بیروباوەڕی فیدراڵیزم، دوای (یاسای پارێزگەکان، ناناوەندێتی بەڕێوەبەرێتی نێوخۆێی و ئۆتۆنۆمی نێوخۆیی)، بە چوارەمین جۆری مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان دەژمێررێ. پاشان (ئۆتۆنۆمی نێودەوڵەتی، کۆنفیدراڵی و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال) دێ.
کەواتە سیستەمی فیدراڵ، وەک یەکێ لە مافەکانی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، وەک سیستەمێکی فەرمانڕەوایی دەتوانێ، چەن گەلێکی جیاواز، لە سنووری چوارچێوەی یەک دەوڵەتی فرە نەتەوە و نیشتماندا کۆبکاتەوە. هەر گەلێکیش لە ئەو گەلانە، لە سنووری دیاریکراوی هەرێمەکەی خۆیاندا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ، فەرمانڕەوایی خۆی بکا و بە ئازادی بژی، گەر نەتەوەی باڵادەست، باوەڕێکی تەواوی، بە سەرەتاکانی دێمۆکراسی ڕاستەقینە، ئازادی و مافی مرۆڤ هەبێ، دانیش بە مافی چارەنووسی گەلەکاندا بنێ!
بیروباوەڕی فیدرالیزم، بیروباوەڕێکی گەلێ کۆنە، لە پێش زایینەوە پەیدابووە و تا ئەوڕۆش، لە هێندێ وڵاتانی جیهاندا، بە شێوە و نێوەڕۆکی جیاواز، کاری پێ دەکرێ و بە شێوەیەکی بەردەوامیش لە گۆڕان دایە.
یەکێ لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، لە (یەکێتی) و (سەربەخۆیی) پێکهاتووە. واتە لەلایەکەوە، هەرێمە فیدراڵەکان هەموویان پێکەوە بەسراون و لە یەکدی جیانابنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، هەر هەرێمێ سەربەخۆیی نێوخۆیی تایبەتی خۆی هەیە.
لە دەزگە ناسراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، چ لەسەر ئاستی میری هەرێمەکان و چ لەسەر ئاستی دەوڵەتی فیدراڵ بێ، لە (3) دەسەڵاتی جیاوازی (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگەری) پێکدێن. ئەوڕۆش گەلێ دەوڵەت هەن، سیستەمی فیدراڵ پێڕەودەکەن، وەک (ئەمێریکا، کەنەدە، سویسرە، ئەڵمانیا، ئەرژەنتین، مەکسیک، ڤنزەوێلا، نێجیریا، هێندستان، یەکێتی میرنشینەکانی عەرەب ...)
لە ڕاستیدا، دیاریکردنی ئەرکەکان، دەسەڵات و تەرخانی تایبەتی، لە هەر یەکێ لە میریی هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدراڵ، بە یەکێ لە هەرە گرفتە سەرەکییەکانی سیستێمی فیدراڵ دادەنرێ. چونکە گرفتە گەورەکە لە ئەوە دایە، تا چەن دەزگەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، خۆیان بە دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی فیدراڵەوە دەبەستنەوە و پێوەی پابەندەبن، لێی لانادەن و پاشگەزنابنەوە!
چونکە هێندێ جار، هێندێ لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی فیدراڵ، لەژێر پەردەی بەرژەوەندی گشتی، پاراستنی یەکێتی قەوارەی دەوڵەت، چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشدا، بیروباوەڕی تەسکی نەتەوەیی شۆڤێنیستانە و ڕەگەزپەرستانەی خۆیان، بەسەر یەکێ لە گەلانی هەرێمی نێو کۆمارە فیدراڵەکەدا تێدەپەڕێنن، بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی ڕاست و ڕەوایان هەبێ، دەست لە کاروباری نێوخۆی هەرێمە فیدراڵەکان وەردەدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا، لە دەسەڵاتی هەرێمە فیدراڵەکان کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوە هەڕەشەیەکی گەورە، لە چارەنووسی گەلانی نێو دەوڵەتەکە و ئاییندەی میریی هەرێمەکان دەکا. بۆ نموونە: کۆمارە فیدراڵەکانی (یەکێتی سۆڤێت، چیکۆسلۆڤاکیا، یۆگۆسلاڤیا، سۆدان، سپان ...)، جۆری پیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکان، لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بۆیە هەر هەموویان هەرەسیانهێنا و هەڵوەشانەوە!
ساڵی (1996)، لە چاپی یەکەمی پەرتووکی (فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ)دا، بە درێژی باسی (جۆری پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و میری هەرێمەکان)م کردووە. لێرەدا هێندەی پێوەندی، بە ئەم باسەوە هەبێ، هێندێ کۆپلەی لێ وەردەگرم.
)هەر هەرێمێ لە سنووری دەسەڵاتی یاسایی و دەستووری خۆیدا، بە هاوکاریکردن لەگەڵ میریی فیدراڵ، کارەکانی خۆیان ڕادەپەڕێنن. پێکەوە هاوکاری لە درووستکردنی بەڕێوەبەرێتی باڵای دەوڵەتی فیدراڵدا دەکەن. لەنێو پەرلەمانی فیدراڵدا، هەموو یاساکان دادەنێن، بڕیارە نێوەندییەکان دەردەکەن. ئەم کارەش لەلایەکەوە، لە ڕێی بەشداربوونی نوێنەری گەلانی هەرێمەکانەوە، لە دەزگە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتی فیدراڵدا دێتەکایەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای هەرێمەکانەوە جێبەجێدەکرێ. بە مەرجێ ژمارەی نوێنەری میری هەرێمەکان، لە ئەنجوومەنی باڵادا چوونیەکبن، تا وەک یەک دەنگیان هەبێ.)*
ڕۆژی (18. 10. 2002) لە (قەڵاچوالان)، چاوم بە (جەلال تاڵەبانی) کەوت. سهبارهت به دهوڵهتی فیدراڵ گفتوگۆمانکرد. من گوتم: ئەم فیدراڵییەی ئێمە بێ وێنەیە، چونکە لە جیهاندا نەبووە و نەبیسراوە، دهوڵهتێ تهنیا ههرێمێکی فیدراڵی بێ و نێوچهکانی دیکهشی، جۆره سیستهمێکی سەنترالیزمی دیکتاتۆری بێ.
ئەویش به دهنگێکی بهرز گوتی: ئهی تۆ چی پێشنیازدهکهی؟
گوتم: (عێراق) دهبێ، بهسهر سێ ههرێمی فیدراڵدا دابهشکرێ. یهکهم (کوردستان)ی فیدراڵ، نێوچهی سووننهنشینهکان و شیعهنشینهکانیش له نێوهڕاست و خوارووی (عێراق)، دوو میریی فیدراڵ بۆ خۆیان دامهزرێنن. ئەگینا ئەو فیدراڵییەی ئێمە، هێز و توانای نابێ، چونکە عەرەبەکان زۆربەن و ئێمە کەمینەین. ئەو کاتە ئەنجوومەنێکی فیدراڵ دادەمەزرێ، هەر سێ هەرێمە فیدراڵەکە، وەک یەک دەنگیان دەبێ، زۆرینە و کەمینەی نەتەوەیی نامێنێ!
گوتی: جا ئێمە بچین، بە سووننەکان بڵێین، ئێوەش داوای فیدراڵی بکەن؟!
گوتم: بەڵی. لەپێناوی بەرژەوەندی خۆماندا دەبێ، هانیانبدەین.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە دەستووردا نووسیومە: (هەر گۆڕانێ لە دەستووری دەوڵەتی فیدراڵدا بکرێ، دەبێ، میری هەرێمەکان لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە، بەشداری تێدا بکەن و ڕەزامەندی پەرلەمانی هەرێمەکان وەرگرن، تا ئەو گۆڕانکاریانە، بە تەنیا لە بەرژەوەندی دەوڵەتی نێوەندا نەبێ و بە ئارەزووی خۆیان، دەسکاری سیستێمی یاسایی، قەوارەی ڕامیاری و ڕووبەری جوگرافیای میریی هەرێمەکان نەکەن.) *
بەڵام پەرلەمانی (عێراق)، دەسکاری بودجەی ساڵانەی هەرێمی (کوردستان)ی کرد و کەمیکردەوە، بێ ئەوەی عەرەبە شیعەکان، گوێ لە نوێنەرانی کورد بگرن و پرس بە میری هەرێمی (کوردستان)یش بکەن!
سەرچاوە: فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ، چ1، سوید، 1996. چ2، سولەیمانی، 1996. چ3، سولەیمانی، 2004.