نووسەر و مامۆستای زانکۆ
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، پۆلێکی قوتابخانەیەکی سەرەتایی پیشاندا، ((30 خوێندکاری مناڵکاری تێدا بوو. کاتێ مامۆستا هاتەپۆلەکەوە، تەماشای کرد، لەسەر تەختەڕەشەکە، بە عەرەبی نوسراوە: (یسقط صدام)، واتە (بڕوخێ سەددام). بەڵام هەرچەندە مامۆستاکە خەریکبوو، تا بزانێ، کێ ئەوەی نووسیوە، هیچ کەڵکی نەبوو، چونکە کەس وەڵامی نەدەدایەوە.
لە ئەنجامدا ئەوە بوو، بە فەرمانی دیکتاتۆرێکی بێ بەزەیی وەک (سەددام)، هەر ((30 خوێندکارەکەیان لە سێدارەدا. ئاخر هەر کەسێ ئاوات بە سەردەمی (سەددام) بخوازێ، سەر بە هەر گەلێکی جیاوازی (عێراق) بێ، هەڵبەتە هەستی مرۆیی نییە، بەڵکوو لە ئاژەڵێکی بێ هۆش و گۆش نەبێ، لە هیچی دیکە ناچێ!
ئەوە سەردەمی دەسەڵاتی (بەعس) و سەرۆک (سەددام) بوو، کە خەڵک ئەوڕۆ، لە تاو زۆرداریی و بێدادی، ناڕەوایی و هەژاری، خۆزگەم بە ئەو سەردەمەی دیکتاتۆرێکی فاشی ڕەگەزپەرستی شۆڤێنی دەخوازێ. ئەو پیاوە تاوانبارە گەورە شۆڤێنی و کوردکوژەی:
- کیمیابارانی شاری (هەڵەبجە)ی کرد و لە ماوەیەکی کەمدا، ((5 هەزار مناڵی کوڕ و کچ، ژن و پیاو، نەخۆش و پەککەوتەی کوشت، هەروەها کیمیابارانی هێندێ نێوچەی دیکەی (کوردستان)یشی کرد.
- ئەو دوژمنە سەرسەختە گەورەیەی، زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی باشووری (کوردستان)ی ڕوخاند و دانیشتووانەکەشی، بۆ خوارووی (عێراق) گواستەوە.
- جگە لە ئەوەی، جەنگێکی درێژخایەن و سەختی، لەنێوان ساڵانی ((1980-1988 دژی (ئێران) هەڵگیرسان، نزیکەی یەک میلیۆن کەس، لە دانیشتووانی هەردوو وڵات (عێراق) و (ئێران) کوژران.
- هەروەها ساڵی (1988)، پەلاماری دەوڵەتێکی سەربەخۆی وەک (کوەیت)ی دا و داگیریکرد، بە هەزاران خەڵکی هەردوو وڵاتەکە تێداچوون، تا بە گەلەکۆمەکی (30) دەوڵەتی گەورە و گچکەی جیهان و عەرەبی پەلاماریاندا و لە (کوەیت) دەریانپەڕاندن، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکە و سوپاکەی (سەددام)یش کوژران.
کەچی ئێستە، هێندێ کەس لە دانیشتووانی (عێراق) و (کوردستان) بە کورد و عەرەبەوە، ئاوات بە سەردەمی (بەعس) دەخوازن و تاوانبارێکی مرۆکوژی فاشی وەک (سەددام)یش، بە ئازا و گەشمردە دەزانن!
ئاخر ئەوە، ئەو سەرکردە گەورە و ئازایەی (عێراق) و نەتەوەی عەرەب بوو، کاتێ لێی قەوما و ئاشبەتاڵی لێ کرد، لە کونێکی قوڵی ژێرزەویدا، خۆی حەشاردابوو، بە هیچ شێوەیە، هەستی مرۆیی و نەتەوەیی نەبوو، ئەو هەموو زیانە مەزنەی، لە ڕۆڵەکانی گەلانی بێدەسەڵاتی کورد، عەرەب و ئێران دا، بە سەدان هەزار کەسی، بە خۆڕایی لەنیوبرد، کەچی هێشتا هێندێ کوردی کەلەپوت هەن، ئاوات بە سەردەمی (سەددام)ی بێ ڕەوشت دەخوازن! لە ئەوە دەچێ، کیمیابارانی (هەڵەبجە) و ئەنفالە بەدناوەکانیان بیرچووبێتەوە!
لە کۆتاییشدا زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئەوانەی ئاوات بە ئەو سەردەمە خوێناوی و قەلاچۆکردنی گەلی کورد دەخوازن، ئەم کاتە و هەموو کاتێکی دیکەیان، لە هەموو ژیانیاندا ناخۆشتربێ!