەکانی نیشتمانەکەمانیان بەزاندووە، بە ملیۆنان کورد لە هەموو بەشەکانی (کوردستان)ی مەزن و لە دەرەوەی (کوردستان)یش، لە هەموو جۆرە چالاکی و ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوەیی کورددا، بەشدارییانکردووە. جگە لە ئەوەی کێشەی کورد، وەک کێشەیەکی نیودەوڵەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ، لە هەموو وڵاتانی کیشوەری (ئەورووپا: بریتانیا، فڕەنسە، ئەمێریکا، کەندا، ئوسترالیا ...)، بە شێوەیەکی زۆر فراوان بڵاوبووتەوە و نیشتمانپەروەرانی کورد، بە هەموو توانا و باوەڕێکەوە، خۆپیشاندان سازدەکەن، یارمەتی کۆدەکەنەوە، ناڕەزایی دەردەبڕن و چەک هەڵدەگرن، بێ ئەوەی لە هیچ شتێ سڵ بکەنەوە، دژی داگیرکەرانی (کوردستان) و هێزە تیرۆریستە شۆڤێنییە جەنگخوازەکانی ئیسلامی ڕامیاری، زۆر بە ڕاشکاوی و بە ڕوونی، دید و بۆچوون و بیروباوەڕی پیرۆزی خۆیان دەدەبڕن.
هەڵبەتە ئەم گۆڕانکارییە نوێیە مەزنەش، کارێکی زۆر گەورە و گرنگی، لە دید و بۆچوونی، هێزە دەسەڵاتدارە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا، کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی، لە هەڵوێستی دەوڵەتە دەسەڵاتدارە گەورەکانی جیهاندا دەبێ و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد دەکەن. هێزە کوردییەکانی ڕۆژاواش، بە هیچ شێوەیە، نەک هەر واز لە بەرگری شۆڕشگێڕانە ناهێنن، بەڵکوو هەرگیز سەریش، بۆ داواکارییەکانی دوژمنان و داگیرکەری دەوڵەتی (سووریا) دانانەوێنن، هەموو گوند و نیوچە و شارەکانی ڕۆژواش، وەک (كوبانی،عەفرين، سەری كانی وكری سپی ...) تا دوا تنۆکی خوێن، بە گیان و بە دڵ دەپارێزن.
سەبارەت بە ئەو ڕێککەوتنەی، دەوڵەتێکی زلهێزی (ئەمێریکا) و چەن لایەنێکی دیکە، دژی ئەزموونە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکەی گەلی کوردی ڕۆژاوا کردیان، لێرەدا هەر هێندە دەڵێم: لە مێژە شالیاری دەرەوەی ناسراوی ئەمێریکا (هێنری کیسنجەر)، سەبارەت بە پێوەندی دەوڵەت و نەتەوەکانی جیهان گوتوویەتی: (کارێکی زۆر مەترسیدارە، گەر دوژمنی ئەمێریکا بی. بەڵام گەر هاوڕێشی بی، خۆکوشتنە!)
هەروەها دەبێ، ئەوەشمان بیرنەچێ، دەوڵەتە زلهێزەکان بە تایبەتی و دەوڵەتە گەورەکانی نێوچەکەش بە گشتی، پێش هەموو جۆرە شتێ، پتر بیر لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە. بۆیە ئەو بەرژەوەندییە، لە پێش هەموو پشتگیری و بیروباوەڕێکی مرۆڤایەتییەوە دادەنێن.
لەبەرئەوە، هەرچەندە سەرکردایەتی گەلی کوردی ڕۆژاوا و سەرانی دەوڵەتی (سوریا) ڕێکیش بکەون، هەر تێکدەچنەوە. چونکە وەک دەیبینین، دانیشتن و گفتوگۆی نێوانیان بەردەوامە، بەڵام هیزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (سووریا)، هەر هەلێکیان بۆ هەڵکەوێ، هێرش دەکەن و پەلاماری نیوچەکانی ڕۆژاوا دەدەن.
ئاشکرایە، لە بەرنامە و بیری ئیسلامی ڕامیاریدا، بە هیچ شێوەیە، دان بە مافە ڕەواکانی، گەلێکی موسوڵمانی بندەستی خۆیاندا نانین و هەر هێندە دەڵێن: هەموومان موسوڵمانین و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئیسلامیدا، پێکەوە دەژین. کەچی گەر گەلێکی موسوڵمان، لەژێر دەستی گەلێکی دیکەی نا موسوڵماندا بێ، ئەو کاتە بە هەموو توانایانەوە، پشتگیری دەکەن و یارمەتیدەدەن، داوای سەربەخۆیی تەواو و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ دەکەن. لەبەرئەوە موسوڵمانەکان بە گشتی و ئیسلامی ڕامیاری بە تایبەتی، ئایینەکەیان لەنێو دڵ و دەروون و مێشکیاندا، ڕەگێکی بەهێزی داکوتاوە، لەبەر تیشکی بەرژەروەندی و سەرکەوتنی ئەو ئایینەدا، بڕیار لەسەر هەموو جۆرە ڕووداو و کارەساتێکی نەتەوەیی و جیهانی دەدەن. بەڵام پێویست ناکا، لە هەموو بۆنە و کاتێکدا، ئەو هەستە دەربڕن، بەڵکوو بە دڵ و بە گیان، بۆ بەدیهێنانی تێدەکۆشن. ئەم هەست و بیرە نامۆ و لاوازەش، بە هەموو شێوەیە، لەگەڵ بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا، جیاوازە و ناگونجێ.
هەر بۆ نموونە، ئیسلامی ڕامیاری، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و لە (کوردستان)یش، بە هەموو شێوەیە، پشتگیری ڕژێمی ئیسلامی (سووریا) دەکەن و دژی هێزی شەڕەوانە کوردەکانی ڕۆژاوان. ڕۆژی (24. 1. 2026) سەرێکم لە مزگەوتی (شێخ سەلام) دا، تێرۆریستێکی نەزانی خۆفرۆش و جاشبیریكی ئیسلامی ڕامیاری، لە بێدەسەڵاتی و لە داخاندا، بە خەتێکی ناشیرین و پڕ لە هەڵە، بە گەورەیی و بە ڕەنگێکی ڕەش، لە دەرگەی ئاودەستەکەی نووسی بوو:Bottom of Form
(خەڵکینە بە سۆزی نەتەوایەتی مەخەڵەتێن مەظلوم عەبدی کۆمۆنیستە دوای سەرەی بنەماڵەی بارزانیە جاش جولەکە دەبێت لەناوببرێت و هەرێم ئاشبەتاڵ)
هەڵبەتە بە ئەو نووسینەدا دیارە، ئەوەی ئەو چەن وشە قێزەونەی نووسیوە، جگە لە جاشبیرێکی سەر بە ئیسلامی ڕامیاری سەرلێشێواو، یا موسوڵمانێکی ساویلکەی نەزانی، بێ هەست و هۆشی نەتەوەیی، کەسی دیکە نییە. ئەمەش نموونەی ئەو چەن وشە بێ سەروبەر و دژایەتیکردنەی، ڕاپەڕین و بەڕەنگابوونەوەی، هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژاوایە.
سەرکەوتن بۆ نەتەوەی کورد بە گشتی و گەلی ڕۆژاوای (کوردستان) بە تایبەتی، مردن و سەرشۆریش، بۆ دوژمنانی نێوخۆ و داگیرکەرانی (کوردستان)