چی دیکه ئه‌زموونه قێزه‌ونه‌که‌ی میره‌کانی (بابان)، چه‌ن باره‌مه‌که‌نه‌وه!
جه‌نگی نێوان برا دوژمنه‌کانی باشووری (کوردستان)
جه‌نگی کوردکوژی، له مێژووی هاوچه‌رخی گه‌لی کوردی باشووری (کوردستان)دا، مێژوویه‌کی زۆر پۆخڵی هه‌یه. سەرەتا له‌نێوان ساڵانی (1963-1964)، ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی، له‌نێوان ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی (پ. د. ک.) و خوالێخۆشبوو (بارزانی)دا سه‌ریهه‌ڵدا، ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران)یش، له قووڵکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کاندا، ده‌ستێکی باڵای هه‌بوو.
هەرچەندە ئەو دوو لایەنە جەنگخوازە، لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، یا ڕەوشی (کوردستان) و ناوچەکە، هێندێ جار ڕێککەوتوون و ئاگری جەنگەکە کوژاوەتەوە. بەڵام زۆر بەداخەوە، زۆری نەخایاندووە و هەمدیسانەوە، تێکچوونەتەوە و جەنگە چەپەڵەکەی نێوانیان، بە خراپترین شێوە دووبارە و چەن بارە بووەتەوە.
که‌واته ئه‌م جه‌نگه مەترسیدارە نەگریسە، به پیلانی داگیرکه‌ران هه‌ڵگیرساوە، سه‌ره‌تا هه‌ر له‌نێوخۆی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی (پ. د. ک.)دا بوو، پاشان بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی (کوردستان)یش ته‌نیوەتەوە، بۆیە به چه‌ن قۆناغێکی هه‌ستیار و پڕ مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕبووە:
یه‌که‌مین قۆناغ: له ساڵه‌کانی نێوان (1966-1970)دا، له‌نێوان هێزه‌کانی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی) ده‌سیپێکردووە. لایه‌کیان به یارمه‌تی (ئێران) له شاخ، لاکه‌ی دیکه‌شیان به پشتیووانی (عیراق) له شاره‌کان، له یه‌کدی به‌ربوون. بەڵام ڕێککه‌وتننامه‌ی ڕۆژی (11 .3. 1970)ی به‌سه‌رداهات، خوالێخۆشبوو (بارزانی)، لێبووردنێکی گشتی ده‌رکرد و هه‌ردوو باڵه‌که تێکه‌ڵاوبوونه‌وه.
دووه‌مین قۆناغ: ساڵی (1976-1986) له شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، له لایه‌که‌وه جه‌نگه‌که له‌نێوان هێزه‌کانی (پ. د. ک.) و (ی. ن. ک.)، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، له‌نێوان (ی. ن. ک.) و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا (سۆسیالیست، پاسۆک، کۆمۆنیست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) ده‌ستیپێکرده‌وه و نزیکه‌ی (10) ساڵ به‌رده‌وامبوو، تا پڕۆسه‌کانی (ئه‌نفال) و ژاربارانی هێندێ نێوچه‌ی (کوردستان)، پشتی هه‌موو لایه‌کی نه‌شکاند، (ئێران)یش له‌نێوان لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کاندا، ناوبژی نه‌کرد، کۆتایی نه‌هات!
شایانی باسه، پڕیشکی ئاگری ئه‌م جه‌نگه نێوخۆییە نه‌گریسه، خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان)یشی گرته‌وه، به ده‌ستی ئاخونده شیعه‌کانی (ئێران)، جه‌نگێکی چه‌په‌ڵی ناڕه‌وا، له‌نێوان هێزه‌کانی (پ. د. ک.) به یارمه‌تی سوپای پاسداران، دژی پێشمه‌رگه‌کانی (حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران) به‌رپابوو.
سێیه‌مین قۆناغ: له‌نێوان ساڵانی (1994-1998)دا بوو. ئه‌م جه‌نگه‌ی ئه‌م جاره، به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران) و (عیراق)، به ناڕاسته‌وخۆش ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (توورکیا)، ده‌ستیان له هه‌ڵگیرساندنیدا هه‌بوو، به ئاره‌زووی دڵی خۆیان و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبەتییە گڵاوە‌کانیان، ئاشی جه‌نگه چەپەڵەکه‌یان ده‌گێڕا. *
جگه له ئه‌وه‌ی، ئه‌م جه‌نگه له هه‌ردوو جه‌نگه‌کانی قۆناغه‌که‌ی پێشووتر، به‌رفراوانتر و مه‌ترسیدارتر بوو، چونکه له (کوردستان)ێکی نیمچه ئازاد و نیمچە سه‌ربه‌خۆ، جەنگەکە بە فیتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمان هەڵگیرساوە. لەبەرئەوە هه‌موو کونوقوژبنێکی وڵاته‌کەمانی گرتە‌وه، به زۆریش له‌نێو نێوچە ئاوه‌دانه‌کانی گوند، شارۆکه، شارۆچکه و شاره‌کاندا ڕوویداوە، نێوچه‌ی جوگرافیای هه‌رێمی باشووری دووله‌تکردووە، دوو ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی جەنگباز، دوو میرنشینی (سه‌وز) و (زه‌رد)، لە هەدروو پارێزگەی (سولەیمانی) و (هەولێر) دامه‌زراوە.
ئه‌م نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانییه، ئه‌م جه‌نگه قڕێژه کوردقڕانه‌ی ئه‌م جاره، ماوه‌ی هەشت ساڵی خایاند، به سه‌دان ڕۆڵه‌ی جه‌ربه‌زه و ئازای کوردی، تێدا کوژرا، تا سەرانی زلهێزێکی وه‌ک (ئه‌مێریکا)، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا فریاکه‌وتن، نێوبژیانکرد و ئاوێکیان، به شاڵاوی گڕی ئه‌و ئاگره‌سووره‌دا کرد. هەرچەندە ئێستەش، ئەو دوو هێزە سەرەکییە (پارتی) و (یەکێتی)، هەر ناکۆکن، لەسەر زۆر شت ڕێک ناکەون و پێوەندیان زۆر خراپە، بەڵام تا ئێستە، هێشتا پەلاماری یەکدیان نەداوەتەوە و جەنگە خۆکوژییەکەی نێوانیان بەرپانەبووەتەوە!
هه‌ر پێش ئه‌م جه‌نگه‌ش بوو، به فه‌رمانی هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تی (ی. ن. ک.) و (پ. د. ک.)، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی باشووری (کوردستان) کۆبوونه‌وه، یه‌که‌مین بڕیاری خوێناوییان ده‌رکرد، ڕۆژی (1. 10. 1992)، به پشتیووانی تانک و تۆپه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (توورکیا)، په‌لاماری هێزه‌کانی گریلای (پ. ک. ک.)یان داوە و کوردێکی زۆری تێدا کوژراوە. **
تێبینی:
**ڕۆژی (2. 7. 1999) لە (قەڵاچوالان)، چاوم بە خوالێخۆشبوو (مام جەلال) کەوت. لەسەر داوای (مام)، لە دیدارەکەدا کاک (نیاز سەعید) لێپرسراوی پەیمانگەی کادێرانیش ئامادەبوو. ماوەیەکی زۆر دانیشتین و بە درێژی، باسی زۆر بابەتمان کرد. من سێ بابەتەم باسکرد. هێندەی پێوەندی بە ئەم باسەوە هەبێ، یەکێ لە ئەو بابەتانە، سەبارەت بە گرفتی دووبەرەکی و دوو دەسەڵاتەکەی هەرێم بوو، گوتم: (کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بگرن، نوێنەری هەموو پارتەکانی باشووری کوردستان بانگکەن، هەروەها دەتوانن، هێندێ لە مامۆستایانی زانکۆ، پیاوانی ئایینی، کەسایەتی و نووسەرانی کوردیش بەشداربن، کێشەی دوو فەرمانڕەوایی و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی باسبکەن، بەڵکوو بە هەموو لایەک، چارەسەرێ بۆ ئەم ڕەوشە نالەبارە بدۆزنەوە، گەر پێویستیشی کرد، من دەمێنمەوە و بەرنامەیەکی تێروتەسەل ئامادەدەکەم.
گوتی: زۆر باشە، بەڵام پارتی نایەت.
گوتم: ئێوە هێندەتان لەسەرە، نامەیەکیان بۆ بنێرن و بانگهێشتیانبکەن، گەر هەر نەهاتن، ئەوا ئەو دەستپێشخەرییە دڵسۆزانەیە، بۆ ئێوە جێی شانازییە و بێ ئەوانیش دەتوانن، کۆنگرەکە بگرن، ڕوو لە ئامادەبووان بکەن و بڵێن: ئێمە ویستمان، کێشەکانمان بە دیالۆگ چارەسەربکەین و کوردستان یەکخەینەوە، بەڵام پارتی نایەت و نایەوێ، ئێوە دەڵێن چی؟ ئەو کاتە بەشداربووانی کۆنگرەکە، هەڵوێستێکی دیکەیان دەبێ.
گوتی: ئێمە لە ڕووی سەربازییەوە، لە پارتی باشترین و دەرەقەتمان نایەن، بەڵام نامانەوێ، چی دیکە شەڕی براکوژی بکەین، بیرێکی لێ دەکەمەوە.)
سەرچاوە: 21 کەسایەتی کورد، 2020، لاپەڕە 170-172
** سه‌باره‌ت گه‌له‌کۆمه‌کییه سێقۆڵییه‌که‌ی (پ. د. ک.، ی. ن. ک. و توورکیا)، دژی گریلاکانی (پ. ک. ک.)، گوتاری (بڕیارێکی خوێناویی)م نووسی، ڕۆژی (17. 10. 1992) له ڕادوێی کوردی (سپۆنگه)ی شاری (ستۆکهۆڵم) خوێنرایه‌وه. پاشان له‌گه‌ڵ چه‌ن گوتارێکی دیکه‌ی دژی جه‌نگی کوردکوژی، له په‌رتووکی (پێنج گوتاری غه‌مگین)دا کۆمکردنه‌وه، لە لاپه‌ڕه (21-32)و ساڵی (1994) چاپ و بڵاومکرده‌وه.
*** ئەم گوتارە، ڕۆژی (2016. 2. 26) واتە (10) لەمەوبەر، لە هۆکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکراوەتەوە، بە داخەوە ڕەوشی باشووری (کوردستان) خراپتربووە، باشتر نەبووە!